
شەڕی هاوچەرخی حیزبەکان لە فەیسبووک
کەریم چۆلی
لە چاو ئامرازەکانیتری پەیوەندی و ڕاگەیاندن ماوەیەکی زۆر نییە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەکو ئامرازێکی نوێ و ئاسانی پەیوەندی و ڕاگەیاندن لە کوردستان بە کار دەهێنرێ، بەڵام ئەمڕۆ لە بەردەستی هەر کەسێکە و خەریکە دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی ڕۆژانەی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان و وردە وردە لایەنە نەرێنییەکانی بە کارهێنانی ئەم تەکنەلۆیایەش لە کوردستان زیاتر دەبــن، بە تایبەتی لەو کاتەوە کە لایەنە سیاسیەکان بۆ تەسفیە حیساباتی خۆیان پەنا دەبە بەر ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە لایەنی نەرێنی زیاتر بووە.
بەڵام کاتێک بمانەوێ لە ناوەڕۆکی بابەتە بگەین ناکرێ تەنها باس لە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەکارهێنانی فەیسبووک بکەین و بارودۆخی شپرزەی ڕاگەیاندن بەگشتی لە هەرێمی کوردستان فەرامووش بکەیــن یان چاوێک بە بارودۆخی ڕابدووی ڕاگەیاندندا نەگێـڕین، چونکە خەراپ بەکارهێنانی فەیسبووکیش بەشێکە لەو بێسەرو بەرییەی بەگشتی لە ناو بواری ڕاگەیاندندا هەبووە و ئێستاش لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام بۆ ئێستا زیاتر لە هەر ئامرازێکی تر فەیسبووک بە کار دەهێنرێ بێگومان ئەوەش کۆمەڵێک هوکاری خۆی هەیە، کە لەوانەیە سەرەکی ترین هوکاریش شێوە و ئاسانی بەکارهێنان و خێرای فەیسبووک بێت.
سەردەمی شەڕە سارد و گەرمەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردی ئێستاش، کاریگەریان هەر ماوە و هەوڵی جدیش بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییە خەراپە پاشماوەییەکانی نابینرێ، پێش دەرکەوتنی ئەم تەکنەلۆژیایەش ئەم ململانێ یە هەر هەبووە، بەڵام بێگومان وەکو ئێستا کاریگەر نەبووە و ئەوها بە ئاسانیش بە هەر کەسێک نەگەیشتووە، دیارە لە سەردەمی شەڕەگەرمەکاندا حیزبەکان ئامراز و دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیان بە شێوەیەکی ئاشاکرا دژ بە یەکتری بە کارهێناوە و لە کاتی شەڕە ساردەکانیشدا پڕۆپاگەندەی سەرچاوە نادیار و دەزگا سێبەرەکانیان بە کارهێناوە، بەڵام ئەم تەکنەلۆژیا تازەیەی کە پێی دەوترێ فەیسبووک کاری لایەنە دژ بە یەکەکانی زۆر ئاسانترکردووە و دروستکردنی ئەکاونتێک، یان پەیجێکی لایک لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هیچی تێناچێ، جگەلە ڕاسپاردنی کەسێک، کە لەوانەیە هەندێک جار کەسەکە سەربەخۆش ئەو کارە بکات بەبێ لەبەر چاوگرتنی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی و سەرئەنجامی کارەکەی. دەکرێ هەندێ جار ڕقی لە لایەنە سیاسیەکەی بەرانبەر یان کەسێکی دیاریکراو هوکاری ئەو کارەبێت، ئەم حاڵەتەش زۆر بەی جار دەبێتە هوی شکاندنی سومعەی کەس و لایەنێکی دیاریکراو کە قەرەبووکردنەوەی زۆر قورس دەبێت.
