
فواد سدیق: تێپەڕاندنی بودجە بەم هەموو دزی و فزییەوە كوفرە، خۆپارێزی لەم پرسە شەرمەزارییە
بودجەی ساڵی پاری پەڕلەمان بڕی (11,459,000,000) یانزە ملیارو چوارسەدو پەنجاو نۆ ملیار دینار بووە، كەچی ئیمساڵ یەكسەر كراوە بە (68,180,000,000) باشە ئەمە چ یاسایەكە بوودجە لە یانزە ملیارەوە بكرێت بە 68 ملیار؟
نوچەنێت تایبەت
فواد سدیق نوسەرو رۆژنامەنووس، بە نوچەنێت ی راگەیاند، لە بودجەی ئەم ساڵی کوردستاندا بێسەروبەری و هەیە و وەک دەڵێت لەگەڵ ئەوەی داهاتی ناوخۆ کە لەو بودجەیە کەمترنییە لەبەغداوە دێت کەس نازانێ دەچێتە گیرفانی کێ وە ئەشیانەوێ “ئەو بودجەیەی بەغداش تەخشان و پەخشان بكرێ “، هەڵوێستی ئەو راگەیاندنانەش کە هۆشداری خۆپیشاندان دەدەن لەئەگەری تێپەڕاندنی بودجە بە هەڵوێستی نیشتیمانی دەزانێت.
ناردنی بودجەی ئەمساڵی حکومەتی کوردستان بۆ پەڕلەمان، گفتوگۆرو رەخنەو ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە نارەزاییەکان گەمەی سیاسی نێوان لایەنەکانەو کەموکوڕییەکانی بودجە رێگەی چارەسەری هەیە، بەشێکی تریش پێیان وایە کەموکورییەکانی بودجە نەک هەر کەلێنە بەڵکو گەندەڵییەکی بەمەبەستکراوە.
فواد سدیق نوسەرو رۆژنامەنوس و سەرنوسەری پێشووتری گۆڤاری گوڵان، لەمەڕ پرسی بودجەوە بۆ نوچەنێت وتی”لە بنەڕەتدا كێشەی بوودجە، پێوەندی بە بژێوی ئەم هەرێمە هەیە، بەڵام من پسپۆری ئابووری واتا ئابووریزان نیم تا بە وردی باسی ئەو هەموو كەلێن و بێسەروبەرییەی بودجەت بۆ بكەم، بەڵكو ئەوەی دەبیستمەوەو ئەوەی دەیخوێنمەوە، گاڵتەجاڕییەكی زۆر لەو بودجەیەدا كراوە، كە ئەمە كاریگەری راستەوخۆی بەسەر ژیان و بژێوی خەڵكی گشتییەوە هەیە”.
سدیق نمونەیە لە کەلێنەکانی بودجەی ئەمساڵ وا باس دەکات کە ” بودجەی ساڵی پاری پەڕلەمان بڕی (11,459,000,000) یانزە ملیارو چوارسەدو پەنجاو نۆ ملیار دینار بووە، كەچی ئیمساڵ یەكسەر كراوە بە (68,180,000,000) باشە ئەمە چ یاسایەكە بوودجە لە یانزە ملیارەوە بكرێت بە 68 ملیار؟ بێگومان بودجەی سەرۆكایەتی هەرێمیش بە هەمانشێوە زۆر زیاد كراوە، ئایا ئەمە بەهەدەردان و تەخشان و پەخشانكردن نییە؟ ئینجا ئەم هەموو پڕۆژە وەهمیە لە كوێی دونیا ، لەكام دواكەوتووترین وڵاتی دونیا بەڕێوە ئەبرێ؟”.
