رۆژئاوای کوردستان
بارزانی و دەست پێشخەرییەکی ئەڵماسی
رزگار رەزا چوچانی .سوید
کورد ئەو نەتەوەیە کە بەدرێژایی هەموو مێژوو، قوربانی پیلانی گەورەی جیهانی و قوربانی نەزاندووی و خۆخۆری و بەکەمبینی خۆی بووە، دابەشبوونی بەسەر چەند وڵاتێکدا بەرهەمی پیلانە جیهانییەکەیە لەدژی و مانەوەشی بەژێر دەستی بەرهەمی پەرتەوازەیی و نەزاندووی و خۆخۆری و خۆ بەکەبینی خۆی بووە.
بەدرێژایی مێژوو لەکاتی ژێر دەستەبوونیشی هیچ وڵات و هیچ هێزێک توانای نەبووە، رۆحی کورد دەستەمۆ بکات و ئیرادەی یاخی بوونی بکوژێت، ئەکرێ بڵێین چۆن کوردبوون و کوردستانی بوون خاڵکی هاوبەشی هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە بووە، ئیرادەی یاخی بوونیش ویستی هاوبەشی هەموو بووە، بەڵام دەگمەن کورد لەئاستی ئەوە بووە، لەسەر خاڵە هاوبەشەکان و ویستە هاوبەشەکان، تێکۆشانی هاوبەش بخولقێنێت، بەئاراستەی گەشتنە ئامانج، ئاخر مانەوەی کورد بەهاوبەشی لەژێر ناوی کوردبووندا یان لەچوارچێوەی کوردستانی بووندا کاری خۆ کردەی کورد نییە، بەڵکو بەشێک بووە لەناچاری، ئەگەرنا رەنگە تەگەرە بۆ ئەم هاوبەشیەش لای خودی کورد خۆیەوە دروست بکرایە و پەرتەوازە بوون رووی بدایە، وەک چۆن هەموو کات لە هەوڵدان بۆ یەکخستنی ئیرادەی یاخی بوونی هاوبەشانەی کورد پەرتەوازەبوون روویداوە.
بەدرێژایی مێژوو دەرفەتی زۆر گەورە بۆ کورد بەدیهاتووەو کوردیش دەرفەتی زۆر گەورەی لەکاتە مەحاڵەکاندا دروستکردووە، بەڵام ئەنجام هاوشانی رێگری نێودەوڵەتی بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەکان لەلایەن کوردەوە بە قازانجی خۆی وەک نەتەوەیەک، پەرتەوازەیی و یەک نەبوونیشی زۆرینەی دەرفەتەکانی لەدەست داوە، و بەزیانی خودی کورد تەواوویکردووە.
با لەمێژووی دوور بگەڕێین، با باسی هەموو دەرفەتە لەدەستچوووەکانی باشورو رۆژهەڵات و باکوری کوردستان نەکەین و قسە لەدەرفەتی ئانی بکەین، ئەو دەرفەتە زێڕینەی ئێستا بۆ کورد وەک نەتەوەیەک هاتۆتە پێش، کە بەرەو هەرەس چوونی رێژمی سوریا و رزگاربوونی رۆژ ئاوای کوردستانە.
رزگاربوون یان بەرەو رزگاریچوونی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، تا پێش راپەڕینەکانی عەرەب لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکانیان کەمتر جێی باس و قسەبوو و کەمتریش چاوەڕوانکراوبوو، ئەوەی زیاتر قسەی لەسەر دەکرا، کێشەی کوردبوو لە تورکیا، ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی جیهان بوو لەگەڵ ئێران و پەرتەوازەیی حزبەکوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بۆیە کەمترین ئامادەیش کرابوو بۆ هەر ئەگەرێکی رزگاربوونی کوردی رۆژ ئاوا، ئەم نا ئامادەییەی کوردیش وایکرد، سەرەتای راپەڕینی خەڵکی سوریا لەبەشار ئەسەد، پەرتەوازەیی هەوڵەکانی کورد لەئاستی ئاسایی تێپەڕی کردبوو، پاشاگەردانی تەواوو روویکردبووە هەوڵەکانی کورد، بەشێوەیەک نە لەئاستی سیاسی و نە لەئاستی هێز و نە لەئاستی دیپلۆماتی جیهانیش، کورد لەو ئاستە نەبوون کە خوێندنەوەو حسابیان بۆ بکرێت، وەک ئەوەی پەڕلەمانتارێکی کورد لەسوید باسی کرد، کاتێک کە کوردانی سوریا لەسەرەتای راپەڕینی خەڵکی سوریا هەوڵی دیپلۆماتیان دەدا، نوێنەری ١٦-١٧ گروپ و حزب دەچوونە کۆبونەوە لەگەڵ لایەنێکی دەرەکی، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە خۆ هەموویان یەک شتیان دەوێت کەمافی کوردەو دەکرێت بۆ ئەوەی کاریگەرتر دەربکەون، بەیەکگرتوویی نوێنەرێک بنێرن، ئەم پەرتەوازە بوونەی کوردی رۆژ ئاوا نەک هەر لە ئاستە دیپلۆماتییەکە زەربەی لەهەوڵەکانی کورد دابوو، بەڵکو لەگەڵ پەرتەوازەکردنی هەوڵە ناوخۆییەکان و گردبوونەوەو راپەرڕین و خۆپیشاندانەکانی کورد لە رۆژ ئاوا، مۆتەکەی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی کوردانیشی خستبووە حاڵەتی ئامادەباشی، کە لە نزیکترین کاتدا بینی کورد بگرێت و دەستیان بخاتە خوێنی یەک.
