
ئاسۆ عەلی فەرەج:دەبێت نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەكەی رووبەڕووی لێپرسینەوە بن
تەوەر : سەردانی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران
نوچەنێت : بزتنەوەی گۆڕان لەچەندین لێدوان لەزاری خودی رێکخەری گشتیشەوە داوای ئەوەیان دەکرد کە دەبێت، پەیوەندییەکانی دەرەوە بەدامەزراوەیی بکرێت و لەڕێی دامەزراوەیی نیشتیمانی بن، بەڵام لەم رۆژانەدا رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە سەردانی ئێرانی کردو وەکو حزب لەگەڵ دامەزراوە رەسمییەکانی ئێران دانیشتنی رەسمی کرد، ئەمە تاچەند دوورە لەشیعاراتەکانی رابردوو؟، خوێندنەوەتان چییە بۆ جیاوازی لەنێوان شیعارو پراکتیکی کاردا؟
ئاسۆ عەلی فەرەج: دروشم و كردار
بیرمەندانی سیاسی بۆچوونی زۆر جیاوازیان هەیە لە بارەی دروشم و پراكتیزەكردنی لە سیاسەت و كاری رێكخراوەیی (واتا حزب) بەتایبەتی لەو ناوچەی ئێمە كە پێدەگوترێت: ناوچەی ئارام و ناوچەی حزبی بوون. بەو مانای هەموو شتێك لەژێر سێبەری حزب زیاتر گەشە دەكات، نەك دامەزراوە فەرمیەكانی حكوومەت.
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهۆی ئەزموونی حزبی خۆیانەوە هەمیشە مامەڵەیەكی سەربەخۆیان كردووە لە بابەتی دروشم و كردار، واتا دروشم كەمتر لە كرداردا هەبووە، نموونە زیندووەكانیش پەیڕەكردنی دەسەڵاتی حزبی لەسەرووی دەسەڵاتی دامەزراوەیی حكوومی.
بابەتێك لەم رۆژەدا هەڵوەستەی جیدی لەسەر بكرێت، گەڕانەوەیە بۆ دەسەڵات و ئەركەكانی حكوومەت و دامەزراوەكانی، نەك باڵادەستی حزب بەسەر ئەو دامەزراوەكان و دواجار خۆ دزینەوە لە زۆر پرس و مامەڵەكردنێكی حزبیانە لەگەڵ رووداوەكاندا.
كاتێك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان رایگەیاند، نابێت پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی حزب بن و دەبێت لەرێگای حكوومەت و دامەزراوە بێت، هەنگاوێكی زۆر مەزن بوو، زۆربەی سیاسیەكان و رۆشنبیران ئومێدێكیان بەبەردا هاتەوە، ئیدی حزب نابێت بە نوێنەری حكوومەت، كە حزبیش نەبووە نوێنەری حكوومەت، ئەوكات هیچ حزبێك ناتوانێ بكەوێتە ژێر كاریگەری پەیوەندییە دەرەكیەكانەوە.
بەتایبەتی بۆ كورد، كە بەردەوام بەهۆی پەیوەندی حزبی لەگەڵ وڵاتان كێشە دروست بووە و ئەو پەیوەندییانە بە حزبیكراو بوون و هۆكارێكی زەقیش بوو وەك مەترسی تەماشا بكرێت، بەتایبەتی لە روانگەی ئەمنی نەتەوەییەوە، چونكە هەر هێزێك دروست دەبوو لە كوردستان پەیوەندییەكانی لەسەر ئاستی ناوچەكە بەرێگای نوێنەرێكەوە پتەو دەكرد، بەڕادەیەكی ئەو وڵاتانەش هەیمەنەتی خۆیان بەشێوەیەك لە كوردستان چەسپاندن بوو، كە ماوەیەكی زۆری دەوێ رێگری بكرێت لە دەستێوەردانەكانی.
زۆرجار ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ، دەیانگوت: پارتی و یەكێتی پەیوەندییەكانیان حزبیانەیە و بایەخ و قورساییەكیان نەهێشتۆتەوە بۆ كاری حكوومەت، دواجار دەركەوت ئەم دروشمەكانی ئەوان لە كرداردا زۆر دوورن و نەك یەكناگرنەوە، بەڵكو بوونە هۆی درێژەدان بەو خوەی حزبیەكان هەموو شتێك بن و لەسەرووی حكوومەتیشەوە مامەڵە بكەن.
نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئان و ساتێكی زۆر هەستیاردا خۆی گەیاندە ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكوومەتی تاران كۆبوونەوەی ئەنجامدا. لە كاتێكدا دەیانجار خودی مستەفا داوای ئەوەی كردبوو، چیدیكە حزبەكان نەبنە نوێنەری حكومەت و پەیوەندییەكان لەرێگای دامەزراوەیی حكوومی بێت، ئەم چوونەی بەڕێز نەوشیروان مستەفا نەك پرسیار دروست دەكات و گومانمان لا دروست دەكات، بەڵكو رامان دەكێشێت بۆ زۆر پرس، كە پێویست بوو ئەوەندە بە ئاسانی بەرێنەكرێت، چونكە لە رەوشێكی زۆر جیاوازتر سەردانیكردووە و هەمان رێگاكانی پارتی و یەكێتی و ئیسلامیەكانی گرتەوە.
بەڕای خۆم، دەبێت نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەكەی رووبەڕووی لێپرسینەوە بن؟
وابزانم ئەم دێرە پرسیارتان لا دروست دەكات. بەڵێ: ئێران ئەمڕۆ جەمسەرێكی بەهێزی دەستێوەردانی كاروباری ناوچەكەیە و هەڵمەتێكی مەزنی لەسەرە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەموو ئەو وڵاتانەی پەیوەندیان لەگەڵ هەیە جێگای گومانن، نەخاسما حزبێك لە كوردستانێك كە گیرۆدەی دەیان پرسی مەترسیدارە لەگەڵ عێراقێك كە خاوەنەكەی ئێستا ئێرانە.
لەمە مەترسیدارتر بێدەنگ بوونی رۆژنامە و دەزگاكانی راگەیاندنی كوردستانین بە هی پارتی و یەكێتی و ئەوانەی ناوی خۆیان ناوە ئەهلی، چۆن ئەم بابەتە وا بەئاسانی وەرگیرا؟.
ئەی كوا ئەوانەی بەردەوام رەخنەیان لەسەر پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی هەبوو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ؟.