رزگار رەزا چوچانی: لەو رۆژەوەی ئافەند دیار نییە لەکوردستان ئەمنییەت نییە!!

0

مەولود ئافەند و حکومەتی هەرێم
لەو رۆژەوەی ئافەند دیار نییە ئەمنییەت نییە
رزگار رەزا چوچانی. سوید
وا دوو هەفتەیە رۆژنامەنوس مەولود ئافەند لە کوردستان بێ سەروشوێن و بێ هەواڵە، بەهۆی ئەوەی کە دەنگۆی رفاندنی ئافەند لەلایەن دەزگای ئیتڵاعاتی ئێرانەوە بەربڵاوە، دڵەڕاوکێ کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستانی نێشتەجێی باشوری داگیرکردووە، بێ دەنگی حکومەتی کوردستانیش لەم پرسەو ئەوەندەی تر گومانی فڕاندنی ئەو رۆژنامەنوسەی زیاد کردووەو هێندەی تریش مەزادی موزایەدەی سوکایەتی بەباشورەوە خۆشکردووە.
تا ئێستا لای من و لای کەس روون نیی،ە مەولود ئافەند رفێنراوە، تیرۆر کراوە، سەفەری کردووە، خۆی بزرکردووە، یان چی بەسەر هاتووە، ئەوەی بۆ من روونەو جێی قسە لەسەر کردنە، بێ دەنگی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی کوردستانە لەم پرسەدا، ئاخر ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی شوێنبزری مەولود ئافەندەوە لەگۆڕییە، کەمەرشکێنن بۆ ناوبانگی حکومەتی باشوری کوردستان، کە ئاخۆ دەبێت راست بێت ئەو وڵاتە بۆتە لانەی جاسوسان و دەزگا سیخورییەکانی دەروربەر، تا بەئارەزووی خۆیان تەراتێنی تیا بکەن و خەڵکی لێ بفڕێنن؟، ئەگەر راستە ئەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون و نەبونی چی مانایەک دەدات؟، ئەگەر ناراستە ئەی گەنجێک کە لەکوردستان بزربووە، لەکوێیە؟. ئەوە ئەو پرسیارەیە کەدەبێت حکومەتی کوردستان بەزووترین کات وەکو ئەرکی سەرشانی وەڵامی بداتەوە، چونکە بەپێی هەرچی یاسای ناوخۆیی و جیهانی یە، ئەو حکومەتە بەرپرسە لەپاراستنی گیانی هاوڵاتیەکانی و ئەو پەناهەندانەی روویان کردووەتە ئەو وڵاتە.
بەڵام جێی داخە لەگەڵ ئەوەی کە بەرپرسە، لەبەرانبەر ئەو بەرپرسیارەتیەدا، تاکو ئەمرۆ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەک هەر ترسهێنەر و جێی دڵەڕاوکێیە بۆ ئەو خەڵکەی لەرۆژهەڵاتی کوردستانەوە روویانکردۆتە ئەو وڵاتە، بەڵکو شەرمهاوەریشە بۆ ناوبانگی حکومەتداری خۆیشی، بەوەی کە حکومەتێک بەم هەموو دەزگا ئەمنییەو ئەم هەموو شانازییەی لەبارەی ئەمنیەتەوە بەخەڵکیان دەفرۆشتەوە، لەگەڵ ئەو هەموو کۆنترۆڵەی لەدەروازەی سنورەکان و فرۆکەخانەکان و رێگاوبانەکان هەیانە، دەڵێت زانیاریم نییە ئەو رۆژنامەنوسە گەنجە سەفەری کردووە، یان رفێنراوە، لەناو براوە یان چی لێکراوە!!.
لەلایەکی تر، ئەوەی تاکو ئەمرۆ لە بێ هەڵوێستی حکومەتی کوردستان، زیاتر جێی نیگەرانی و جێی داخە، هەڵوێستی راگەیاندنەکانی باشوری کوردستانە، لەناو راگەیاندنەکانی هەولێر، بەدەر لەگۆڤاری سڤیل کەچەند بابەتێکی لەسەر کەیسی بزربونی ئافەند وروژاندووە، ئەوانەی بەدەنگ هاتوون بەدەنگهاتنیان تەنها بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی رۆتین بووە، یان تەنها بەهۆی ئەوەیە لە سلێمانی بزرکراوەو ئاراستەی کارەکانیان بەئاراستەی تاوانبارکردنی سلێمانیە، ئەوانی سلێمانیش بێ دەنگن چونکە لەهەولێر بزر نەکراوە و کەیسی ئەو بەردەی دامەی سیاسی ئەوان ناخوات. زۆر کەم لەنێوان ئەو هەوڵوێستانەدا هەڵوێستی خەمخۆری بۆ گیانی کوردێکی میوان لەباشور، گەنجێکی رۆژنامەوانی کورد بەدیدەکرێت و زۆربەی هەڵوێستەکان ئامانجدارو بەکارهێنانی کەیسەکەیەتی، وەکو کارتی نابوتکردنی ئەوی تر.
