
شاهۆ هەڵەبجەیی: دوای 15 ساڵ، بەنیــازە ئەمساڵ خۆشترین رۆژی ژیان ببینێ
نوچەنێت . گۆڤاری سڤیل
رزگار رەزا چوچانی
كوردێكی پەراگەندەی دوورەوڵاتە، زیاتر لە ١٥ ساڵە لەكوردستان دوورە، دوورە لەدایك و كەسوكار و هاوڕێكانی، بەڵام پێی وایە وڵات شتێك نییە مرۆ بتوانێ لەیادی بكات، ئەو دوای زیاتر لە ١٥ ساڵ، دەیەوێت لەم ساڵدا خۆشترین رۆژی ژیانی ببینێ.
١٥ساڵ دووری
شاهۆ هەڵەبجەیی لەدایكبوی ساڵی 1977ی هەڵەبجەیە، بۆ (سڤیل) هۆكارەكانی بەجێهێشتنی وڵات دەخاتەڕوو و دەڵێت “ئەوكات كە من دەستمكرد بەگەڕان بەدوای دۆزینەوەی رێگایەكدا بۆ هەڵهاتن لەو نەهامەتیەی رووی لەوڵات كردبوو، مەعیشەت زۆر گران بوو، هەرچی كارم دەكرد فریای ژیان نەدەكەوتین، یەك دوو ساڵێكیش چەكداریم كرد، بەڵام هەر بەژیان را نەگەشتین، سەردەمێكی سەخت بوو، بۆیە ناچاربووم وڵات جێبهێڵم، ئەوكات كە من وڵاتم جێهێشت، نەك هەر ژیان سەخت بوو و مەعیشەت گران بوو، شەڕیش یەخەی وڵاتی گرتبوو، لەناوچەكەی ئێمە لەهەڵەبجە، بەلێشاو خەڵك رووی لەئێران دەكردو وڵاتیان جێدەهێشت”.
شاهۆ ساڵی 1995 بۆ كاركردن چووەتە ئێران، زیاتر لەساڵێك لەئێران بووەو دواتر دیسان گەڕاوەتەوە كوردستان، ماوەی دوو مانگ لەكوردستان بووە، هەستی بەسەختتربوونی ژیان كردووە، دواتر بەهۆی یەك دوو برادەریەوە رێگای توركیا دەدۆزنەوە بۆ جێهێشتنی ئەو دۆخەو گەڕان بەدوای ژیانێكی باش “چوومە توركیا دوای مانەوەی ساڵێك لەتوركیا هاتمە یۆنان و تا ئێستاو زیاتر لە ١٥ ساڵە لەیۆنان دەژیم”.
هاوسەری لەگەڵ كچە ئەلبانیەك
ئەو گەنجە كوردە دوای چەندین ساڵ دووری لەوڵات و ژیانكردن بەتەنیا، چەند ساڵێك لەمەوبەر ژیانی هاسەری لەگەڵ كچێكی ئەلبانیدا پێكدەهێنێت، ئەو پێكهێنانی ژیانی هاوسەری خۆی وا باس دەكات “ئەگەر ئینسان لەغەریبی بژی و تەنیاش بێت، بێگومان ژیانی زۆر سەختتر دەبێت، ژیانی هاوسەریش سونەتی حەیاتە، پەیوەندی بەنیسب و چارەنوسی ئینسانەكانەوە هەیە، من لەگەڵ كچێكی ئەلبانی كە هەر لەمنداڵییەوە لەیۆنان دەژی یەكترمان ناسی و بڕیاری ژیانی هاوسەریمان دا بەیەكەوە، لەساڵی ٢٠٠٢ چوینە ژیانی هاوسەری، ئێستا كچێكمان هەیە كە بەم نزیكانە تەمەنی دەبێتە ١٠ ساڵ”.
شاهۆ باسی جیاوازییەكان لەنێوان خۆی و هاوسەریدا دەكات، كە لەدوو نەریتی جیاوازەوە هاتوون و ئێستا لەماڵ و ژیانێكی هاوبەشدا دەژین و دەڵێت “هەڵەبەتە سەرەتا جیاوازی نەریت و تێگەشتن لەیەك هەیە، تا رادێی بەیەك و لەیەك حاڵی دەبی، سەختە و نارەحەتی خۆی هەیە، تۆ دەبینی لەكوردستانیش كاتێك ئینسان دەچێتە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، كاتی ئەوێ تا خێزانەكەی لەگەڵی رادێ، چونكە ئەو لەخێزانێكی دیكەدا گەورە بووە، بێگومان شێوازی ژیان لەم خێزان بۆ ئەو خێزانی دیكە جیاوازی هەیە، ئەی ئەگەر لە دوو نەتەوەو دوو وڵاتی جیاواز بن، دەبێ چەند جیاواز بێت و چەندی بووێت تا لەگەڵ یەك و بەشێوەی ژیانی یەكتر رادێن؟، ئیستا ئێمە باشین و توانیومانە ژیانێكی باشمان هەبێ”.