ئەو رۆژنامەنوسە نمونەی وڵاتێک بەهەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە کە هاوڵاتیانی لەکوردستان زیاترەو بودجەشی لەکوردستان کەمترەو دەڵێت”تەنها نموونەیەك دێنمەوە، وڵاتی جۆرجیا لەدوای لەباریەكهەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤێت جیابووەوە، كە هاوكاتە لەگەڵ دروستبوونی هەرێمی كوردستان، ئێستا ژمارەی دانیشتوانی جۆرجیا لە سەروبەندی (5)ملیۆن كەسدایە، ئەم ژمارەیە لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان زیاتریشە، بودجەكەیشی یەك لەسەر پێنجی بودجەی هەرێمی كوردستانە، كەچی دەبینی جورجیا ساڵانە رەنگ و رووخسارێكی تری پێدەدەن، ساڵانە جوانتری دەكەن، كەچی لەو هەرێمی كوردستانە تەنها فرۆشتنی نەوتی پارساڵی 2011 گەیشتبووە (9) ملیار $ دۆلار كە كەس نازانی چووەتە گیرفانی چەند كەسەوە، گومرگەكان و داهاتەكانی وەك وەزارەتی ناوەخۆ، كارەبا ،….هتد كەس نازانێ لە كوێن!! تەنها ئەو بودجەیەی لە بەغداوە دێت بۆ هەرێمی كوردستان بڕی پارەكە دیارە، كە نزیكەی (14) ملیار دۆلارە$، لە كاتێكدا داهاتی ناوەخۆی هەرێم بە نەوتەكەوە لەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بۆمان دێت هیچ كەمتر نییە، بەڵام دەبینی چۆن ئەیانەوێ ئەو بودجەیەی بەغداش تەخشان و پەخشان بكرێ؟”.
فواد سدیق لەمەڕ پرسی خۆپیشاندان لەدژی بودجەی کوردستان، بۆ نوچەنێت دەڵێت”ئەوەندەی من موتابەعەی هەواڵەكان دەكەم، خۆپیشاندان دوا رێگایە كە بەكار دەهێنرێت، ئەو خۆپیشاندانەش ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان رێكیدەخاو سازی دەكات، ئایا رەوایە؟، بەرلەوەی وەڵامتان بدەمەوە من دەپرسم ئەوتەخشانكردنەی بودجە رەوایە؟ ئایا دەبێ بێدەنگبین لەوتەخشانكردنەی بودجە، لەكاتێكدا بودجەیەكی تری ناوەخۆ كە بەقەد بودجەكەی بەغدایە بردراوەو قووتدراوە؟ من بۆخۆم لەگەڵ ئەوەدام هەموو گوشارێك لە پەرلەمان بگیردرێتە بەر بۆئەوەی ئەو بودجەیە بەو سەقەتییە تێنەپەڕێندرێ، چونكە تێپەڕاندنی بودجە بەم هەموو دزی و فزییەوە كوفرە، كەواتا ئەی چ بكرێ؟ بێگومان ئەگەر دەسەڵات گوێی بە هیچ نەدا پێویستە خەڵكیش هەموو رێگایەكی ئاشتیانە بكاربهێنێ، جا خۆپیشاندان و مانگرتن بێ، یان راگەیاندنەكان هەڵمەتێكی راگەیاندن لەبەرامبەریان بكەن، من ئەو شتانە بە ئەركێكی نیشتمانی دەزانم، چونكە بودجە هی خەڵكەو كەس بۆی نییە یاری بە ژیان و بژێوی و بە چارەنووسی ژیانی خەڵكەوە بكات”.
سدیق هەڵوێستی ئەو راگەیاندنانەی دەیانەوێ خۆپیشاندان رێکبخەن لەدژی تێپەڕاندنی بودجە بە هەڵوێستێکی نیشتیمانی دەزانێت و بۆ نوچەنێت وتی”ئایا ئەمە كاری راگەیاندنە؟ بەڵێ ئەی چۆن كاری ئەو نییە لە پرسێكی وەها نیشتمانیدا؟ ئەی پرسی راگەیاندن چییە؟ راگەیاندن لە بنەڕەتەوە بۆچی دروست بووە؟ ئایا وەكوو هەواڵ و وەكوو رەنگدانەوەیەكی پێشكەوتنی كۆمەڵگاو بۆ بەرژەوەندی كۆمەڵگە دروست نەبووە؟ بۆیە خۆپارێزی لەم پرسە ، شەرمەزارییە. چونکە ئەوە تەنها راگەیاندنی هەرێمی كوردستان نییە هەندێ كار وەك گوشار دەكەنە سەر دەسەڵات، ئەگەر سەیری وڵاتی سوید بكەی ( بۆیە وتم سوید چونكە پێشكەوتووترین وڵاتی دیموكراسییە لە دونیادا) حكومەت زراوی لە پەیامنێرێك چووە، زۆرجار رۆژنامەنووسێك وەزیرێك و هەندێجار حكومەتێكی بە هەواڵێك یان راپۆرتێكی رۆژنامەوانی رووخاندووە، نموونەش زۆرە ، بۆیە راگەیاندنیش ئەگەر نیشتمانی بێت ئەو مافەی هەیە داوا بكات و بشچێتە ناو خۆپیشاندانەوە”.