سەردار عەبدوڵا: لە مۆندیالی هەرێمەکاندا رۆشنبیران لە کوێ بون؟

0

لە مۆندیالی هەرێمەکاندا رۆشنبیران لە کوێ بون؟
سەردار عەبدوڵا
بۆ حوکمدان لە سەر ئامادەبونی نەتەوەیی لەم مۆندیالەدا، دەبێ زۆر واقیعیانە و راشکاوانە قسە بکەین، لەسەرەتادا ئەوەی جێی سەرسومانی هەمومان بو، هەر بەتەنها غیابی نوخبە نەبو، بگرە یاریگاکان تا رادەیەک چۆڵ بون. ئێمە تەنها رەخنە لە بەرپرسان و لەناویشیاندا بەرپرسانی دەسەڵات دەگرین، لە کاتێکدا ئەوانی تریشمان هەر نەبینی. نوخبەی میدیا و رۆشنبیرانیشمان نەبینی. لە کاتێکدا کە زوربەی میدیاکار و رۆشنبیر و سیاسیەکانی ئێمە زۆر بە خەستی سەرگەرمی یاری و پاڵەوانێتیە جیهانیەکان دەبن و هەڵبەتە ئەمە مافێکی سەرەتایی خۆیانە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە تۆ بڵێی مۆندیالێکی وا گرنگ و پڕ دەلالەت هێندەی یاریەکی نێوان بەرازیل و ئەرجەنتین، یان نێوان دو یانەی ئیسپانی ریال و بەرشەلۆنە بایەخی نەبێت؟.
لێرەوە دەبێ دورتر و قوڵتر لەم دەسەڵاتە قسە بکەین کە بە تەواوەتی لە میلەت و خەونەکانی و ئاواتەکانی و سەرکەوتن و داهێنانی گەنجەکانی دابڕاوە. راستە هەمو ئەم بێخەمی و خەمساردیە بەشێکە لە بەرهەمی سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان. بەڵام خەریکە بۆ خۆ دزینەوە لە مەسئولیەت ئەمە دەکەینە بیانو و پاساو.. لەبیرمان دەچێتەوە کە ئەرکی ئێمەیە ئەو دۆخە بگۆڕین و ئەمەش ئەرکێکی هەر بە تەنها لەناو چوارچێوەی رەخنەدا نامێنێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی بتوانین دۆخەکە بگۆڕین، دەبێ ئەڵتەرناتیڤ پێشکەش بکەین، ئەمەش مانای ئەڵتەرناتیڤە لە رەفتار و مامەڵەدا.
زۆر بە رونی و بێ پێچوپەنا غائیبترین توێژی کورد لەم مۆندیالەدا رۆشنبیران بون، کە باسی غیابیش دەکەم، هەر بەتەنها مەبەستم ئامادەبونی ناو یاریگاکان نیە، ئەوان ئازادن نەیەنە ناو یاریگاکان، بەڵکو لەو هەمو لێدوان و دەرکەوتن و چاوپێکەوتن و نوسینانەی تەلەفزیۆن رۆژنامەو گۆڤارەکانی وڵاتیان پێ پڕ کردوە، نەمانبینی باسێکی سەرپێیش لەسەر دەلالەتە جۆراوجۆرەکانی پشت ئەم روداوە بکەن، بە ئاستێک کە وا هەست دەکرێت کە ئەسڵەن ئاگایان لەوە نەبوە کە مۆندیالی هەرێمەکان لە کوردستان بەڕێوە دەچێ و ئەوە گەنجە ئازا و داهێنەرەکانی کوردستانن یاری دەکەن و سەرکەوتن تۆمار دەکەن و سەری هەمومان بەرز دەکەنەوە.
ئەم بابەتە لەپەیجی بەڕێز سەردار عەبدوڵا، پەڕلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فەیسبووک وەرگیراوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com