پەرتەوازەیی کورد نەک هیوای رزگاری بە کوردانی رۆژ ئاوا نەدەدا، بەڵکو دڵەراوکێی بۆ هەموو کوردانی بەشەکانی تریش خولقاندبوو، کە ئەمرۆ نا سبەی ئەزموونی تاڵی شەڕی ناوخۆی کورد لەو بەشەی کوردستانیش دووبارە دەکرێتەوەو ئەم دەرفەتە زێڕینەی ئازادبوونی کورد بە ئاراستە هەرە تراژیدییەکە کۆتایی پێدێت و بۆ هەتایە خەونی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان لەبار دەبات.
بەڵام خۆشبەختانە لەکاتی بێهواییەکان، لەکاتی چاوەڕوانی شەڕی ناخۆیی کوردانی رۆژئاوای کوردستان، لەکاتی چاوەڕوانی لەدەستچوونی ئەو دەرفەتە چاوەڕواننەکراوەی بۆ کوردانی رۆژ ئاوا هاتۆتە پێش، بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک هێز، وەک هیوا، وەک فریادرەسێک، لەو ناوەندەدا دەردەکەوێت و موعادەلەکە بەگشتی پێچەوانە دەکاتەوە، بێ هیوایی بۆ هیوا، شەڕ بۆ ئاشتی، پەرتەوازەیی بۆ یەکگرتن، لەدەستچوونی دەرفەت بۆ دەستگرتن بەدەرفەتەکەوە دەگۆڕیت، قەرەبووی هەموو نا ئامادەییەکانی پێشووی کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە، لەوکاتی کە کورد هەر گروپەو لە ئاوازێکی دەخوێند، بێ حسابکردنیان بۆ خێرا رۆشتنی کات و ئەگەری لەدەستچوونیان، رۆژی 11/7/2012 لەسەر دەستی مسعود بارزانی سهرۆكی كوردستان له سهڵاحهدین، لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی کوردی رۆژئاوا، دهستهی باڵای كوردی كه ئهركی دانانی سیاسهتێكی گشتی و سهركردایهتی كردنی كوردی رۆژئاوایە لهم قۆناغه چارهنووسسازهدا راگەیەنرا، بەمە کوردان بوونە یەک دەست، یەک هێز، بۆیە زۆریشی نەبرد ئەنجامی ئەم دەستپێشخەرییە ئەڵماسییەی بارزانی سەرەنجی میدیاکانی جهیانی بەلای پرسی کورد لەسوریا راکێشاو لە ئاستە جیهانییەکەش کوردی پشکداری سیناریۆکانی دوای ئەسەد کرد، ئەوەی بارزانی کردی ئەرکە مێژوویەکەی سەرشانی بوو وەک سەرکردەیەکی دیارو جێهوا، هەستکردن بەو مەسئولیەتە نەتەوەییەش لەلایەن بارزانی یەوە، دەکرێ جێی دەستخۆشی هەموو کورد بێ بەهەموو جیاوازییە سیاسییەکانیانەوە، چونکە ناکرێ کوردی بەشێکی کوردستان گەشتبە ئاستی شمشێر لەیەک سوان، گەشتبنە ئاستی ئەوپەڕی لاوازی بۆ قۆستنەوەی دەرفەتێکی ئەڵماسی، سەرکردەکانی کورد لەبەشەکانی تری کوردستان، بەناوی دەستێوەرنەدانەوە رۆڵی تەماشاکارێک بگێڕن، ئاخر دروستە نابێ کوردانی بەشەکانی تری کوردستان، خەریک بەدەستێوەردانێک بن، کە بەسویدی هەژموونی خۆیان لە رۆژئاوای کوردستان و زیانی کوردانی رۆژئاوا بشکێتەوە، بەڵام بێ مانا دەبێت، لایەنەسیاسییەکانی بەشەکانی تری کوردستان، بەناوی خۆ پارێزی لە دەستێوەردان هەوڵی دەستپێشخەری خێر و رێکخستنی ریزەکانی کوردی ئەو بەشەی کوردستان نەدەن، وەک ئەو سەیر و سەمەرەی کە لەجێی ئەوەی هانی ئەم جۆرە دەستپێشخەری و ئەم جۆرە هەوڵە