ئەمەش پێمان دەڵێت بەداخەوە ئێمە لە مانای جیاوازی بیروڕا تێنەگەیشتووین وحیزبەکانیش ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان لە سەر ئەوە پەروەردە ناکەن، کە ئاسایترین شت ئەوەیە چەند کەسێکی دیاریکراو بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بابەتێک هەبێت و هەر کەسە و بەهانەی پێویستیشی بەدەستەوە بیت بۆ ڕاو بۆچوونەکەی، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە نا ئاساییە و هەر زوو لەم فەیسبووکەی خۆمان دەردەکەوێ ئەوەیە، پەیج و ئەکاونتێکانی فەیسبووک دەست دەکەن بە هێرشی دوور لە ئێتیکی مرۆڤایەتی و هەوڵی شکاندنی بەرانبەر، ئەم حاڵەتەش ئەوڕاستییەمان پێدەڵێ کە برینە قوڵەکانی ڕابردوو ئێستاش ساڕێژ نەکراون و دەکرێ لە هەر دەرفەتێکدا ئێمە یەکتری قبوڵ نەکەین، هەروەها ئەو ڕاستیەشمان پێدەڵێ کە تا ئێستاش لایەنە سیاسییەکان لایەنگرانی خۆیان لەسەر دژایەتی بەرانبەر پەروەردە دەکەن و هەر کار و بۆچوونێکی بەرانبەریان بە هەڵە و ناواقعی پێناسە دەکەن بەبێ ئەوەی ئامادەی شرۆڤە و گفتوگۆبن.
من ناتوانم بڵێم تەواوی ئەو پەیج و ئەکاونتانەی تەنها خەریکی شکاندن و جنێو فرۆشتنن بە ئاگاداری و ئیعازی سەرەوەی حیزبەکان کار دەکەن، بەڵام بێگومان ناشکرێ هیچ ئاگایان لێی نەبێت، کاتێک کەسە باڵاکانی حیزب داوای ڕاگرتنی هێرشەکان دەکەن، یان دەست خۆشی لەو کەسانە دەکەن کە لە پشت ئەو پەیج و ئەکاونتانەوەن، ئەوە بەڵگەیە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاگایان لە کاری ئەو پەیجانە هەیە و دەکرێ واش لێک بدرێتەوە کە پێیان خۆشە و هەر خۆشیان سەرچاوەی پێدانی هەندێک زانیاری و بەڵگە و تەنانەت سەرچاوەی دارای ئەو پەیجانەشن.
من لەو بڕوایەدام ئێمە تا ئێستاش لە رەخنە و رەخنە لە خۆگرتن تێنەگەیشتووین و ئێستاش پێمان وایە مادام وەکو من بیرناکەیتەوە ئیتر مافی هیچ شتێکت نییە بە مافی ژیانیشەوە، ئەمەش دەبێتە هوی قوڵکردنەوەی ئەو جیاوازیانەی لە نێو لایەنە سیاسیەکان و تەخەجیاوازەکانی کۆمەڵگا دا هەن، بۆیە لەم حاڵەتەدا تەنها چاسەریش ئەوەیە لایەنە سیاسیەکان خەڵک و ئەندامانی خۆیان لەسەر ئەوە ڕابهێنن کە لایەنی بەرانبەریش مافی بیرکردنەوە و ڕادەربرینی هەیە و ناشکرێ هەموومان وەکو یەک بیر بکەینەوە و ناشکرێ هەموو ڕاستییەکان هەر چوونێک بــن، لای کەسێک یان لایەنێک بــن، بێگومان لەگەڵ پەروەردەیەکی لەو شیوەیەش پێویستیمان بە گۆڕینی سیستمی حیزبایەتی و سیاسیشە، چونکە ئێستا حیزب لە کوردستان ئامرازێکە بۆ کۆکردنەوەی مادە و سەرچاوەی ژیان و لەمەشدا حیزبەکان خۆیان خەتابارن نەک خەڵک، چونکە کاتێک مافەکان بە مافی ژیانیشەوە بە ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە دەبەسترێنەوە بەشێکی زۆری خەڵک ناچار دەکرێن ملکەچی ئەو ئایدیۆلۆژییە دیاریکراوەبــن، لەم حاڵەتەدا کەسەکان بەبێ ئەوەی پێی بزانن ناچار دەبن بەرگیری لەسەر چاوەی ژیانیان بکەن.