
عەبدولرەحمان زاخۆیی: بودجەی ئەمساڵ لە ساڵانی رابردوو باشترە، ئەوەی دەکرێت موزایەدەی سیاسییە
نوچەنێت تایبەت
ئەندامێکی پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی کوردستان، بە نوچەنێتی راگەیاند، پرۆژەی بودجەی ئەمساڵ لەهەردوو ساڵی رابردوو باشترە، ئاڵۆزییەکانیش لەسەر بودجە بە موزایەدەی سیاسی ناودەبات و رایدەگەنەێت ئیرادە هەیە بۆ چارەسەری کەموکوڕییەکانی پرۆژەی بودجە.
عەبدولرەحمان زاخۆیی کە ئێستا وەک پەڕلەمانتاری سەربەخۆ لەپەڕلەمانی کوردستان کار دەکات، لەبارەی پرۆژەی بودجەی ئەمساڵی حکومەتی کوردستانەوە، بە نوچەنێت ی راگەیاند”بودجەی ئەمساڵ لە هەردوو ساڵانی رابردوو باشترە، بەڵێ کەموکوڕی تێدایە بەڵام هەڵوێست و چاوەڕوانی هەیە زۆربەی کەموکوڕییەکان چارە بکرێت”.
وەک جیاوازی لەنێوان بودجەی ئەمساڵ و پارساڵ، ئەو ئەندامەی پەڕلەمانی کوردستان دەڵێت جیاوازی زۆرن، بۆ نمونە”ساڵی پار بودجەیەکی زۆر بۆ چاکردنەوەی بارەگای حزبەکان تەرخانکرابوو، ئەمساڵ شتی وا نەبووەو زۆر شتی تریشی باشترە لەپار، وەک وتم ئێستاش کە کەموکوڕی لە پرۆژەی بودجەکەدا هەیە، بەڵام ئیرادە هەیە بۆ چارەسەرکردنی”.
زاخۆیی ئەندامی سەربەخۆ لە پەڕلەمانی کوردستان، هۆکاری سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی ئەمساڵ لەسەر بودجە بە موزایەدەی سیاسی ناو دەبات و بە نوچەنێت ی وت” ئەوەی ئەمرۆ دەکرێت زیاتر موزایەدەی ساسییە لەسەر ساحەی کوردستان پەیڕوەو دەکرێت”، ئەوەی لە پەڕلەمانیش سەرەتا لەبەرانبەر پرۆژەی بودجە کرا موزایەدە بوو، چونکە “هێشتا راپۆرتی دارایی لەپەڕلەمان نەخوێندرابوەوە، ئەو کێشەیە دروستکرا، ئەگەر لەسەر بودجە بوو، دەبوایە دوای خوێندنەوەی راپۆرتەکە ئەو هەڵوێستە وەربگیرایە”.