
ناسک قادر: دوای ئەوەی کۆمەڵە کەسێک بەوشەی باق و بریق خۆیان نمایش کرد، گردبونەوەكەى سلێمانى كۆتايی پێهێنرا
نوچەنێت
ناسک قادر وتەبێژی خۆپیشاندانەکانی پارساڵی سلێمانی، رایگەیاند شەرمە گردبوونەوەکەی سلێمانی ناو بنرێت خۆپیشاندان، گردبونەوەکەش بە شکاندنی شکۆی خۆپیشاندان ناو دەبات و دەشپرسێت، بۆچی لەسەر بودجە بەدەنگ بێن و لەسەرشتەکانی ترنا؟.
ناسک قادر وتەبێژی ئەنجومەنی کاتی مەیدانی سەرای ئازادی، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی پارساڵی کوردستان، لەپەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی”گردبونەوەكەى سلێمانى بەرەسمى كۆتايي پێهێنرا پاش ئەوەى كومەڵە كەسێك نمايشى خويان كرد و چەند وشەيەكى باق و بريقيان بۆ خەڵك خوێندەوه، لە نێويشياندا پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسيۆن، هەموان پێويستە بزانن ئەم جۆرە گردبونەوانە فۆرمێكن لەخەباتى مەدەنى بەڵام شەرمە ناو بنرێت خۆپيشاندان و ملهورانە مۆڵەتى لە دەستەڵاتە شكستخواردوەكەى يەكێتى و پارتى بۆ وه ربگیرێت”.
هەر لەبارەی پرسی خۆپیشاندانی ئەمرۆی سلێمانی ئەمشەوی رابردوو، ناسک قادر رەخنەی لەو جۆرە کارە گرت، بە هەنگاوێکی ناعاقڵانە ناوی برد و نوسیویەتی”ئەوەى سبەينى لەسلێمانى دەكرێت و ناوى لينراوە “خۆپيشاندان” هەنگاوێكى ناعەقەڵانيەو هەوڵێكه بۆ شكاندنى ئەو شكۆيەى بۆ خۆپيشاندان دروست بوو لەپار ساڵدا. خەڵكى ئەم هەرێمە پار پرسيارى جديان لەسەر كۆى سيستمى حوكمرانى ئەم هەرێمه دانا و بەپێچەوانەى ” ياساى قەدەغەكردنى خۆپيشاندان” بوێرانه و ئازادانە لەسەر شەقامەكان درێژەيان بەناڕەزايەتي دەربريندا، ئەم برادەرانە تازە دەچنە بەردەم پارێزگا و داواى مۆڵەت دەكەن! ئەمە سەربارى يەك دونيا ئیشكاليەتى ديكەو بێدەنگيەكان لەبەرامبەر هەموو ئەو بێحورمەتيانەى ئەم هێزە سياسيانەى هەرێم بەرامبەر بەهاو هاونيشتمانيان و دۆزى نەتەوەيى كورد كردويانەو دەيكه ن، خۆ كردن بەنوێنەرى شەقام مەسوليەتێكى ئەخلاقى گەورەيه، هيوادارين ئەو برادەرانە لەئاست ئەو مەسوليەتەدابن! له كۆى ئەم بابەتە ٤ پرسيار گرنگه: بۆ بودجه و شتەكانى ديكە نا؟! كێ بەكارەكه هەستاوه؟ ، كەى خۆپيشاندان دەكرێت؟ ، لە كوێ؟ كە وەڵامى ئەم ٤ پرسيارە وێنەيەكى تارادەيەك روونمان پێدەدات لەسەر ئەم كۆبونەوەيەى سبەينێ!”.