
خۆپیشاندان بۆ مەرامێك ڕەوا نییە کە هاونیشتمانیان بەکوشت بدات بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتی خۆی
ئایا بانگەوازی خۆپیشاندان لەپێناوی بەرژەوەندیەکانی هاونیشتمانیاندایە، یان کارتی فشاری پێ دەسازێنن؟!
خۆپیشاندان، ئەوپەڕی کاری مەدەنی و ڕەگەزی دیموکراسی بوونە جا ئەگەر ڕۆژنامەنووسان بەو کارە هەستن یان هەر گروپ و تاقمێکی تر
لە خۆپیشاندانەکان بێجگە لەبەفیڕۆدانی خوێنی کۆمەڵێك کەس چیمان دەست کەوت؟
نوچەنێت: لەپەڕلەمان گفتوگۆو مناقەشە لەسەر بودجە رەخنەی بەدوایخۆیدا هێنا ئۆپۆزسیۆن رەخنەیان هەیەو قسەی خۆیان کرد، بەدوایدا سەرنوسەرانی هاوڵاتی و لڤین هاوڕێ لەگەڵ چەند رۆژنامەوانێکی تر هۆشداری خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەدەن، بەپێی قسەی هەندێ لە شارەزایان و رۆشنبیران ئەوە کاری رۆژنامەوانی نییەو دەرچوونە لەکاری رۆژنامەوانی، ئایا بەریزت لەو بارەوە راو خوێندنەوەت چییە؟.
لوقمانی حاجی کەریم/ بەرپرسی نوسین لە ماڵپەڕی پێنوسەکان:
دنیابینی لەلای ئێمە وەکو دنیابینی جیهان نییە. ئەوان، لەسیستەمێکی دیموکراسیدا، نوێنەرەکانیان هەڵدەبژێرن و دەیاننێرنە ناو گۆنگەڵی پەرلەمانەوە و لەوێش ئەو نێردراوانە، بەشێوەیەکی زانستی، تەواوی پرسەکانی خەڵك و جیهان تاوتوێ دەکەن و بەپێی یاسا، دەیگونجێنن. ئیدی لەڕێگایەوە ژیانێکی ئاسودە بۆ خەڵك دەستەبەر دەکەن. ئێمەش، هەروا دەکەین! بەڵام نەختێك جیاوازتر، نێردراوەکانمان بەهەر ڕێگایەك خۆمان پێمان خۆش بێت، دەیاننێرینە پەرلەمان. هەرچەندە دەشزانین، ناتوانن پرسەکان چارەسەر بکەن، بۆیە، جارێکی تر دەیانهێننە پێشدەممان و ئێمەش، دەیکەینە گۆنگەڵی خۆمان.
هەر لایەنێك، لەناو کایە سیاسیەکاندا، هەر پرسێك بکات بە هۆکارێك بۆ چوونەپێشەوەی خۆی، مافێکی ڕەوایە. خەڵکیش، لەهەر کەم و کوڕییەك بپرسێتەوە، ئەوا هەر ڕەوایە و مافی خۆیەتی، بۆ دوواجاریش، تەواوی پرسەکان، پرسی گشتین و کێشەی خەڵکن. بۆیە، خەڵك، یان هاونیشتیمانیان، مافی ڕەوای خۆیانە لە کێشەکانی خۆیان بکۆڵنەوە و بەدەم جێبەجێکردنی خواست و پێداویستیەکانیانەوە بچن.
خۆپیشاندان، ئەوپەڕی کاری مەدەنی و ڕەگەزی دیموکراسی بوونە. جا ئەگەر ڕۆژنامەنووسان بەو کارە هەستن یان هەر گروپ و تاقمێکی تر، کارێکی ئاسییە و بەجێیە.
