خالد ڕەنجدەر:ئەو باجەی دەبێ گۆڕان بیدات دوای سەردانەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران

0

ئەو باجەی دەبێ گۆڕان بیدات دوای سەردانەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران

خالد ڕەنجدەر
گۆڕان وەك باڵێكی ئۆپۆزیسیۆنی ھەرێمی كوردستان لەمێژە ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێ و ھەوڵ دەدات شوێن پێی خۆی لە ناو جەماوەری كورد دا بەھێز بكات و، لەسەر ئاستی نەتەوایەتیشەوە ھەوڵ دەدات خۆی وەك لایەنێكی داكۆكیكار لە مافە نەتەوایەتیەكانی كورد بناسێنێت. گومانی تێدا نیە ئەم ستراتیژییەتەی گۆڕان لە گەڵ سیاسەت و ستراتیژیەت و بەرژوەندی وڵاتانی دەوروپشتی كورد نایەتەوە، لەوانەش كۆماری ئیسلامی ئێران كە تا ئێستاش ئامادە نیە دان بە مافەكانی كوردی ڕۆژھەڵاتدا بنێ و، ھەر بیریشی لە دۆزینەوەی چارەسەریێك نەكردوە بۆی.
من گومانم لەوەدا نیە كە ئەم سەردانەی نەوشیروان مستەفا دوای خوێندنەوەیەكی قوڵی سیاسەتی ئێران و گۆڕانكاریەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دێت. زۆربەی سەرانی گۆڕانیش بە خودی نەوشیروان مستەفاوە لە ساڵانی شەست و حەفتاكانی سەدەی ڕابوردوەوە سیاسەت و ستراتیژیەتی ئێرانیان، بە ھەردو سەردەمی شا و ئیسلامیشەوە، لەبەرچاو بوە. دەتوانم بڵێم خودی نەوشیروان مستەفا كە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بو، دەیان دانیشتنی ئاشكرا و نھێنی لەناو شاندی یەكێتیدا لە گەڵ ئێران كردوە و بە تەواوی شارەزای كاركردن و دروستكردنی ھاوپەیمانێتی ئێران بوە لە گەڵ وڵاتان و لە گەڵ ئەو حیزب و لایەنانەش كە نادەستوری بونەتە ھاوپەیمانی ئێران.
ئێرانی ئیسلامی ئەگەر دەستی لە لێكترازانی حیزبێكدا نەبێت چاوەڕێ دەكات بزانێ كام لەو دولایەنەكە بەرەو بەھێزبون دەڕوات و، كە بۆی ساغ بوەوە دەكەوێتە گەمەی سیاسی و دەست بە سەری ھەردوكیاندا دێنێت، بەڵام زیاتر بەلای ئەوەیاندا دایدەشكێنێ كە پێی وایە نزیكبونەوە لێی بە قازانجی ئەو تەواو دەبێ.
ئێران بێ ئاگا نەبو لە ھەوڵەكانی نەوشیروان مستەفا بۆ جیابونەوە لە یەكێتی نیشتمانی و ئەو بێزاری و ناڕەزاییەی كە نەوشیروان ھەیبو لەناو یەكێتی نیشتمانیدا. گۆڕانیش دوای بەھێزبونی دەیزانی بزاڤ لە كوردستان و عێراقی ئەمڕۆدا بێ ئێران ناكرێت، بۆیە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی ساڵی پاردا خۆی بێدەنگ كردبو لە جموجوڵی ھەندێك كەس لە دەركەوتوەكانی بەردەركی سەرانی سلێمانی كە زۆر باش دەیزانی ژمارەی ئێرانن و ھەندێكیان ڕاستەوخۆ لە لایەن ئێران و ھەندێكی تریان لە لایەن كۆنسوڵگەری ئێران لە ھەولێرەوە دەجوڵێنران.
من زۆر ناچمە قوڵایی ئەو باسەوە، بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم كە گۆڕانیش وەك ھەندێك لە لایەنەكانی تری كوردستان پەیوەندی لە گەڵ ئێران ھەبو یان حەزی بە بونی پەیوەندی دەكرد لە گەڵیدا. من لێرەوە دەچمە ناو سیاسەتی ئێرانەوە و ئاماژە بەوە دەكەم چۆن ئێران مامەڵە لە گەڵ ھاوپەیمانەكانیدا دەكات.
ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ ئەمڕۆ ئێران دەستێكی باڵای لە عێراقدا ھەیە. لە لایەكی تریشەوە توركیا ھەوڵی خۆی دەدات كە ڕۆڵی لە عێراقدا ھەبێت. ئەمەش لای ھەمومان ئاشكرایە كە زیندوكردنەوەی ئەو دژایەتی و ململانێ مێژوییەیە كە لە نێوان ئەو دو دەوڵەتدا ھەبو و ھەیە.
