ته‌نیایی، وه‌ك ڕووبه‌رێك بۆ جوانناسی
نيهاد جامى
ئه‌وه هه‌وڵێكه بۆ ناساندنه‌وه‌ی جوانی به خودی تێكشكاو، به‌دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا دڵمان ئه‌شكێنێت وته‌واوی دامه‌زراوو ئۆرگانه كۆمه‌ڵایه‌تی وفه‌رهه‌نگی وكولتوریه‌كان شه‌ڕ به‌هه‌موو جوانی و خه‌ونێك ئه‌فرۆشن ئیدی توانای هه‌ڵكردن له‌ته‌ك ئه‌و دامه‌زراوانه ئه‌بێته كارێكی ئه‌سته‌م، بۆیه ناچار ئه‌بین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی حورمه‌ت به ژیان بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه دنیایه‌كی نوێ بدۆزینه‌وه دنیایه‌ك نه‌یه‌ڵین مرۆڤه‌كانی تر تیایدا به‌شدار بن، ئه‌وه‌ش پڕۆسه‌یه‌كی فه‌ردگه‌راییه هه‌ر یه‌ك له‌وانه‌ی دڵیان ئه‌شكێت توانای ئه‌و زینده‌گیانه‌یان هه‌یه. ئه‌وه‌ش پڕۆسه‌یه‌كه له‌گه‌ڕانه‌وه بۆ یاده‌وه‌ری ده‌ست پێده‌كات به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ یه‌كه‌م كۆڵان كه یاریمان تیای كردووه، تاوه‌كو به‌رز ئه‌بێته‌وه بۆ یه‌كه‌م ڕه‌حله‌ی خوێندن و یه‌كه‌مین هاوڕێ كه ڕێگای قوتابخانه‌و یاریه‌كانی كۆڵانمان به‌یه‌كه‌وه به‌شده‌كرد، له‌و پڕۆسه‌یه‌شدا ئێمه یه‌كه‌م وێنه ئه‌و ده‌مه ڕووبه‌رووی ده‌بینه‌وه كه چاوه‌كانمان به‌ر له قاچه‌كانمان ده‌مانبه‌نه‌وه یه‌كه‌م كۆڵان.. كۆڵانی یاریه‌كانی مناڵیمان ئێستا هه‌موو ئه‌و مناڵانه‌ی له‌شوێنی ئێمه یاری ده‌كه‌ن ئێمه وه‌ك مرۆڤی به‌ته‌مه‌ن نامۆ به‌و كۆڵانه ته‌ماشا ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌وه كۆڵانی مناڵی ئێمه‌یه، یه‌كه‌م ده‌روازه بوو لێره‌وه به‌ره‌و قوتابخانه رۆیشتین وله‌جه‌ژنیشدا جه‌ژنانه وه‌رگرتن وكۆبوونه‌وه بۆ چوونه سینه‌ما هه‌ر لێره‌وه ده‌ستی پێده‌كرد.
ئێسته كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و كۆڵانه ته‌رمی مناڵی خۆمان ده‌بینینه‌وه.. سه‌یری ئه‌و كۆشكه به‌رزه ده‌كه‌ین كه جاران خانوویه‌كی قووڕ بوو دوو په‌نجه‌ره تیایدا ئه‌یانڕوانیه كۆڵان په‌نجه‌ره‌كه‌ی لای چه‌پ ماڵی ئێمه بوو، په‌نجه‌ره‌كه‌ی ڕاستیش ماڵی بێوه‌ژنێكی حه‌وشه‌كه‌ی هه‌ردووكمان بوو، ئه‌وسا هه‌ر ماڵێك ژوورێكی هه‌بوو، ئه‌و ژووره بریتی بوو له‌ماڵ، به‌ڵام جوانی زۆر به‌قووڵی له‌ناو ئه‌و ماڵه‌دا بوونی هه‌بوو، ئێسته ئاسه‌واری ئه‌و ماڵه گۆڕاوه، كه‌س باوه‌ڕ ناكات كه مناڵی ئێمه له‌و ژووره پڕی بووه له‌جوانی وچاوه‌ڕوانی كردنی باوكێكی سه‌رباز كه‌سه‌ر به‌كۆشی دایك ئه‌كه‌یت وده‌مت لای ئه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانی چه‌ند رۆژی تر باوك دێته‌وه به جانتایه‌ك میوه به‌ته‌ك جانتای جل وبه‌رگی سه‌ربازیه‌وه، خۆمان به‌باوه‌شی بكه‌ین تابمانبات بۆ كه‌بابخانه، تارۆژێكیان پشكۆی ئاگری كه‌بابخانه ئه‌و قاته شین و سپیه سوفداره‌ی له‌لای چه‌په‌وه سووتان و به‌هه‌موو هێزمه‌وه ئه‌گریام، باوكم وكه‌بابچیه‌كه هه‌رچیه‌كیان كرد نه‌یانتوانی من ژیر بكه‌نه‌وه.