بۆ ئەوانەی دەیانەوێ وڵات جێبهێڵن
شاهۆ هەڵەبجەیی دوای زیاتر لە ١٥ ساڵ دووری لەوڵات ئێستا خەون بەوەوە دەبینێت كە بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی، وەك خۆی دەڵێت “بیر لەوە دەكەمەوە كە بەیەكجاری بگەڕێمەوەو لەوڵات بمێننمەوە، چونكە دۆخی كوردستان باش بووە، باشە ئینسان كە بتوانێ لەوڵاتی خۆی بژی بۆچی لەوێ نەبێت، بۆ لەغەریبی و لەناو سەختی دووری لەئازیزانی بژی”.
ئەو گەنجە قسەی بۆ ئەو كوردانەش هەیە كە دەیانەوێ وڵات جێبهێڵن و روو لەدەرەوە بكەن بیریان دێنێتەوە “كاتێك ئێمە هاتینە دەرەوەو ژیان جیاواز بوو لەوەی ئێستا لەكوردستان هەیە، ژیان دەریكردین لەوڵات و ناچاری كردین”. بەڵام “من ئێستا كورد دەبینم دێتە ئێرە، لەكوردستان سەیارەی دوا مۆدێلی فرۆشتووە بۆ گەیشتنە ئێرە، خانوویەكی فرۆشتووە كە هەرگیز لەئەوروپا خانووی وا نابینێتەوە، جیا لەوە كە زیانی مادی زۆری كردووە، لێرە رووبەڕووی زۆر سەختی دەبێتەوە، زۆرم بینیوە لەوانە هاتوون لەم یۆنانە لەسەر جادە خەوتوون، یان ناچارن لەگەڵ چەند كەسێك لەخانوویەكی كۆنی بێ ئاو و كارەبا دەژین، بروا بكە هەیانە لەخانوویەكدا دەژی بە مانگ ئاویان نییە خۆیان بشۆن، ئاخر ئەمە لەپێناوی چیدا؟ كە ئێوە لەوڵاتی خۆتان دەتوانن بژین بۆ ئەم سەختیە بۆ ئەم دوورییە، بۆ ئەم ناخۆشییە هەڵدەبژێرن”.
ئەشكەنجەدانی پەنابەر
ئەو گەنجە كوردە كە چەندین ساڵە لەیۆنان ژیان بەسەردەبات، بۆ (سڤیل) ئەو سەختیەكانی ژیانی پەنابەران باس دەكات، پێی وایە “ئێرە ئەو بەهەشتە نییە، كە خەڵك بیری لێدەكاتەوە”و دەڵێت “ئێستا هەر كەسێك بەم وڵاتە تێپەڕ دەبێت، هەوڵی دەستگیركردن و پەنجەمۆركردنی دەدرێت، دواتریش دەگاتە هەركوێ دەیگێڕنەوە ئێرە، لێرەش ژیان زۆر سەختە هەروەكو ئەوكاتەیە كە گرانی رووی كردە وڵاتی ئێمە، ئابوری ئەم وڵاتە هەرەسی هێناوە، هەزاران كەس كارەكانیان لەدەست داوە، كە خەڵكی ئەم وڵاتەشن، ئەی دەبێت ئەو كەسەی تازە دەگاتە ئێرە چۆن بژی”، شاهۆ هەڵەبجەیی توندوتیژییەكان بەرانبەر لەو وڵاتە بۆ (سڤیل) دەگێڕێتەوەو دەڵێت”بەهۆی ئەوەی یۆنان دەروازەی ئەوروپایە قەومیەتی زۆر جیاوازی تێدایە، خەڵكی زۆر رووی تێدەكات، بۆیە جۆرەها گروپی تاوانیشی تێدا دروست بووە، لەم ساڵانەی دوایشدا لایەنێك نەتەوەپەرستی توندڕەو دروست بوون، كە زۆر لەدژی خەڵكی پەنابەرن، پێیان وایە پەنابەران هۆكارن بۆ خراپتربوونی دۆخی وڵاتەكەیان، بەگرپ بەماتۆڕسواری دەردەچن بەسەر شەقامەكاندا، هەر پەنابەرێك دەبینن دادەبارن بەسەریانا، بە دارو بەئاسن لێیان دەدەن و جێی دەهێڵن، گروپی گەورە گەورەن و بەئاشكرا ئەم كارە دەكەن، هەر گروپێكیان لە ١٥–٣٠ ماتۆڕسوار پێك هاتووە، بەیەكەوە دەردەچن، لەم رۆژانەدا ئەو گروپە بەرۆژی نیوەڕۆ دابویان بەسەر ماڵێكدا كە چوار پێنج نەفەری میسری تێدا بوو، ئەوەندەیان لێدابوون یەكیان لەحالەتی مردنا بوو لەخەستەخانە، چوبوونە سەر ماڵێكی پاكستانی و ماڵەكانیان سوتاندبوون”. پێشی وایە ئەو گروپە توندڕەوە “بەئاگاداری حكومەتی ئەو وڵاتە ئەو كارانە دەكەن و حكومەت و خەڵكی یۆنانیش پشتیوانیانن، چونكە پەنابەران بەكێشەی گەورەی وڵاتەكەیان دەزانن”.