ئێرانی ئیسلامی حەز ناكات ھاوپەیمانی چەندین ھێزی دژ بە یەكتر بێت لە یەك كاتدا. نایەوێ ھاوپەیمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و گۆڕانیش بێت لە كاتێكدا كە ھەردوكیان ناكۆك و دژ بە یەكن. بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم سەردانەی نەوشیروان مستەفا ھەروا لە خۆوە نەھاتوە و بێ ناوەڕۆك نیە و سەردانێكی سادەش نیە. یەكێك لە ئامانجەكانی بانگھێشتی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران نزیكردنەوەیەتی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
سەبارەت بە ھاوپەێمانێتی و ڕێكەوتننامەكانی نێوان ئێران و گۆڕان من لەو باوەڕەدام كە پێشتر ھەردولایان بە تێروتەسەلی و لە ژوری داخراودا ھەمو باسێكیان كردوە و ڕێكەوتننامەكانیان پێكەوە گەڵاڵە كردوە. سەردانی كەسێكی باڵای گۆڕان بۆ ئێران تەنھا بۆ ئیمزاكردنی ئەو ڕێكەوتننامانە بوە. ئەوەی دو كەس لەسەری ناكۆك نین ئەوەیە كە ئێران ئەم سیاسەتەی لە گەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكێتی نیشتتمانی و كۆمەڵی ئیسلامیش گرتوەتەبەر. من لە خەڵكانێكی نزیك سەردایەتی ئیسلامیەكانم بیستوە كە دوای گەڵاڵەبونی ڕێكەوتننامەكان لە گەڵ ئێران تەنھا كەسە باڵادەستەكان سەردانی ئێرانیان كردوە و تەنانات ئیمزاكردنی ڕێكەوتننامەكانیش لە یەكێك لە ئوتێلەكانی تاراندا بوە و، لەبەر ئەوەی بە نھێنی بون ھەمیشە لایەنی كورد تیایاندا لاواز بوە و پشكی گرنگ و زۆر بەر ئێران كەوتوە.
لەسەر ئاستی ناوچەكەشەوە من پێموایە ئێران دەیەوێ عێراق وەك سیاسەت و ستراتیژیەت بكات بە دو تەوەرەوە، تەوەری ئێرانی و، تەوەری توركی. تەوەری ئێرانی بریتیە لە خۆی و شیعەكانی عێراق و یەكێتی نیشتمانی و گۆڕان و، ئەگەر دو باڵە ئیسلامیەكەی تری كوردستانیش ویستیان ئەوا تێكەڵكێش دەكرێن و، دوریش نیە بزوتنەوەی ئیسلامیش تێكەڵكێش نەكرێت. تەوەری دوەم تەوەری توركیە كە بریتیە لە توركیا و عەرەبە سوننیەكانی عێراق و پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو لایەنانەش كە لە گەڵ عەرەبی سوننەی عێراق و پارتین. لە پشتی ئەم دو تەوەرەشەوە دو زلھێزی جیھانی گەورە ھەیەك یەكێكیان ڕوسیایە و لە پشت تەوەری ئێرانیەوە وەستاوە و، ئەوی تریشیان ئەمریكایە و لە پشتی تەوەری توركیاوە وەستانەوە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ كە ئەو دو زلھێزە مامەڵە نەكەن لە گەڵ لایەن دژ بە یەكەكاندا. بە پیچەوانەوە ئەمریكا دەتوانێ مامەڵە لە گەڵ تەوەری ئێرانی ھەر لە ئێران خۆیەوە تا دەگات بە عێراق و لایەنە كوردستاینیەكانیش بكات. ڕوسیاش بە ھامەن شێوە دەتوانێ مامەڵە لە گەڵ تەوەری توركیا و ھاوپەیمانەكانی توركیادا بكات.
ئەوەی كە زۆر گرنگە بۆ گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا لەم كایە سیاسیە چڕەدا ئەوەیە كە دەبێ بزانن نزیكبونەوە لە ھێزێكی وەك ئێران كە نەیاری كورد و دروستبونی دەوڵەتی كوردیە، داوای باجی پشتگرتنی گۆڕان لە نەوشیروان دەكات و، باجەكەش لە ستراتیژیەتی كاركردنی گۆڕان دەبێت لەسەر مافە نەتەوایەتیەكانی كورد و ئیتر ڕەنگە گۆڕان نەتوانی ئازادانە باسی ئەو مافانە بكات، یان كاریان لەسەر بكات. ئەوەش گومانی تێدا نیە لە جەماوەری كوردی دوردەخاتەوە و، لە ململانێكەشیدا لە گەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان سست دەبێ و، لە كۆتاییدا وەك ھێزێكی تەقلیدی كوردی دەكەوێتە ھاوكێشەی سیاسی ناوچەكەوە و ئەو سەنگە جەماورییەی لەناو میللەتەكەی خۆیدا نامێنێت.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com