هیدایەت مەلا عەلی: گەندەڵی دەسەڵات بە ترۆپکی خۆی گەشتووە، نەک رۆژنامەنوس دارو بەرد دەهێنێتە قسە

0

هیدایەت مەلا عەلی: گەندەڵی دەسەڵات بە ترۆپکی خۆی گەشتووە، نەک رۆژنامەنوس دارو بەرد دەهێنێتە قسە

نوچەنێت . تایبەت

هیدایەت مەلا عەلی، بۆ نوچەنێت رایدەگەیەنێت ئەو رۆژنامەنوسانەی کە لەبەرانبەر بودجەی کوردستان کە هۆشداری خۆپیشاندان دەدەن، پارتی و یەکێتی ناچاری کردوون، دەستبەسەردا گرتنی سەندیکای رۆژنامەنوسانیش لەلایەن حزبەوە بەیەکێکی تر لەهۆکارەکان ناودەبات.

دوای ئەوەی بودجەی ئەمساڵێ حکومەت نێردرایە پەڕلەمانی کوردستان، لەپەڕلەمان رەخنەو بایکۆت و مانگرتنی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەدوادا هات، ئەویش بەهۆی ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن، بەهەدەردانی پارەو دیارنەبونی داهاتی ناوخۆ لەبودجەکەدا هەیە، لەهەمانکات سەرنوسەرانی هاوڵاتی و لڤین هۆشداریاندایە پەڕلەمان لەئەگەری تێپەڕاندنی بودجەدا، خۆپیشاندانی سەرتاسەری ساز دەکەن و بۆ ئامادەکاریش دەستەیەکیان پێکهێنا، بەشێکی دیار لە رۆشنبیران ئەو هەڵوێسەتی ئەوان بەدەرچوون لەکاری رۆژنامەوانی هەژمار دەکەن و پێیان وایە تێنەگەشتنە لە ئەرک و کاری رۆژنامەنووس.

بەڵام هیدایەت مەلا عەلی، وەک نوسەرێک بۆ نوچەنێت، رای پێچەوانەی هەیە و پارتی و یەکێتی بەهۆکار دەزانێت و دەڵێت”ئەگەر قسە لەسەر ئەوەیە کە ڕۆژنامەنوسان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵناسن و تێکەڵبونێک لە نێوان کاری سیاسی و ڕۆژنامەنوسی و لایەنداری و بێلایەنی هەیە، بەبڕوای من ئەم حاڵەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەوەوە هەیە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان واتە (یەکێتی و پارتی) کۆیی گشتی پێکهاتەی کۆمەڵگایان شێواندوە”.

هیدایەت، رەخنەی زیاتری هەیە لەپارتی و یەکێتی پێی وایە”ئەم دەسەڵاتە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی کردۆتە چەکی دەستی، بۆ خۆپاراستن و دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا، ئەم دەسەڵاتە تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستانی سەرەوخوار کردۆتەوە، (یەکێتی و پارتی) هاوڵاتیانیان کردۆتە دیلی دەستی ئەو مافە سەرەتایانەی کە دەبێت هەیانبێت، ئەم دەسەڵاتە سەرجەم بوارەکانی (پەروەردە، تەندروستی، ڕاگەیاندن، ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، سیاسەت و ئیدارەی) کردۆتە چەکی دەستی بۆ شێواندنی هەموو پەیوەندیەکان، ئەم دەسەڵاتە پانتایەکی نەهێشتۆتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتی بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵبستێت”.

ئەو نوسەرە بۆ نوچەنێت، دەستبەسەردا گرتنی سەندیکای رۆژنامەنوسان لەلایەن حزبەوە بەهۆکارێکی تر دەزانێت بۆ بەجێنەگەیاندنی کاری رۆژنامەوانی لەلایەن رۆژنامەنوسان و دەستبردنیان بۆ کایەکانی تر و دەڵێت”بەبڕوای من لە کوردستان هیچ ئۆرگان و دەزگاو تاکێک بە (ڕۆژنامەنوس و پزیشک و لێکۆڵەرەوەی سیاسی و مامۆستای زانکۆ،هتد….) ناتوانن وەک ئەوەی کە هەیە ئەرکە ئیداریەکانیان جێبەجێ بکەن و لە مافە مەدەنیەکانیان بەهرەمەندبن، ڕۆژنامەنوسان ئەگەر سەندیکاکەیان بەپێی ڕێکەوتنی حیزبی پۆست و پلەی تێدا دابەش بکرێت، ئەگەر بەشی زۆری بەرپرسانی ئەم سەندیکایە ئەو سیاسیەیانە بەڕێوەی بەرن کە لە ئۆرگانە حیزبیەکاندا پۆستیان هەیە و کاری ڕۆژنامەنوسی تەواوکەری کاری حیزبیانە، ئەگەر بەشی زۆری دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان لەلایەن ڕۆژنامەنوسان و میدیاکارانی حیزبیەوە بەڕیوەببرێت، لەم کۆمەڵگایەدا ناتوانرێت باس لەوە بکرێت کە بۆچی ڕۆژنامەنوس کاریان تەنها گەیاندنی زانیاری و هەواڵەکان نیە بە هاوڵاتیان؟ نابێ بپرسین بۆ چی ڕۆژنامەنوسان تەنها ڕوماڵی ڕوداوەکان ناکەن؟، لە کاتێکدا من وەک خۆم بڕواموایە کە ڕۆژنامەنوس دەتوانێت و بۆی هەیە وەک ئینسانێکی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار و ئیرادە لە نێو کایە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکاندا قسەو بیروبۆچون و کاریگەری خۆی هەبێت، بەو پێیەی لە کۆمەڵگادا ئەوەی ڕودەدات وەک تاکێک ڕوبەڕوی ئەویش دەبێتەوە”.

هەروەها پێشتی وایە”ئاستی گەندەڵی ئەم دەسەڵاتە بە ترۆپکی خۆی گەشتوە، ناعەدالەتی و بردنی سامان و داهاتی کۆمەڵگا، یاری کردن بە چارەنوسی خەڵک، کایەکردن بە ژیانی ئینسانەکانەوە لەلایەن (یەکێتی و پارتی)ەیەوە دارو بەرد دەهێنێتە گۆ و ناچاری دەکات بە هەڵوێست وەرگرتن نەک تەنها ڕۆژنامەنوسان”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com