سلێمان عەبدوڵا یونس: ئەوەی ئێستا بەناوی بەرگری لەقوتی خەڵکەوە دەگوزەرێت ڕاپێچکردنی عاتفیانەی میدیای ئەهلیە بۆ ناو کەیسە حزبیەکان
ئەوە هەرگیز سروشتی نییە کەمیدیاکار لەبری پارلەمانتار و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت ڕۆڵ ببینێت
نوچەنێت . تایبەت
سلێمان عەبدوڵا یونس، بەنوچەنێت ی راگەیاند میدیای ئەهلی بەشێوەیەکی خۆ نەویستانە چۆنە ناو رۆحیەتی ئۆپۆزسیۆن و بەپێویستی دەزانێت ئەم ئاویزان بوونە ناسروشتیە کۆتایی پێ بهینن، و دەشڵێت” ئەمەی ئێستا بەناوی بەرگری لەقوتی خەڵکەوە دەگوزەرێت کاری میدیاکارانی بەسەلیقە و میدیاکارانی پڕۆفیشناڵ و میدیاکارانی ئەهلی نیە”.
دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لەپەڕلەمان رەخنەیان لە پرۆژەی بودجەی ئەمساڵی حکومەتی کوردستانگرت، سەرنوسەرانی هاوڵاتی و ئاوێنە هاوڕێ لەگەڵ چەند رۆژنامەوانێکی تر، هۆشدارییان دایە پەڕلەمانی کوردستان، کە لەئەگەری تێپەڕاندنی بودجەدا خۆپیشاندانی سەرتاسەری سازدەکەن، بەشێک لە رۆژمەنوسان و نوسەران و رۆشنبیران پێیان وایە، ئەوەی ئەو دەزگا راگەیاندنە دەیکەن تێکەڵبونیانە بەپرسە سیاسیەکان و دەرچوونیانە لە کاری رۆژنامەوانی.
هەر لەو بارەیەوە، سلێمان عەبدوڵا یونس، وەک نوسەرێک بۆ نوچەنێت دەڵێت”لەڕاستیدا میدیاکارانیش وەکوو هەر هاوڵاتیەکی ئاسایی مافی خۆیانە قسەی خۆیان هەبێت لەهەر پرسێکی گشتیدا، جگە لەوەش میدیاکاران مافی خۆیانە لەڕێگەی وەرگرتنی زانیاری و بەخشینی زانیاریەوە مامەڵەیەکی دیکەی جیاواز لەخەڵکانی ئاساییان هەبیت لەو پرسە گشتیانەدا. بەڵام ئەوەی کەمیدیاکار لەبری پارلەمانتار و بەرپرسە باڵاکانی حکومەت ڕۆڵ ببینێت، ئەمە هەرگیز سروشتی نیە، چونکە وەک چۆن دەستوەردانی سیاسیەکانی لەکاری میدیایی لەدنیای مۆدێرن و دیموکراتیدا وەکوو سکانداڵی سیاسیەکان و وەکوو نادیموکراتی بوونی ئەوان دەکەوێتەوە، ئاوەهاش دەستوەردانی میدیاکاران و بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیان کەدەسەڵاتی چوارەمە، بۆ گۆڕینی هاوکێشە سیاسیەکان بەقازانجی هێزێک و لەدژی هێزێکی تر، یان بەقازانجی هاوپەیمانیتیەک و دژی هاویەمانیتیەکی تر، سکانداڵی پیشەیی و میدیایی و مۆڕاڵی لێ دەکەوێتەوە”.
یونس بۆ نوچەنێت ئەو بانگەشانە رەتدەکاتەوە کە ئەو رۆژنامەنوسانە بۆ سازکردنی خۆپیشدان دەیکەن و لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت بڕوای وایە”هەرگیز ئەمەی ئێستا بەناوی بەرگری لەقوتی خەڵکەوە دەگوزەرێت کاری میدیاکارانی بەسەلیقە و میدیاکارانی پڕۆفیشناڵ و میدیاکارانی ئەهلی نیە، بەداخەوە لەساتێکی ئاوادا میدیاکارانی دنیای ڕۆژنامەگەری راقی ئێمە، کەدنیای ڕۆژنامەگەری ئەهلیە، خۆیان لەتخوبەکانی لایەنداری و تخوبەکانی دژایەتی بەرە ناکۆکەکانی پارتە کوردیەکان نزیک دەکەنەوە. ئەم هاوڕێیانەمان کەهەمیشە جیگای ئومیدن بەخۆیان بزانن یان نەزانن، لەساتێکی ئاوادا بیریان دەچێتەوە کەپیویستە ئەوان بەدووری یەک مەسافەی یەکسان و بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە لەو هێزانەوە بوەستن، ئەمە ڕاپێچکردنی عاتفیانەی میدیای ئەهلیە بۆ ناو کەیسە حزبیەکان، ئەو کەیسانەی کەمیدیا دەبێت وەکوو چاودێر مامەڵەیان لەگەڵدا بکات نەک وەکوو لایەنگر یان دژ”.
لە لێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، سلێمان عەبدوڵا یونس بیری ئەو راگەیاندنانەی دەهێنێتەوە کە”میدیای ئەهلی میدیای پیشەنگە نابیت وەزیفە میدیایی و مەعریفی و مۆڕاڵیەکانی خۆی لەکیشمەکیشمە سیاسی و حزبیەکاندا وون بکات، پێویستە هەمیشە بیری بێت کەگرنگە ئەو وەکوو میدیایەکی لیبڕاڵ پارێزگاری لەسەربەخۆیی خۆی بکات و دەوری سەرکردایەتیکردنی میدیایی ببینێت، نەک ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی دیسکۆڕسیکی ئۆپۆزسیۆنگەراییانە، بەبڕوای من لەساتی ئێستامادا میدیای ئەهلی کەمیدیای جێگای هیوایە، لەگوتارێکی عاتفیدا و بەناوی بەرگری لەقووتی خەڵکەوە، بەشێوەیەکی خۆنەویست چووەتە ناو ڕۆحیانەتی ئۆپۆزسیۆن. پێویستە ڕێبەرانی میدیایی ئێمە ئەم ئاویزان بوونە ناسروشتیە کۆتایی پێ بهینن و بەزوویی میدیای ئەهلی وەکوو میدیایەکی نیشتیمانی سەربەخۆ بچێتەوە ڕوحیانەتە مەعریفی و میدیاییەکەی خۆی، ڕوحیانەتێک کەئێستا لەهەر کاتێک زیاتر پیویستیمان پێیەتی”.