نیگای هه‌ر یه‌كێكمان له‌مناڵی له‌ناو ئه‌و یاده‌وه‌ریه ئه‌چووه سه‌ر ده‌رگا، به‌ڵام ئێستا ئێمه ناتوانین له‌و ده‌رگایه‌وه بچینه ژوورێ، چونكه ئێستا ماڵی ئێمه نیه.. چیتر ناكرێ چاوه‌ڕوانی چوون بۆ كه‌بابخانه‌یه‌ك و پیاسه‌و رۆیشتن بۆ دوكانی مغازه‌كان بین له‌گه‌ڵ باوك تا جلی جه‌ژنمان بۆ بكرێت، ته‌نها له‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه بۆ یاده‌وه‌ری ئه‌توانین ئه‌و زه‌مه‌نه بگه‌ڕێنینه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بتوانێ له‌ناو وێنه‌ی یاده‌وه‌ریی به‌شداریمان له‌گه‌ڵدا بكات.
وه‌ك چۆن ئه‌و ده‌مه‌ی باوكم مردو خستیانه ژێر گۆڕه‌وه من به‌لێواری گۆڕه‌كه‌ی دانیشتبووم كاتێ بردیانه ژێر خاك من ده‌ستی باوكمم بینی له‌ژێر كفنه‌كه‌وه هاته ده‌ره‌وه كراسه‌كه‌ی به‌رمی ڕ‌اكێشا، به‌ڵام كه سه‌یری خۆم كرد هه‌ر بلوزه شینه سوفداره‌كه‌ی مناڵیم له‌به‌ر بوو، ئه‌و بلوزه‌كه‌می ڕاده‌كێشاو ئه‌گه‌ر خۆم به زه‌ویه‌كه نه‌گرتباوه له‌گه‌ڵ خۆی ئه‌یبردمه ژێر خاك، به‌ڵام مردنی باوكم هه‌موو یادگاریه‌كانی ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ خۆی برد، ئه‌و پیاوه هه‌موو مناڵیمی له‌گه‌ڵ خۆی خسته ژێر گڵه‌وه، من به‌دوای ئه‌و مردنه ته‌رمی مناڵیم بیر دێته‌وه.
ئێستاش له‌كۆڵانه‌كان مناڵیم ئه‌بینمه‌وه، ئێواران كاتی ده‌مه‌و مه‌غریب له‌كۆڵانی خانه‌قا مناڵیم ئه‌بینمه‌وه زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كم بۆ ده‌كات وخۆی ده‌كات به خانووه‌كه‌ی ڕه‌عناخان، به‌ڵام كه دوای ده‌كه‌وم له‌به‌رده‌رگا شینه‌كه ده‌وه‌ستم مناڵی ده‌رگام لێ ناكاته‌وه، له‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی كه ئێمه یه‌كه‌م ماڵی گه‌ڕه‌ك بووین ته‌له‌ڤزیۆنمان كڕی وپشتی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه ده‌كه‌وته په‌نجه‌ره‌كه‌وه ئێواران مناڵان ده‌هاتن له‌و په‌نجه‌ره‌یه كۆ ده‌بوونه‌وه تا سه‌یری ته‌له‌ڤزیۆن بكه‌ن، منیش ئێستا وه‌ك ئه‌و مناڵانه ده‌چمه به‌ر ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه بانگی مناڵیم ئه‌كه‌م، كه‌چی ئه‌و ئه‌چێته باوه‌شی باجی ئامین ئه‌و بێوه‌ژنه‌ی له‌حه‌وشه‌كه‌مان بوو ئه‌و زۆر له‌دایكم زیاتر هۆگری بووم ومنالیم له‌باوه‌شی ئه‌ودا ده‌خه‌وتم، ئیدی مناڵی ده‌رگا له‌من ناكاته‌وه ته‌نانه‌ت په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌ش داده‌خات، له‌وه تێده‌گه‌م كه من پیر بوومه‌و ئه‌وه‌ته مناڵی خۆشم ده‌رگام لێناكاته‌وه.
