
پەکەکەو خۆر ئاوای کوردستان
خوایە پەکەکە وانەکات
رزگار رەزا چوچانی . سوید
کاتێک بەناچاری دوور لەعاتیفەی کورد بوون لەزمانی مەنتقەوە ئەدوێی، زۆرن ئەوانەی کوردایەتی و پانکوردستانیت پێ ئەفرۆشنەوە، بەڵام ئەز، لەکوێ پێویست بووبێ لام، قسەم کردووە، ئیدی ئەوان چۆنی لێموەردەگرن ئازادن.
رۆژ ئاوای کوردستان دۆخێکی نەمەیوو هێزێکی بچووک و لەرزۆک کە ئەگەر دەستی نەگیرێت، ئەوە بەسەردا دەکەوێتە ئەرزو رەنگە لەدەست بچێت، کوردی رۆژئاوا ئەگەر ئامادە نەکرێت و دەستی نەگیرێت و هاننەدرێت بۆ یەکبوونی، بێگومان توانای بەرەنگاری سوپاسی ئازادی عەرەبی سوریاشی نابێت، نەوەک توانای رووبەڕوو بوونەوەی حکومەتێک، چ جای ئەگەر تورکیاش ئامادەبکەین بۆ پەلاماردانی ، ئەو دەم ئاخۆ ئەو بەشەی کوردستان ببێتە چ پۆڕێکی خوراو؟!، خۆ ئەمەش چاوەڕوانکراوە، چونکە ئەمرۆ ئەردۆگان هەڕەشەی کردوو هۆشداریدا رێگا بەکاریگەری پەکەکە نادەن لەو بەشەی کوردستان و ئەگەر بونیان هەبێت ئەوە هێز دەنێرنە ناو جەرگەی شارەکانی.
پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” یەکێک لەحزبە رەسەن و خەباتگێرەکانی کوردە، بەڵام دەبێت ئاگامان لەو واقیعە بێت، کوردستان دابەشی سەر چوار وڵاتەو ئەم دابەش بوونەش ئیختیساسی خەبات و ئامانجی خەبات و جێگەی خەباتی هەر لایەنێکی ئەو بەشانەی کوردستان لێک جودا دەکاتەوە، ئەم لێکجودابوونەوە واقیعە و بوونی هەیە و بونیشی دەبێت، با ئیتر ئێمە هەر لەژێر سکی کوردایەتی خۆمان و بروای نەتەوەیمان بدەین.
لەوێشەوە دەتوانین بڵێین پارتی کرێکارانی کوردستان، پارتی باکوری کوردستانە، نەک باشور، نەک رۆژهەڵات، نەک رۆژئاوای کوردستان، هەر بۆیەش دەبێت خەباتی ئەم پارتە تایبەت بێت بەکوردستانی باکور، هەرچەند تموح و ئامانجەکانی پەکەکە لەوە گەورەترەو خەونی پانکوردستانی دەبینێت، وەک ئەوەی لقێکی لەخۆی بەناوی پارتی چارەسەر بۆ باشور و پەژاک بۆ رۆژهەڵات و پارتی یەکێتی بۆ رۆژئاوا دروستکردووەو ئاراستەیان دەکات، بەڵام ئەم هەوڵە هیچ بۆ کورد بەدیناهێنێت جیگە یەکخستنی داگیرکارانی کورد لە دژی کوردو دروستکردنی سەریەشەیەکی گەورە بۆ پرسی کورد لەپارچەکانی کوردستان.
لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە جیا لەململانێی ناوخۆیی لایەنەکان، جیا لە نەبوونی رای هاوبەشیان، ئەوەی یەخەی کوردی باشووری گرتووە، پەکەکەو کێشەی پەکەکەیە، زەمەنێکە بەهۆی پەکەکەوە حساری گەورەی سنوری دەخرێتە سەر باشوری کوردستان، سنورەکانی تۆپباران دەکرێن، زۆرێک لەگوندە سنورییەکانیشی لەساڵی ٩١ ەوە بەهۆی ئەم کێشەیەوە تاکو ئەمرۆش ئاوەدانیان بەخۆیانەوە نەدیووە، زۆر گوندێکیشی تا ئەمرۆ نە حکومەتی هەرێم خۆی بەخاوەنیان دەزانێت و نە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، ئەمەش سەریەشەیەکی گەورەبووەو بۆ باشور، جیا لەوەی زۆر جار حکومەتەکەشی ناچارکردووە مساوەمەی گەورەو بچوک بکات و هەندێ جاریش تەنازولات بنوێنێ بەرانبەر تورکیا هەندێ کات ناچاریشی کردووە بیکاتە جەندرمەی تورک.
ئێستا ئەوەی زیاتر جێی نیگەرانییە دروستکردنی هەمان سەریەشەیە لەلایەن پارتی کرێکارانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان، رۆژ ئاوایەک کە تا ئیستا لەماستی نەمەیوو ئەچێت و دۆخی ئەوان وەک هێلەکەیەکی وەستێنراوە لەسەر گورسێک، پارتی کرێکارانی کوردستان ئەگەرچی هەوڵی داوە پارتێکی کاریگەر بۆ رۆژئاوای کوردستان دروست بکات، ئەگەرچی ئەو پارتەی کە پەکەکە دروستی کردووە، یەکێک لەپارتە بەهێزو کاریگەرەکانی گۆرەپانی خەباتی رۆژ ئاوای کوردستانە، بەڵام کاتی ئەوەیە پەکەکە دەستبەرداری ئەو پارتە بێت و لێیانگەڕێ بە عەقڵێکی سەربەخۆیانە دوور لە ئایدۆلۆژیاو ئینتیما بۆ پەکەکە کارو خەباتی خۆیان بکەن، تا وێڕای عەرەبە شۆڤێنییەکانی سوریا. تورکیاش نەکاتە دوژمنی رۆژئاوای کوردستان و هەمان سەریەشەی باشوور بۆ ئەو بەشەش ئەخولقێنێت، چونکە ئەگەر باشور ئیدارەو ئیرادەو ئەزمونێکی باشی خۆڕاگری هەبووە، تا ئێستا توانیوتەی بە کۆمەڵێک قوربانی دان و بەکۆمەڵێک تەنازولات و بەکۆمەڵێک ناچاری قبوڵکردنی تۆپبارانی گوندەکانی. بەرگەی ئەم سەریەشە بگرێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە رۆژئاوای کوردستان توانای ئەم رووبەڕووبونەوە سەختەی نابێت و ئەوەی تێیدا زیانمەند دەبێت کوردو پرسی کورد دەبێت لەو بەشەی کوردستاندا.
بۆیە روو لەپەکەکە وەک کوردێک. خوازیارم لێیان لە رۆژئاوای کوردستان گەڕێن، چونکە وەک ئەوەی ئەمرۆ ئەردۆگان رایگەیاند. ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لەو سیاسەتی تەدەخولاتە لەکارو خەباتی کوردانی رۆژئاوا، ئەوە تورکیاش رێگە بەخۆی ئەدات، بەهێز تەدەخول بکات. ئەودەم بەناوی رووبەڕوو بونەوەی پەکەکەوە لە رۆژئاوای کوردستان، تورکیا ئەو بەشەی کوردستان دەکاتە مەیدانی چالاکییەکانی خۆی و لەڕێیەوە دەستوەردەداتە هەرچی کارو خۆ بەڕێوەبەری کورد هەیە و بەدڵنیاییەوە هەرەسیش بەزۆر خەونێکی کورد دەهێنێت.