
خورماتووی بێ خاوه‌ن
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
ته‌نها له مانگی شه‌شا زیاترله 130 خێزانی كورد خورماتوویان به‌جێهێشتوه، له سنوری خورماتوو گوندێك هه‌یه ناوی سنوره، له‌ولای سنوریشه‌وه چیای حه‌مرین هه‌یه ئه‌و شاخه‌ی كاتی خۆی له‌باره‌یه‌وه ئه‌مانگووت” یان حه‌مرین یان ئه‌مرین ” ئێستا نه‌ك حه‌مرین واخورماتووشمان پێ چۆڵ ئه‌كه‌ن . ئێمه ده‌مێكه وازمان له‌موسڵ هێناوه نه‌ك وازهێنان، بگره هه‌ربیرمان چۆته‌وه، له‌و لاشه‌وه پشی پشی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وێ ده‌كه‌ین، له به‌ر بوونی نه‌وت، جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌ش به‌حاڵ نووزه‌یان تیا ماوه، مه‌گه‌ر بڵێین ره‌حمه‌ت له‌كفن دز، له‌چه‌ند ساڵی رابردوشا نزیكه‌ی 1500 خێزانی كورد له‌حه‌ویجه شار به‌ده‌ر كران، ئێمه‌ش باسی خاوه‌نداری ده‌كه‌ین . وای له‌و خاوه‌نداریه! به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی من ئێستا فیرقه‌ی 12 له‌بنه‌ڕه‌تا دووفیرقه‌یه له یه‌ك قیرقه‌دا فیرقه‌ی 11 له‌سه‌وره‌ی به‌غاوه هێنراوه‌ته ده‌ورو به‌ری كه‌ركوك له‌ولاشه‌وه كورده حه‌یاته‌كه هێشتا له‌كه‌ركوك سه‌رگه‌رمی 50 به50 یه، براده‌رێك من باسی سیری بۆ ده‌كه‌م ئه‌و ده‌ڵێ پیاز، ئاخر خورماتوو شاری ده‌یان شه‌هیدو سه‌دان ئه‌نفال و لانكه‌ی كوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تیه، بیانو چیه واله‌سه‌ری به‌ده‌نگ نایه‌ین؟ نازانم، خۆ ناكرێ یه‌ك یه‌ك واز له‌شار وناوچه‌كانمان بهێنین وهیچ دۆسیه‌یه‌كیشمان له‌و باره‌یه‌وه نه‌بێت، من له‌نهێنی ئه‌و بێده‌نگیه ناگه‌م، من نه‌مووتوه باچه‌ك هه‌ڵگرین و بچینه ئه‌وێ من ئه‌ڵێم ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئه‌وێ هه‌م كوردن هه‌م مرۆڤ لانی كه‌م با دۆسیه‌كه‌یان به‌رینه به‌رده‌م عه‌رشی عێراقی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان وخه‌ڵكانی دیكه‌ش تێبگه‌یه‌نین، كه له‌و سنوره چی رووئه‌دا كورده‌كانی خورماتوو هیچیان له‌كورده‌كانی سلێمانی وهه‌ولێر كه‌متر نیه، هه‌میشه هه‌رئه‌وانیش له‌به‌رده‌م پاكتاوی ره‌گه‌زی وسڕینه‌وه‌دا بوونه، ئه‌وه‌تا ئێستاش غازه حه‌یاته‌كه كه خۆمانی پێوه هه‌ڵده‌كێشین، له‌و سنووره‌وه یان له‌نزیكی ئه‌وێوه بۆنی ده‌گاته ئه‌و توركیایه‌ی كه‌خوێنی سه‌دان هه‌زار كوردی نه‌ك باكوری كوردستان، بگره هه‌مووكوردستانی له‌ئه‌ستۆیه‌و له ساڵی 1998 یشه‌وه یه‌كێك له‌رێبه‌ره‌گه‌وره‌كانی كوردی له ئیمرالی گۆشه گیر وده‌ستبه‌سه‌ر كردوه. ئه‌مڕۆ له‌هه‌ركات زیاتر كاتی ئه‌وه‌یه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وپارله‌مانی كوردستان ئه‌و ناوچانه به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌و له باری گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه بپرسنه‌وه، هیچ نا بۆ ئه‌وه‌ی چی تر ئه‌و خه‌ڵكه خۆیان به بێكه‌س و بێخاوه‌ن نه‌زانن، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه كۆچی كوردان له‌و سنوره به‌رده‌وام بێت ئه‌وا له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌ما خورماتووش به‌ده‌ردی موسڵ وحه‌ویجه‌و جه‌له‌ولاو شوێنه‌كانی تر ئه‌چێت وئێمه‌ش دێینه‌وه‌و سفر به‌ده‌سته‌وه.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: خورماتووی بێ خاوه‌ن
0
Share.