ده‌ست كه‌وتنه‌وه‌ی جوانی به‌ره‌نجامی چێژ وه‌رگرتنه له‌ته‌نیایی وه‌ك ڕووبه‌رێك بۆ جوانناسی، ئه‌وه‌ش دۆزینه‌وه‌ی جوانیه له‌ناو ئه‌ده‌ب وهونه‌ردا، ئه‌و ده‌مه‌ی هاوڕێكانمان خیانه‌تمان لێده‌كه‌ن ئێمه ده‌توانین له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه هاوڕێی تازه بناسین ئه‌توانین هاوڕێیه‌ك بناسین وناوی (جه‌لاده‌تی كۆتر) بێت، هه‌ر ناسینی ئه‌و هاوڕێیه پڕۆسه‌یه‌كی ئاوێته‌یی له‌نێوان تۆ وجه‌لاده‌ت درووست بكات واتان لێبكات هه‌ردووكتان هۆگری كچێك بن به‌ناوی دالیا سیراجه‌دین، هه‌موو ئه‌و په‌یوه‌ندیانه توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ناو ژیانه‌وه بێت، ئیدی هاوڕێكانمان ئه‌و كه‌سانه نابن كه له‌شه‌قامه‌كاندا بیانبینین وبچینه چایخانه‌و شه‌و له‌گه‌ڵیان بۆ خواردنه‌وه ده‌رچین، به‌ڵكو ئه‌مجاره‌یان هاوڕێكانمان به‌جدی په‌یوه‌ندیه‌كی رۆحی هه‌یه له‌نێوانمان بێ ئه‌وه‌ی یه‌كتری ببینین هه‌ست به رۆحی یه‌كتری ده‌كه‌ین، ئه‌و ده‌مه‌ی له‌گه‌ڵ (شۆپان) ده‌بینه هاوڕێ، ڕاسته ئه‌و هاوڕێیه‌تیه له‌ڕێگای مۆسیقاوه‌یه، به‌ڵام مۆسیقا ده‌بێته هۆی دۆزینه‌وه‌ی دنیایه‌كی نوێ كه قسه‌مان بۆ بكات وئێمه‌ش ڕۆحی خۆمان ئاماده بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی رۆژێك بۆ هاوڕێیه‌ك بیكه‌ینه‌وه سه‌ر پشت، ئه‌و ته‌لیسمه بشكێنین كه سه‌فه‌ر به‌ناخی خۆمان به‌هاوڕێیه‌ك بكه‌ین، تا (مۆزارت) دێت و فێری عاشقبوونێكمان ده‌كات، به‌ڵام هێشتا پێویستمان به‌هاوڕێی تر هه‌یه، ئه‌و ده‌مه‌ی (چایكۆفسكی) ده‌ناسین فێر ده‌بین كه چۆن تووڕه‌بوونه‌كان بكوژین وهێمن بین له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌دنیادا ڕوو ده‌ده‌ن، تا ده‌مه‌و عه‌سرێك پپانۆیه‌كی چاوه‌ڕوانی (جه‌وادی مه‌عروفی) ده‌ناسین، ئه‌وه‌ی كۆمان ئه‌كاته‌وه زمانی مۆسیقاكه‌یه‌تی، وامان لێده‌كات خه‌ون وخولیاو ئازاره‌كانمان له‌یه‌ك بچن، هه‌ندێك له‌و كچانه ده‌ناسین كه سوێند ده‌خۆن ئه‌گه‌ر نهێنی ئه‌و عه‌شقه ته‌لیسماویه ئاشكرا بكه‌ین ئیدی ئه‌وان وا ده‌كه‌ن كه هه‌موو كۆمه‌ڵگا به شێتمان بزانێت، ئه‌و كچانه‌ی له‌فلمه‌كانه‌وه عاشقیان ده‌بین (كیت وینسلیت، ژۆلیا رۆبه‌رتس، دیان لین، نیكۆل كیدمان، صۆفیا مارسۆ، میریل سترێب) هه‌موو ئه‌و هاوڕێیه‌تی وعه‌شقه ده‌مانكات به‌كه‌سێكیتر كه له‌ڕاستیدا ئه‌وه ته‌نیاییه وامان لێده‌كات له‌و ڕێگه‌یه‌وه له‌گه‌ڵ جوانی ئاشتمان ده‌كاته‌وه، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش له‌ڕێگه‌ی نامه‌ی ئه‌لكترۆنیه‌وه عاشقی ژنێك ئه‌بێته دۆزینه‌وه‌ی عه‌شقی ڕاسته‌قینه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕووخساری ببینیت، به‌ڵام ئه‌توانی له‌ڕێگه‌ی جوانیه‌كانی ناخیه‌وه ئه‌و نهێنیه شاراوانه ئاشكرا بكه‌یت كه ڕووخسار وای كردبوو جوانی ناخ وون بێت، ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندیه به‌دوای ئه‌و سه‌فه‌ره درێژه‌ی خوێندنه‌وه‌و گوێگرتن له‌مۆسیقاو بینینی فلمی جیاواز درووست ئه‌بێت، ئه‌وه وا ده‌كات له‌و ناسینه ده‌رگا داخراوه‌كانی رۆحی خۆت له‌و ژنه بكه‌یته‌وه، كه‌ناخی ئه‌و زۆر له‌ڕووخساری جوانی ناو وێنه‌كه‌ی جوانتره، به‌ڵام ئه‌و هه‌میشه وه‌ك جوانی ڕواڵه‌ت ناسیویانه، ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندیه كه ده‌ته‌وێ نهێنی شاراوه‌ی ناخ وتاریكیه‌كانی ناو رۆح بناسیت، وا ده‌كات چیتر چه‌مكی پیاوبوونت قه‌بووڵ نه‌بێت، چونكه ئه‌و چه‌مكه وابه‌سته بۆته‌وه به‌هێزی په‌یوه‌ندیی سێكسیه‌وه، بۆیه ئه‌و چه‌مكه بۆ عاشق ده‌بێته بێزراوترین چه‌مك وله‌شوێنیدا ده‌یه‌وێت پیاو نه‌بێت وعاشق بێت.
