خالد ڕەنجدە: نامەیەك بۆ نەوشیروان مستەفا.. ئێمە بە یەكەوە بەھێزین

0

نامەیەك بۆ نەوشیروان مستەفا
خالد ڕەنجدە
ئێمە بە یەكەوە بەھێزین
دوای ڕێز و حورمەت
ھۆكاری ناردنی ئەم نامەیە زیاتر گرژ بونی پەیوەندی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان و، ھەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەكانی مێژوی ئەم گەلەیە.
من پێموایە لە سەرەتای سەرھەڵدانی جەنابتان و بزوتنەوەی گۆڕان ھیوایەكی گەورە ھەبو كە نەریتی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان گۆڕانكاری تێبكەوێت. زۆر كەسی تریش جەنابتیان وا خوێندەوە كە ئیتر پشتت كردۆتە ئەزمونە تاڵەكانی ڕابوردو و زەمینە بۆ ئەزمونێكی نوێی سیاسی و پێكەوە ژیان ساز دەكەیت. خەڵكێكی زۆر پێیان خۆشبو چ وەك ئەندام و چ وەك لایەنگر لە دەورت خڕ ببنەوە و پشتت بگرن و، كردیشیان. ڕاستە ھەندێك كەس لەبەر ئەوەبو كە تۆ و گۆڕان بەرامبەر بە یەكێتی وەستانەوە، بەڵام زۆربەی خەڵكی ھیوایان پێت بو و، ئێستاش ھیوایان پێتە.
من وەك كوردێكی دڵسۆز بۆ میللەتەكەی و وەك كەسێكی خاوەن ئەزمون ترسی خۆمت بۆ ئاشكرا دەكەم لە گەڕانەوە بۆ سەردەمی ناكۆكی و دژایەتی ناوخۆ كە بەڕاستی بوە ھۆی ماندوكردنی میللەتەكەمان و ڕواندنی تۆوی دوبەرەكی و ناتەبایی.
ئێمەی كورد ئێستا لەسەر چەقی دوڕێیانێكین، یان دەبێ ناكۆك بین و دەستەویەخەی یەكتر ببینەوە وئەزمونی تاڵی ساڵانی ڕابوردو دوبارە بكەینەوە، یان تەبابین و ھەمومان چاومان لەسەر ئەو سنور و ڕێچكانە بێت كە مەترسی لەسەر ھەرێم دزەیان لێوە دەكات. ئێمە نابێ كوڕی خۆمان بكەین بە قوربانی كچی خەڵكی با درواسێشمان بن. ئێمە دراوسێیەكمان دەوێ ھەمو ئەو مافانەی بۆ خۆی بەڕەوا دەبینێ بۆ ئێمەشی بەڕەوا ببینێت. ناكرێ ھەر ئێمە بە ئاگری بەرژەوەندی ھێزەكانی دور و نزیك بسوتێین و، نەتوانین ئەو دەوڵەتە دروست بكەین كە خۆمان دەمانەوێت.
ئەوەی من ماوەیەكە ھەستم پێكردوە ھەوڵدانە بۆ دروستكردنی دو تەوەر لە ناوچەكە و لە عێراقدا. گومانی تێدا نیە كە كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆماری توركیا ھەڵسوڕێنەری سەرەكی ئەو دو تەوەرە دەبن. جەنابتان وەك سیاسەتمەدارێكی شارەزا و بە ئەزمون، پێش ئێمە درك بە مەترسیەكان دەكەن. خۆ لانەدانی كورد لەو دو تەوەرە یان ژیرانە مامەڵە نەكردن لە گەڵیاندا گومانی تێدا نیە دەمانگێڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەكان كە لە گەڵ ڕێزمدا بۆ سەرانی كورد ناوی لێنرابو سەردەمی (جەلالی و مەلایی).
شەڕی ھەشتا و نەوەتەكان لە نیوان یەكێتی و پارتیدا كوردیان نەبردەوە بۆ ئەو سەردەمە، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ جەنابتان و سەرانی تری ھەرێم زۆر ژیرانەتر بیر نەكەنەوە من دڵنیام دەگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە و بەدەستی خۆمان وڵاتی خۆمان كاول دەكەین و ئابوری و ژێرخانی ئابوری خۆمان و نەوەی داھاتومان دەڕوخێنین.
ڕاستە لە ھەرێمدا حیزب دەسەڵات ئاڕاستە دەكات و سەدان كێشەی لێ كەوتۆتەوە. ئێمە دەبێ واقیعیانەتر سەیری پرۆسەی سیاسی و ئیداری ھەرێم بكەین. لە لێدوانی ھەندێك لە بەرپرسەكانی گۆڕان ھەست پێدەكرێت كە تەنھا پارتی دەسەڵات دەكات بە دەسەڵاتی بنەماڵیی. بەڵام ئێمە دەبێ ئەوەشمان لە یاد بێت یەكێتیش و ھەندێك لە ئیسلامیەكانیش خاوەنی بیروھزری دەسەڵاتی بنەماڵەیین و كاریشیان لەسەر كردوە. ڕەنگە لەناو گۆڕانیشدا خەڵكانێك ھەبن كە ھەڵگری ھەمان بیروھزر بن.
من پێموایە ئەو مەترسیەی وا خەریكە ڕومان تێدەكات زۆر لە مەسەلەی تێكەڵبونی سنوری حیزب و دەسەڵات لە لایەك و، ململانێی سیاسی لە لایەكی ترەوە، گەورەترە. تكای من و ھەزاران دڵسۆزی تر لە كوردستان و دەرەوەی كوردستان ئەوەیە كە جارێ ناكۆكیەكان بخەنە لاوە و سەری برینە كۆنەكان ھەڵمەدەنەوە. دەستی برایەتی و تەبایی بخەنە ناو دەستی یەكتر بۆ ئەوەی دوژمنەكانمان دڵیان بە پەرتەوازەیی ئێمە خۆش نەبێت.
ئێمە ساڵانێكی زۆر بو سەرقاڵی كێشە و ململانێی توندوتیژی نێوان پارتی و یەكێتی بوین. ئەوە چەند ساڵێكە دەستی ترس و دڵەڕاوكێمان لەسەر دەڵمان ھێناوەتە خوارەوە. نامانەوێ لە داھاتودا منداڵەكانمان ببنە میراتگری ئەو دیاردەیە و لە لاپەڕەی كتێبە مێژوییەكانیاندا ناوی گۆڕان بخەنە جێی یەكێتی و، لەو كوردستانە ڕەنگینەدا تەنھا گۆران و پارتی ببینن. ئێمە دەمانەوێ گۆڕان و پارتی و یەكێتی و ئیسلامیەكان و ھەمو ئەوانەی كە دڵسۆزن لە كۆمەلگەیەكی ھەمەڕەنگدا بزاڤی خۆیان بكەن و لە مەیدانی جوانی كوردستاندا ھەمو لایەن و حیزبەكان ئازادانە ئەسپی سیاسی خۆیان تاوبدەن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com