لە سەربەندی بزربونی مەولود ئافەنددا زۆر شت ورژێنراون، وەک ئەوەی، مەولود چووە سلێمانی و لەسلێمانی بەئاگایی دەزگا ئەمنییەکان رفێنرا، نەخێر لەهەولێر بووەو بەهۆی خیانەتی ناو دەزگاکەی خۆی شوێنبزرکراوە، نا لەنێوانی هەولێرو سلێمانی بزربووە، نەخێر هیچیان راست نییە مەولود خۆی سەفەری کردووەو نایەوێ کەس لەم سەفەرە و نهێنی و ئامانجە نهێنیەی ئاگادار بێت، و زۆر شتی تر، ئێستا ئەوەی دیارە کەیسی مەولود و هەزارو یەک سیناریۆی دروستکراو، بەبێ بیرکردنەوە لەوەی ئەی ئەگەر راست بوو و مەولود لەباشوری کوردستان رفێنرابێت، واتای چی خەتەرێک دەدات بۆ سەرژیانی یەک بەیەکی خەڵکی ئەو وڵاتە؟.
من تا ئەمرۆش نازانم بڵێم، مەولودی رفێنراو، بزرکراو، زیندانکراو، یان سەفەرکردوو، بەڵام ئەتوانم بڵێم کوردستان و حکومەتێکی بێ ئەمنیەت، بێ باک لەگیانی خەڵک و لەناوبانگی حکومەتەکەی، بێ باک لەدڵەراوکێی خەڵکەکەی، چونکە لەوێ رۆژێوە کە مەولود ئافەند شوێنبزرە، دەنگۆی رفاندنی ئەو رۆژنامەنوسە زاڵترین دەنگوباسە لەنێو ئەو هەموو باس و سیناریۆیانەی کە دەدرێرتە پەنای بزرکردنەکە و حکومەتیش مێشێک میوانی نییە.
ئاخر خۆ کاتێک دەوترێت لەکوردستاندا ئەمنیەت هەیە، ئەمنیەت هەر بەمانای ئەوە نییە تەقینەوە نەبێت، بەڵکو زۆر شتی تر هەن، کە نەبوونیان مانای نەبوونی ئەمنیەتە.
ئەگەر لەوێندەر هاوڵاتی دڵنیانەبوو لەوەی ژیانی پارێزراوە، واتە ئەمنیەت نییە، پەنابەر و هاونەتەوەو هاوزمانەکانی خۆی لەناو هەرێمی کوردستان، لە دڵەڕاوکێ و ترسی دەزگا سیخورییەکانی وڵاتەکانی خۆیاندا بژین، واتای نەبوونی ئەمنیەتە، ناوبانگی حکومەتی کوردستان لەژێر مەترسیدا بوو، ئەمە نەبوونی ئەمنیەتە، بۆیە ئەتوانم بڵێم لەو رۆژەوەی دەنگۆی شوێبزری ئەو رۆژنامەنوسە لەکوردستان بەربڵاوە، ئەمنیەت باری کردووە، چونکە ئەگەر تەقینەوە نییە، دڵەڕاوکێ هەیە، ئەگەر کوشتن نییە، ترسی رفاندن زاڵە، ئەم نەمانەی ئەمنیەتیش فەڕزی دەکات لەسەر حکومەتی هەرێم، هەرچی زووە لەبارەی کەیسی رۆژنامەنوس مەولود ئافەند و ئاشکراکردنی چارەنوسی، روونکاری بداتە خەڵکی وڵاتەکەی، رایگشتی دنیاش دڵنیابکاتەوە لەوەی، پابەندە بەرئەرکی سەرشانی لەپاراستنی گیانی هاوڵاتیانی و ئەمنیەتی ئەو کوردە پەناهەندانەش پەنایان بۆ باشوری کوردستان هێناوە.
ئەم بابەتە لەژمارە ١٣٨ ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com