عاشق بوون ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كاتێ ڕووبه‌رووی ده‌بینه‌وه فرمێسك له‌چاوه‌كانمان ناوه‌ستێ ئه‌وه ئاگری عه‌شقه له‌ناو دڵ واده‌كات دڵ له‌ناو ئه‌و ئاگره عاشق وپیاو له ململانێدابن سه‌ره‌نجام پیاو به‌رگه‌ی ئه‌و ئاگره ناگرێت و عاشق به‌رگه‌ی ئه‌و ئاگره ده‌گرێت، ئه‌وه‌ش كوشتنی پیاوی ناو رۆحه و نووسینه‌وه‌ی عاشق بوونه له‌ناو ڕۆح‌دا، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی فرمێسك ده‌ریایه‌ك له‌چاوه‌كانمان درووست بكات و عه‌ینه‌گه‌كه وه‌ك جامی ئۆتۆمۆبێلێكی لێبكات ئه‌و ده‌مه‌ی له ززستاندا باران ئه‌بارێت، جامی عه‌ینه‌گه‌كه‌و جامی ئۆتۆمۆبیلی به‌ر باران له‌یه‌ك ئه‌چن، ئه‌وه عاشق بوونه ئه‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ناو مناڵی كاتێ چێژمان له دڵۆپه بارانه‌كانی سه‌ر جامی ئۆتۆمۆبیل ده‌بینی، بۆیه عاشق بوون ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ پاكی مناڵی و پاكمان ئه‌كاته‌وه له‌و هه‌موو شه‌ڕانگێزه‌ی كه پیاوبوون تووشی كردبووین، پاكیه‌تی عاشق.. پاكێتی مناڵیه كه هێشتا پیاو ناشیرینی نه‌كردبوو.
ئه‌و پیاوانه‌ی كه رۆژانه ڕێكه‌وتیان ده‌كه‌ین وقات وبۆینباخه‌كانیان به پۆشته‌یی ده‌رده‌خه‌ن تا له‌دیمانه رۆژنامه‌ییه‌كان جوان ده‌ربچن، له‌ڕاستیدا ته‌نها خۆیان ده‌زانن چ ناشیرینیه‌كیان له‌ناو خۆیان هه‌ڵگرتووه بۆیه ده‌یانه‌وێ له‌ڕێگه‌ی جل وبه‌رگه‌وه ناشیرینی بشارنه‌وه، بۆیه جیاوازی له‌نێوان وێنه‌ی پیاو له‌گه‌ڵ عاشق له‌وه‌دا جیا ده‌كه‌ینه‌وه كه یه‌كه‌میان ئیش له‌سه‌ر ڕواڵه‌ت ئه‌كات، هه‌رچی عاشقه ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌و جوانیانه‌ی ناخی دۆست بدۆزێته‌وه، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تا له‌ڕێگه‌ی ده‌رگاكردنه‌وه‌یه له‌ناخی خۆی بۆ دۆست، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناخی خۆیه‌وه دۆست به‌هه‌موو ئه‌و كۆڵانه تاریكانه‌ی رۆحی خۆی بناسێنێت، دواتر به كۆلاره‌ی مناڵێكه‌وه تا سه‌ر هه‌وره‌كانی ئاسمانی به‌رێت، تا ده‌گاته سه‌ر په‌لكه زێرینه‌كانی دوای باران له‌وێوه دۆست وه‌ك یه‌ك له‌فریشته‌كانی ئاسمان ده‌رئه‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش سه‌فه‌ری ئه‌به‌دیه بۆ گۆڕینی زه‌مه‌ن.. زه‌مه‌نێك ئاماده‌بوونی ئه‌زه‌لی په‌یوه‌ندی عاشق بێت به دۆسته‌وه.
نيهاد جامى: ته‌نیایی، وه‌ك ڕووبه‌رێك بۆ جوانناسی
0
Share.