مەزنانە بدرێت، مەلابەختیار سکرتێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەناوی پێشاندانی دڵسۆزی خۆی بۆ کوردانی رۆژئاوا، لەژێر پەردەی یاریکردن بەوشەوە لەم هەوڵە کەم دەکاتەوەو دەنوسێت”ئهركی سهرجهم هێزهكانه، بێلایهنانه له رۆژئاوای كوردستاندا رهفتار بكهن. دهستوهردان، بههۆی دهسهڵاتهوه، یان كۆنترۆڵی ناوچهیهكهوه، یان تواناو پارهو چهكدارهوه، سیاسهتێكی زیانبهخشه”، ئەوە جگە لەوەی بیریشی دەهێنێتەوە کورد دەبێت یەکگرتوو یەک هەڵوێست بن لەو بەشەدا، کۆمیدی تریش ئەوەیە، کە دەڵێت ئاراستەکان بەرەو شەڕی ناوخۆ دەچن و حزبەکەی ئەویش دژی دەستێوەردانە، ئاخر کورد ئەگەر گەشتبێتە ئەو ئاستەی کە نزیک بن لەلەدەستچوونی دەرفەتەکان، نزیک بن لەشەڕی یەکتر، چۆن دەکرێت سەرکردەی بەشەکانی تری کوردستان بێ لایەن بن و دەستتێوەردان بە ئاراستە خێرەکەدا نەکەن؟، ئەوە نەک دۆستایەتی نابێت بۆ رۆژئاوای کوردستان بەڵکو بینینی رۆڵی تەماشاکار خیانەتی گەورەی نەتەوەیی دەبێت بۆ سەرکردەکانی کورد و مێژوو وەک پەڕەیەکی رەش تۆماری دەکات.
بۆیە ناکرێ کورد بەهەموو جیاوازییەکانیانەوە ئەم دەستپێشخەرییەی بارزانی، بە دەستپێشەخەری ئەڵماسی ناو نەبەین و هەموو پێکەوە هاندەری سەرخستنی زیاتری هەوڵەکەی نەکەین، هانی کوردانی رۆژئاوا نەدەین دەست بەو هەوڵەی بارزانییەوە بگرن، پێیان نەڵێین دەستنەگرتن بەبەرهەمی ئەو دەستپێشخەرییە ئەڵماسییەوە کە رێزەکانی رێکخستن، دەرفەتەکان لەدەست دەبات و وڵاتەکەتان دەکاتە گومی خوێن، هانیان نەدەین دەست بەو هەوڵەی بارزاییەوە بگرن کە ئێستا بۆتە هەوێنی ئازادی بەشێکی کەمیش بێت لە رۆژئاوای کوردستان و بۆتە هیوای بۆ ئایندەیەکی گەشی ئەو بەشەی کوردستان و بۆتە دژە مۆتەکەی شەڕی ناوخۆی کوردانی رۆژئاوا.
..
تێبینی: لەوتاری پێشوو داوام کردبوو لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەستوەرنەداتە کاروباری کوردانی رۆژ ئاوا. لێرەش کەباسی زەرورەتی دەستێوەردان دەکەم، تکایە خوێنەر بە دوو رای پێچەوانە وەرینەگرێت، لەوێ مەبەستمە، بڵێم پارتێک لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، نزیک و هاوڕێباز و بگرە وەک بەشێک لە پارتی کرێکاران لێێ دەروانرێت، کە بەهۆیەوە تورکیا هەڕەشە لە رۆژ ئاوای کوردستان دەکات، لەوێ مەبەستم بووە بڵێم پارتی کرێکاران سەربەخۆیی تەواو بەو حزبە بدات و نەیخاتە بەرەی دژایەتی تورکیا، تا زیاتر سەرقاڵی کارو باری رۆژ ئاوای کوردستان بێت. واتە دەکرێت ئەویان ناو بنێنین بە دەستێوەردان بەلایانە نا باشەکەو ئەمیان بەلایەنە باشەکە. چونکە ئەویان تەرازووی هێز راناگرێت و دەچیتە لای لایەنێک و ئەمیان لایەنەکان رێکدەخات.
بۆ بینینی بابەتی پێشوو کلیک بکیە …………..
رۆژئاوای کوردستان.. بارزانی و دەستپێشخەرییەکی ئەڵماسی
0
Share.