تەوەر . نەوشیروان مستەفا و ئێران.. شاخەوان برایم عەبدوڵڵا: گۆڕانیش پەتاكەی گرت

0

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا: گۆڕانیش پەتاكەی گرت

تەوەر : سەردانی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران

نوچەنێت : بزتنەوەی گۆڕان لەچەندین لێدوان لەزاری خودی رێکخەری گشتیشەوە داوای ئەوەیان دەکرد کە دەبێت، پەیوەندییەکانی دەرەوە بەدامەزراوەیی بکرێت و لەڕێی دامەزراوەیی نیشتیمانی بن، بەڵام لەم رۆژانەدا رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە سەردانی ئێرانی کردو وەکو حزب لەگەڵ دامەزراوە رەسمییەکانی ئێران، دانیشتنی رەسمی کرد، ئەمە تاچەند دوورە لەشیعاراتەکانی رابردوو، خوێندنەوەتان چییە بۆ جیاوازی لەنێوان شیعارو پراکتیکی کاردا؟
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا: ئەوەی بۆ تەنیا چەند جارێكیش لەبەردەم شاشەكەی كەی ئێن ئێندا دانیشتبێت، زۆرباش ئەوەی بیردەكەوێتەوە كە بەردەوام بزوتنەوەی گۆڕان رەخنەی ئەوەیان لە پارتی و یەكێتی دەگرت، کە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتاندا لەسەر بنەمای حیزبییەو لەچوارچێوەی دامەزراوەیەكی نیشتمانیدانییە، واتە پارتی و یەكێتی لە جیاتی حكومەت دەچنە وڵاتان و لەگەڵ كاربەدەستە حكومی و سیاسییەكاندا كۆدەبنەوەو ئەمەش بەبۆچوونی گۆڕان و بەتایبەتی رێكخەری بزوتنەوەكە كارێكی نایاساییەو دەبێت سنووری بۆ دابنرێت.
لەئەتەكێتی سیاسی و دیبلۆماسیدا لەرووی پێوەندییەوە دەبێت حیزب پێوەندی لەگەڵ حیزبدا هەبێت و بۆچوونە سیاسییەكانیان لەچوارچێوەی بەرژەوەندی هەردوولادا شیبكەنەوە، بەهەمان شێوەش بۆ پێوەندییە دەوڵەتدارییەكان هەروایەو دەبێت دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەتدا پێوەندی دیبلۆماسی ببەستێت، نەك لەگەڵ حیزبێكی وڵاتێكی تردا، ئەگەریش ئەوە روویدا بێ هیچ ئەملاوئەولایەك دەتوانرێت لەرووی یاساییەوە حیزبەكە یان سەرۆكی حیزبەكە لەبەردەم دادگەی وڵاتەكەی خۆیدا لێپرسینەوەی لەگەڵدابكرێت، ئەمەش لەپێناوی پەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەییدایە، بەوپێیەی دەوڵەتێك دەتوانێت هاریكاری مادی و مەعنەوی لایەنێكی سیاسی لەناو خاكی وڵاتێكی تردا بكات بۆ تێكدان یان هەیمەنەی سیاسی و ئابووری خۆی لە رێگەی ئەم حیزبەوە، بەمەش كاریگەری دەكەوێتە سەر ئاسایش و هەیمەنەی وڵات و درز دەكەوێتە نێو پێگەی حكومڕانی.
ئەو سەردانەی لە هەفتەی رابردوودا نەوشیروان مستەفای رێكخەری حیزبی گۆڕان بۆ وڵاتی ئێران ئەنجامیدا، خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت، لەسەرووی هەموویانەوەش كە نەوشیروان مستەفا وەك سەرۆكی حیزبێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندایەو ئەو سەردانەشی بەجۆرێك لە جۆرەكان دەچێتە ئەو چوارچێوەیەی ئاماژەی پێكراو، خودی نەوشیروان مستەفاو كەناڵە میدیاییەكانی دەخاتە بەردەم پرسیارەوە، كە ئەوان بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان كردووە دەبێت پێوەندییەكانی هەرێم پێوەندیگەلێكبن لەچوارچێوەی یاساو دامەزراوەیی نیشتماندابێت، واتە تەواوی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستانیان لەماوەی رابردوودا بە پێوەندی حیزبی دەدایە قەڵەم، بەڵام ئێستاكە خودی رێكخەری بزوتنەوەكەیان هەمان پەتای پارتی و یەكێتیان گرتووەو لەبەرانبەریشدا ئەو رۆژنامەنووسانەی بەردەوام رەخنەیان لە حیزبەكانی تر دەگرت لەسەر ئەم پرسە بێدەنگن، ئەو بێدەنگیەش دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی ئەوەی لەرابردوودا قسەیان لەبارەوە كردووە تەنیا پروپاگەندەی سیاسی بووە، لەپێناو زیادكردنی نفوزی حیزبیداو هیچ بڕوایەكی سیاسی لەپشتی ئەو رەخنانەوە نەبووە، كە من وەختی خۆی تەواوی ئەو رەخنانەم وەك راستییەك قەبوڵ دەكرد، لەوەی دەبێ‌ حیزب پێوەندی لەگەڵ حیزبدا ببەستێت و ئەگەریش بەنوێنەرایەتی حیزب چوونە وڵاتێكی ترەوە دەبێ‌ لەگەڵ نوێنەری حیزبە سیاسییەكاندا كۆببنەوە، پێچەوانەكەشی هەر راستە.

لەبارەی پرسی ئاڵاش كە بەردەوام رەخنەی ئەوەیان دەگرێت گوایە نوێنەرانی كورد ئاڵایان لەپشتدا نەنراوەو بەجۆرێك لەجۆرەكان ئەمەیان وەكو سوكایەتی و لاوازی هەرێم نیشان دەدات، ئێ خۆ بەرێز نەوشیروانیش ئاڵای كوردستانی لەپشت دانەنرابوو ئەی ئەو بۆچی ئەوەی قەبوڵ كرد، ئەمە پرسیارێكەو دڵنیام وەڵامی دەدرێتەوە بەشێوەیەك لەگەڵ بەرژەوەندی گۆڕاندا بكەوێتەوە، خۆ ئەگەر بڵێن نەوشیروان لە حكومەتدا نییە، ئەمەیان راستە، بەڵام بەدیوەكەی تردا مادام لە حكومەتدانییە ئەی چۆن قەبوڵی كرد لەگەڵ كاربەدەستەكانی حکومەتی ئێراندا كۆببێتەوە!.
كەواتە هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن ئەوەی لەرابردوودا بانگەشەیان بۆی دەكرد، جۆرێك لە شیعاراتی سیاسی دەرچوون و هەمان مۆدێلی پارتی و یەكێتییان پەیڕەوكرد، كە ئەوان هەمیشە بانگەشەی جیاوازبوونیان بەگوێی خەڵكیدا دەداو ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات گۆڕان ئەو بزوتنەوە سیاسییە مۆدێرنە نییە، ئێمە ئومێدی دوارۆژمان پێی بەهێزبێت.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com