لەهەر جێگایەکی دنیادا، ڕۆژنامەنووسان هەستن بە بانگەشە بۆ خۆپیشاندان و لەمەڕ مەترسیەکانی پشت پرسی بودجە و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بەشێوەیەکی ترسناك، مانای بوونی درزێکی فراوانە لەبوواری مەدەنیدا. بەو مانایەی کە ڕێکخراوەکانی بوواری مەدەنی هەر نییە یان لاوازە، کە کۆمەڵگا لەڕێگایانەوە هۆشیار و کۆ دەکرێنەوە. مادام وەسائیلی هۆشیارکردنەوە و پاڵنان بۆ گردبوونەوە و خۆپیشاندان بوونی نییە، ئەوا، ڕۆژنامەنووسان، وەکو ئەرکێکی مێژوویی سەرشانیان، ئەو کەلێنە پڕ دەکەنەوە. تەنها جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئایا ئەم بانگەوازە، لەپێناوی بەرژەوەندیەکانی هاونیشتمانیاندایە، یان کارتی فشاری پێ دەسازێنین. بەمانایەکی دیکە، بودجە، لەگۆنگەڵی ناو پەرلەمانەوە بۆ فشاری سەر شەقام دەگوێزرێتەوە.
بودجە، موڵکی گشتییە. واتا، موڵکی هەمووانە و هەمووش پێویستە زانیارییان هەبێت چەندە و چۆن خەرج دەکرێت… لێرەوە، (وێڕای ئەوەی کۆکردنەوەی خەڵك بۆ خۆپیشاندان ئەرکی ڕێکخراوە مەدەنیەکانن) ڕۆژنامەنووسان، یان هەر کەس و تاقمێك، کەپێیان وابێت مافیان لێ زەوت کراوە یان دژ بەخواست و بەرژەوەندیەکانیانە، بۆیان هەیە بانگەشەی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان بکەن. هەرچەندە هەرگیز پێم وانییە دەسەڵات، لەکوردستان بهێڵێت خۆپیشاندان بکرێت.
بەندە، لێرەدا بیرهێنانەوەیەك دەخەمە ڕوو: لەسەردەمی خۆپیشاندانەکاندا، کۆمەڵێك خەڵك گیانیان لەدەستدا و بەناهەق کرانە قوربانی. چییان بەسەر هات؟ کوا ئەو هەموو خاڵ و خاڵکارییە؟ چیمان کرد؟ دەستکەوتەکانمان بێجگە لەبەفیڕۆدانی خوێنی کۆمەڵێك کەس و برینداربوون و سوکایەتی پێکردن و زیندانیکردن و دارکاریکردنی خەڵك، چیمان دەست کەوت؟ ئەی بۆچی نەڕوخا؟ ئەی هەر ئەوان نەبوون، ئەو هەموو ڕەنجەیان لەبیرچۆوە و چوونەوە لەگەڵ هەمان دەسەڵات دانیشتن کە خەڵکە خۆپیشاندەرەکەی کوشت؟.
لێرەوە، دەبێژم: خۆپیشاندان ڕەوایە. لێ هەرگیز بۆ مەرامێك ڕەوا نییە کە هاونیشتمانیان بەکوشت بدات بۆ فراوانبوون و دەسەڵاتی خۆی. نەگونجاویشە خەڵك بڕژێننە سەر شەقام لەڕۆژی هەینیدا بۆ ئەوەی کۆیان بکەنەوە تاکو بەژمارەیەکی زۆر و سەرسوڕهێنەر، نوێژی جومعەیان پێ بکەن!.
تازە، بودجە حەیاتەکە، لەگیرفانە قوڵ و تاریکە شەش کیلۆمەتریەکاندا نوقوم بوو و فت… خەمڵێنراو ئاوە و ئاو چوو! ئەوان، ئەگەر ڕاستگۆ بوونایە، دەبوو هەر زوو و ساڵێك پێش ئێستا، پەرلەمان بەجێ بهێڵن و هەڵی بوەشێننەوە. تازەبەتازە، هیچ هەنگاوێك ناتوانرێت بەرەو پێشەوە ببرێت. پیویست بوو لەبنەوە هەڵتەکێنرێت، نەك بیر لەچاکسازی بکرێتەوە. گەلۆ، چاکسازی هەر ئەوەندەی لێ هەڵدەکڕێنرێت. جا کورد ووتەنی( لەپاش تڕێ، خەمشەی بڕێ).