كوردو تلیاك و مرۆڤفرۆشی
شاهۆ هەڵەبجەیی لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ(سڤیل) ئاشكرای دەكات “زۆربەی ئەوانەی گروپی تلیاك و مرۆڤفرۆشیان هەیە كوردن”و دەڵێت “بەداخەوە بەشێك لەكوردەكان لەیۆنان، دەستیان داوەتە كاری خراپ، بازرگانی بەموخەدەرات و ئینسانەوە دەكەن، زۆربەی ئەو گروپانەی ئەو كارە دەكەن كوردەكانن، ئەوانەی كە ئەو جۆرە كارە دەكەن هەموویان كوردن و هەمووشیان ناسراون، لەساڵێكدا رەنگە چوار پێنج جارێش بگەڕێنەوە كوردستان، بەئاشكرا پیاسە دەكەن و حكومەتی كوردستانیش هیچ رێگرییەكی نییە بۆیان، لەكاتێكدا دەبوو حكومەتی كوردستان رێوشوێنی یاسایی هەبوایە لەدژیان، چونكە هەر ئەوانن هۆكار و هاندانی ئەو گەنجانەشن كە وڵات جێدەهێڵن و لێرە توشی ئەو جۆرە كارانەیان دەكەن، ئەم كوردە بەڕێزانە چەندین كوردی گەنج لەپێناو بڕە پارەیەك كە لێیان وەردەگرن دەخەنە بەلەمێكی كۆن و دەینێرنە ئەوبەری ئاوەكەوە، ئیتر كێشەیان نییە لەوەی ئەو بەلەمە كۆنە توانای دەبێت بگاتە ئەو بەرەوە یان نا، ئەوەی گرنگە بۆ ئەوان ئەوەیە كە بڕەپارەی خۆیان وەردەگرن، بێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە بڵێن ئاخر ئەم گەنجانە كوردن، من دەناسنەوە كەسوكاریان دەزانن من بەڕێیان دەكەم، سبەی شتێكیان بەسەر بێت من توشی گرفت دەبم لەگەڵیان، منەتیان بەهیچ نییەو لەپێناو پارەكەیان ئەو گەنجانە دەخەنە گەرووی مردنەوە، یان بەگروپ دەیاندەنە چەند كەسێكی دیكەو بازرگانیان پێوەدەكەن و دەست بەدەست بەڕێیان دەكەن بۆ ئەو دەریایانەی كە چەندین كەسیان تێدا خنكاوە، كەم هەفتەیەك هەیە هەواڵی نغرۆبوونی بەلەمێك بەچەند پەنابەرێكەوە بڵاو نەكرێتەوە كە لەناو ئەوانەشدا چەندین كورد هەن و ئەو كوردانەن كە كورد بەڕێیان دەكات بۆ مردن بەناوی دەربازكردنیان، ئەی ئەمەش مرۆڤ فرۆشی نییە ئەوان دەیكەن؟”.
خۆشترین رۆژی ژیان
شاهۆ هەڵەبجەیی دوای ١٥ ساڵ دووری و ژیانكردن لەناو ئەو سەختیەی كە باسی دەكات، دەیەوێ بگەڕێتەوە كوردستان، وەك خۆی باسی دەكات ئەو رۆژەش “خۆشترین رۆژی ژیانە” كە ماوەیەكی زۆر دوور بیت و بگەڕێیتەوە بە ئازیزانت شاد بیتەوە “لەماوەی ئەو ١٥ ساڵەدا هیچ سەردانێكی كوردستانم نەكردووە، لەوكاتەوە بەهیچ جۆرێك نە سەردانی كوردستانم كردووەو نە كەسیش لەخزم و كەسە نزیكەكانم سەردانی كردووم، ئێستا بەنیازم ئەمساڵ ئەگەر خوا بیكاتە نسیبم بگەڕێمەوە كوردستان، بێگومان ئەو رۆژەش خۆشترین رۆژی تەمەن دەبێت، كە دوای ١٥ ساڵ دووری لەدایكت پێی شادبیتەوە، خوشك و براو هاوڕێ و ئازیزانت دەبینیتەوە، بەهیوام تەمەن باقی بێت تا ئەو رۆژە، من ١٥ ساڵە دوورم لەوان، بۆیە خۆشترین كاتی ژیانم نزیكە كە رۆژی گەڕانەوەیە بۆ كوردستان و رۆژی بینینەوەی دایك و كەسوكار و ئازیزان و وڵاتە”.