
موحسین کەریم: دروشمی بەدامەرزاوەیی بوونی نیشتیمانی تەنها بۆ پڕوپاگەندەی میدیایی و سیاسیە
تەوەر : سەردانی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران
نوچەنێت : بزتنەوەی گۆڕان لەچەندین لێدوان لەزاری خودی رێکخەری گشتیشەوە داوای ئەوەیان دەکرد کە دەبێت، پەیوەندییەکانی دەرەوە بەدامەزراوەیی بکرێت و لەڕێی دامەزراوەیی نیشتیمانی بن، بەڵام لەم رۆژانەدا رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە سەردانی ئێرانی کردو وەکو حزب لەگەڵ دامەزراوە رەسمییەکانی ئێران دانیشتنی رەسمی کرد، ئەمە تاچەند دوورە لەشیعاراتەکانی رابردوو؟، خوێندنەوەتان چییە بۆ جیاوازی لەنێوان شیعارو پراکتیکی کاردا؟
موحسین کەریم: بەبڕوای من ئەو دروشمەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەندە فرسەتی جێبەجێبوونی هەیە کە تەنانەت خودی خۆشیان ناتوانن پێوەی پابەند بن. ئەگەر دروشمێك لە سەر زەمینی واقعی توانای تەبدیلبوونی هەبێت بۆ پراتیك بۆچی دەبێ خودی هەڵگرەکەی بەسەریدا بازبدات؟ ئەی بڕیارە کێ جێبەجێی بکات؟ بۆیە من پێموایە کە ئەو جۆرە دروشمانە تەنها بۆ پڕوپاگەندەی میدیایی و سیاسیە وەك ئەوەی مەسەلەیەك بێت بۆ جێبەجێکردن.
بزوتنەوەی گۆڕان باسی زۆرشتی دیکە دەکات کە بکرێت بە دامەرزاوەییو نیشتمانی، وەکو دەزگاو دامەرزاوە تەنفیزیەکانو لەوانەش ئاسایشو پێشمەرگەو تا دوایی، بەڵام ئەم دروشمو داوایانە بۆ خودی بزوتنەوەی گۆڕانیش هەر لە چوارچیوەی پڕوپاگەندەی سیاسیو میدیاییدا جێگای دەبێتەوە، دەنا بۆ هەموو کەسو بۆ خودی بزوتنەوەی گۆڕانیش ئاشکرایە کە سیستەمی سیاسیو حوکمڕانی لە کوردستان سیستەمی میلیشیاییو حیزبی چەکدارەو هەموو شتێکی ئەم کۆمەڵگایە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە. ئەم سیستەمە ئەوەندە رەگی داکوتاوە کە تا ئاستی گۆڕینی پێناسەی هاوڵاتیانی کوردستان چووە.
هاوڵاتیانی کوردستان بەسەر ئەندامو لایەنگری حیزبە سیاسیە چەکدارەکانو بەپلەی سەرەکی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداردا دابەشکراوان. بەرپرسیارێتی دەسەڵات بەرامبەر بە هاوڵاتیان بەپێی ئینتمای دانیشتوان بۆ ئەو حیزبانە دابەشکراوە. خودی بزوتنەوەی گۆڕانو سەرکردەو هەڵسوڕاوەکانیان لەو سیستەمە بەدەرنینو ناتوانن لێێ دەرچن. بەبڕوای من سیستەمی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد وەکو سیستەمی ئێستای عێراقو لوبنان لەسەر بنەمای دابەشبوونە حیزبیو میلیشیاییەکان دامەزراوە. بزوتنەوەی گۆڕان وەکو هێزێکی سیاسی لەناو خێزانی بۆرژوازی کوردا لەو چوارچیوەیەدا هەڵسوکەوت دەکات. گۆڕینی سیستەمی سیاسی کوردستان بۆ سیستەمی دامەزراوەیی کە هاوڵاتیان تێیدا هەیبەتو پێناسەی راستەقینەی خۆیان هەبێ، بە هەڵوەشانەوەی سەرجەم سیستەمی سیاسی ئێستا دەبێ لەلایەن خەڵکی کوردستانو بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بنەمای دەخالەتی راستەوخۆو ئیرادەی سیاسی هاوڵاتیانی کوردستان، نەك بە کردنیان لە دامەزراوەی حیزبەیەوە بۆ نیشتمانی، واتە تەنها گۆڕینی خاوەندارێتی دامەرزاوەکان! لەبەرئەوەیە کە بزوتنەوەی گۆڕانیش بەهەمان رێچکەدا دەروات کە پارتی و یەکێتی گرتویانەتەبەر لە مەسەلەی پەیوەندی دیپلۆماسی نهێنی لەگەڵ ئەم دەوڵەتو ئەو دەوڵەتدا.