
کوردو فەیسبووک، جەنگ و سوکایەتی
نوچەنێت:. گەنجانی کورد لە فەیسبووک، سوکایەتی بەیەکتر، هەوڵی شکاندنی یەک، جەنگ بەوەکالەتی سیاسیەکان، خۆشکردنی ئاگری جەنگ، هۆکارەکان، ئەنجام، چارەسەر؟.
سالار کوردستانی: ئەوەی دەبینرێ قێزەونترین جۆری ململانێیە و کەس نازانێ لەسەر چییە
ئەم جۆرە ململانێ و شەڕە جنێو و ڕکەبەرایەتییەی کە ڕۆژانە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی حزب و پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە دەیبینین، بە بروای من زیاتر کارەساتە نەک دیاردە، چونکە دیاردە بەو شتانە دەوترێ کە تازە سەریان ھەڵدابێ و خۆیان خزاندبێتە ناو کلتور و داب و نەریت و ھەڵسوکەوتی ڕۆژانەی شارێک یان وڵاتێک یاخود بەگشتی بابڵێین نەتەوەیەک، کە بەلایانەوە شتێکی نامۆو نەخوازراو بێت، وە تا ڕادەیەک چارەسەرکردنی ڕەنگە ئاسان بێت .
بەڵام ئەمەی کە ئێستا ھەیە زادەی ململانێییەکی نادروستە لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەکاندا ھەرلە سەرەتای ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانەوە تاکو ئەمڕۆ .
ھەرکاتێک بچوکترین لێک حاڵیی نەبوون ھاتبێتە ئاراوە، پەنایان بردۆتە بەر توندو تیژیی و ھەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، وەک بە چاوی خۆمان چەندین جار دوبارە بوونەوەی ئەو مێژووەمان بینیوەو ناتوانین ئینکاری لێبکەین .
دواجار سەرکردەکانی کورد بێگوناھی خۆیان نیشانداوەو ئۆباڵی دروستبوونی شەڕەکانیان ناوەتە ئەستۆی لایەنگران و چینی خوارەوەی حزبەکانیان .
ساڵانی ڕابردوو دەکرا بڵێن شەڕی نێوان پارتە سیاسییەکان، لە پێناو گرتنە دەستی حکومڕانیی و کورسی و دەستەڵاتدابووە، دەشکرا خۆمان بخەڵەتێنین و بڵێین ململانێکان لەپێناو خزمەتکردن بە گەلی کوردو دۆسێی کورددایە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێ ناشرینترین و قێزەونترین جۆری ململانێیە کە ھیچ کەس نازانێ لەسەر چییە؟؟.
بەھانەیەک لە ئارادا نییە بۆ ھەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، ھەموو کۆنە قینێکی رابدوویان ھاتۆتەوە سەر دروستکردنی پەیج و گروپی جۆراو ئەکاونتەکانی فەیسبووک لەژێر ناوی خوازراو و دانانی وێنەو سەرو گوێلاکی سەیر سەیر بۆ دژایەتی کردن و سوکایەتی کردن بە یەکتر، تا دەگاتە شێواندنی وێنەو ناو و ناوبانگ و مێژووی سەرکردەکان.
ئەوەی لای من جێگای پرسیارە بێدەنگی پارتەکانە لەم ھەراو ھوریایەی لایەنگرەکانیان، وەک ئەوەی کە پێیان خۆشبێت، ئەگەرنا چەند جارێک پارتە سیاسییەکان لە زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا روونکردنەوەیاندا سەبارەت بەوەی کە ئەوان بێبەرین لەو جۆرە تاقم و گروپانەی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کە پێویست وابوو لایەنگرانی خۆیان ئاگادار بکەنەوەو ڕێگرییان لێبکەن، نەک وەک خۆیان دەڵێن جەماوەری بەشەرەفی کوردستان، ئەنجامەکەشی ئەوە بوو گروپ و تاقم و قەوم و قەبیلەکانی ناو فەیسبووک لەبری ئەوەی کەم ببنەوە ژمارەیان زیادی کرد، چونکە ھەڕەشەیان لێنەکرا لە سەروی خۆیانەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەبوو، کە تەنھا پارتە سیاسییەکان خۆ دورخستنەوەیان بە ئەرکی سەر شانیان زانی، نەک ڕێگرتن لە ھەواداران و لایەنگرانیان.