
فەرهاد مەلا حەسەن: بابەتی بەدامەزراوەیی نیشتمانیی بەلای گۆڕانیشەوە خەونێكی دوورە
تەوەر : سەردانی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران
نوچەنێت : بزتنەوەی گۆڕان لەچەندین لێدوان لەزاری خودی رێکخەری گشتیشەوە داوای ئەوەیان دەکرد کە دەبێت، پەیوەندییەکانی دەرەوە بەدامەزراوەیی بکرێت و لەڕێی دامەزراوەیی نیشتیمانی بن، بەڵام لەم رۆژانەدا رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە سەردانی ئێرانی کردو وەکو حزب لەگەڵ دامەزراوە رەسمییەکانی ئێران دانیشتنی رەسمی کرد، ئەمە تاچەند دوورە لەشیعاراتەکانی رابردوو؟، خوێندنەوەتان چییە بۆ جیاوازی لەنێوان شیعارو پراکتیکی کاردا؟
فەرهاد مەلا حەسەن، سەنووسەری گۆڤاری (شەقام):
چونكە لە رۆژهەڵات بەگشتی كە كوردستانیش بەشێكییەتی، بابەتی سیاسەتكردن و حزبایەتی شكڵە تەقلیدیی و لاساییەكەی نەبەزاندووەو بەوهۆیەوە نەتوانراوە پێناسەیەكی تازە بۆ حزبایەتیكردن بدۆزرێتەوە، بۆیە بەلامانەوە شتێكی ئاساییە گەر سبەی حزبێكی تر لەدایك بێت، بە هەمان رێچكەی حزبایەتی و سیاسەتكردنی پێشخۆی دابچێت و ئەو شتە گرنگەی كە پێویستە حزبێكی نوێ یان رێكخراوێكی تازەگەر بونیاتی بنێت، نایبینین.
لەهەرێمی كوردستانیش تا ئەمڕۆ حزبایەتی بە شێوە كۆنە تەقلیدییەكەی بەڕێوە دەچێت، كاتێكیش كە دەبینین بزوتنەوەیەكی وەگ گۆڕان دێتە گۆڕەپانەكەوەو وەك لە سەرەتاش بینیمان بە كۆمەڵێك بەڵێنی نوێ خۆی نمایش كرد، بەڵام ئەو سەرەتایەی ئەو مامەڵەكردنەی نەبوو كە ماوەیەكە دەیبینین، نەك هەر لەبارەی ئەو سەردانەی رێكخەری گشتییەكەیان بۆ ئێران، بگرە لە زۆرێك مامەڵەیاندا ، ئەوەی بەدیدەكرێت ئەوەیە كە تەقلیدی حزبەكانی تر دەكەنەوە، تەنانەت لەزۆربواریشدا ئەوەی بۆ نموونە یەكێتی و پارتی دەتوانێ بیكات، گۆڕان ناتوانێ پەی پێببات، ئەمەش جۆرێكە لە خولانەوە لە دەوری بازنەیەك كە سستمی حزبایەتی كردن خۆی پێپێناسە كردووەو تا ئەمڕۆش دەیكات.
سەردانەكەی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئێران، زیاتر دووپاتكردنەوەی ئەوەیە كە ئەوانیش ناتوانن لە قالبە بەستەڵەكبووەكەی كاری حزبایەتی لاسایی دەربچن، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە لای گۆڕان جیاوازییەكی زۆر لەنێوان شیعاراتێكی سەرپێیی و پراكتیكەكەیدا بەدی ناكرێ، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە بابەتی بەدامەزراوەیی نیشتمانیی بەلای ئەوانیشەوە خەونێكی دوورە .