
گۆڕان و یەکێتى لەپەراوێزى کێشەکانى هەرێم لەگەڵ بەغدا
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
بەپێى لێدوانێکى رۆژنامەوانى حاکم شێخ لەتیف پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى عێراق، مالیکى لەماوەى کەمتر لە ساڵێکى دیکە هێرشى سەربازى دەکاتە سەر هەرێمى کوردستان، هاوکات ئەم لێدوانەش لەکاتێکدایە رۆژانە لە کەناڵەکانى راگەیاندنى ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامییەکان و گۆڕان بەتایبەتیدا پروپاگەندەى ئەوە دەکرێت کەوا کێشەکانى هەرێم لەگەڵ بەغدا، بەتایبەتى لەنێوانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مالیکیدا کێشەى نەتەوەیی نین، بەڵکو کێشەى تایبەتى ئەو دوو کارەکتەرە سیاسییەى کوردستان و عێراقن و پێویست ناکات گەلى کوردو نەتەوەکانى دیکەى کوردستان زەرەرمەندى ئەو شەڕەبن.
ئەو لێدوانەى حاکم شێخ لەتیف تەواوى ئەو پروپاگەندە سیاسییانەى ئۆپۆزسیۆنى ئاشکراکرد، لەوەى تەنیا مەبەستى ئەوان زیادکردنى نفوزى سیاسى ئۆپۆزسیۆن بووە، لەڕێگەى چەواشەکردنى خەڵکییەوەو هەروەها پرسیارێکى دیکەش دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە مادام گۆڕان دەیانزانى کوردستان لەبەردەم مەترسى هێرشى سەربازیدایە لەلایەن نەیارەکانییەوە بۆچى ئامادەنەبوون واژۆ لەسەر لێسەندنەوەى متمانە لە مالیکى بکەم، بەپێچەوانەوە هەڵوێستەکانى گۆڕان لەپەرلەمانى عێراق هەڵوێستى نەتەوەیی نەبوون، بەڵکو زیاتر سوودى بەنەیارەکانى کوردستان گەیاندن، گریمان کێشەى بارزانى کە کارەکتەرێکى دیارى نێو گۆڕەپانى سیاسى کوردستان و هەڵبژێردراوى خەڵکە وەک سەرۆکى هەرێم، لەگەڵ نورى مالیکى کێشەى تایبەتى نێوان ئەو دووانەیە، بەڵام لەرووە نەتەوەییەکەیەوە خۆ بارزانى کوردەو مالیکیش عەرەبە، هەرچەندە من بڕوام بە دابەشکردنى مرۆڤ نییە بەسەر نەتەوەو مەزهەب و ئایینى جیاوازەوە، بەڵکو بەلاى منەوە مرۆڤ مرۆڤەو ئەوانەى تر دروستکراوى دەستى مرۆڤەکانن و دەکرێت رەتبکرینەوە یاخود گۆڕانکاریان تێدابکرێت، بەڵام زۆر باش ئەوەش دەزانم کە ئەمرى واقیعە ئێمە کوردین و ئەوان عەرەب و بەم شێوەیەش شوناسى ئێمە لەگەڵ عەرەبەکاندا جیادەکرێتەوە، کەواتە ئێمە دەبوایە بەهەموو شێوەیەک داکۆکیمان لەبارزانى بکردایە بۆ ئەوەى بەسەر نەیارەکەیدا سەرکەوتووبووایە لەرووى سیاسیەوە، چونکە ئەوکاتە سەرکەوتنەکە بۆ کورد دەبوو، نەک بەتەنیا بۆ بارزانى و عەرەبەکانیش ئەو راستییەیان بۆ دەردەکەوت کوردیش ئێستاکە لەناوچەکەدا رەقەمى سیاسى بەهێزەو دەتوانێت کاریگەرى گەورەى هەبێت، هەر پێوەند بەم مەسەلەیەوە هەڵوێستەکەى تاڵەبانى سەرۆک کۆمارى عێراق هەڵوێستێکى نەتەوەیی نەبوو، بگرە هەڵوێستێکى حیزبى بوو بەرانبەر بەپارتى بەکارى هێنا، ئەمەشى بۆیە کرد بۆ ئەوەى یەکێتییەکان شەحن بکاتەوە گوایە ئێمەش هەین، بەڵام ئەوەى لە واقیعدا دەبینرێت دەربارەى یەکێتى هەموو لایەک ئەوە دەزانێت یەکێتییەکان لەسەر کورسییەک دانیشتوون کە سێ پێچکەى شکاوەو ئەوەى تریشیان دواى مردنى تاڵەبانى دەشکێت، بۆیە تاڵەبانى ویستى ئەو ماوەیەى لەژیاندا ماوە چ لەسەر ئاستى عێراق و لەسەر ئاستى حیزبەکەى پێگەیەکى تر بۆ خۆى دروست بکات، رەنگە ویستبێتى وەک سەرۆک کۆمارى عێراق بمرێت، چونکە زۆر باش ئەوە دەزانێت ئەگەر مالیکى متمانەى لێسەندرایەوە، تەوافوقەکەى ئەویش هەڵدەوەشێتەوە، واتە ئەویش وەک سەرۆک کۆمار نامێنێتەوە، بەڵکو دووبارە دەبێتەوە بەو سەرۆک حیزبەى خەریکە لە کوردستاندا پێگەى سیاسى لەدەست دەدات.
کەواتە هەڵوێستى گۆڕان و خودى تاڵەبانى لە هاوکێشەکاندا لەبەرژەوەندى کورد دانەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەیمەنەو یەکگرتوویی کوردى بەرانبەر نەیارەکانى لێکترازاند، بەپێى ئەو زانیاریانەى من هەمە پارتى و بەتایبەتى خودى بارزانى زۆر نیگەرانن لە هەڵوێستى تاڵەبانى، بەڵام بەهۆى دروست نەبوونى ناکۆکى و ململانێى ناوەخۆوە بێدەنگیان نواندووە، هاوکات هەڵوێستى گۆڕان زۆر خراپ بووە ئەمەش لەکاتێکدایە ئەوان زانیویانە مالیکى نیازى هێرشى سەربازى هەیەو گۆڕانیش زۆرباش ئەوە دەزانێت کاتێک هێرش دەکرێتە سەر کوردستان ئەوە رۆڵەکانى کوردن دووچارى زیان دەبنەوە، ئەوە پێشمەرگەیە بەرەنگارى دوژمن دەبێتەوە، بەڵنیاییەوە شەهیدیش دەدەن و دووبارە پرسە دەگەرێتەوە بۆ ماڵەکانمان، کەواتە چ سوودێک لەو هەڵوێستانەیان دەبین، ئەمە پرسیارێکەو وەڵامەکەى خەڵکى دەیزانێت.
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا: گۆڕان و یەکێتى لەپەراوێزى کێشەکانى هەرێم لەگەڵ بەغدا
0
Share.