کورد‌و فەیسبووک، جەنگ و سوکایەتی
نوچەنێت:. گەنجانی کورد لە فەیسبووک، سوکایەتی بەیەکتر، هەوڵی شکاندنی یەک، جەنگ بەوەکالەتی سیاسیەکان، خۆشکردنی ئاگری جەنگ، هۆکارەکان، ئەنجام، چارەسەر؟.
سه‌رهه‌د فتاح محمد: بۆچی شه‌رِ؟ کێ سودمەندە؟.
چه‌ند تایبەتمەندییەک هه‌يه كۆمه‌ك به ئێمه ده‌كات بۆ ناسینەوە یان بۆ په‌یبردن به‌هه‌ست و مه‌يلی لايه‌نگرانی حيزبه کوردییەكان، یان بۆ تێگه‌يشتن له‌م دۆخه‌ی كه ئه‌مرۆ باڵاته ده‌سته به‌سه‌ر لايه‌نگرانی پارته كوردييه‌كاندا، يان خودی سه‌ركرده‌و به‌رپرسه باڵاكانی حيزبانەکاندا.
يه‌كێك له ديارترين ئه‌و خاسييه‌تانه‌ی كه‌ئه‌مرۆ و سبه‌ی لایەنگرانی حزبی کوردی یان تەنانەت کوردی وه‌ك نه‌ته‌وه و خێڵ و ته‌نانه‌ت مێژووشمان پێي ده‌ناسرێته‌وه، بوونی زهنی ئه‌ویتر به‌كه‌مگرتن و حيساب بۆ نه‌كردن و سوكايه‌تی پێكردن و جنێودان بەبەرانبەرەکانێتی.
حزبی کوردی هه‌ر كاتێك لەتوانایان بوبێت كۆمه‌ڵگه ده‌سته‌مۆو گوێ رايه‌ڵ و ملكه‌چ به بۆ چوون و ئايدۆلۆژيه‌كانی حيزب بكه‌ن، کردویانە و ده‌يكه‌ن و ئامادەی دەکەن بۆ جەنگی بەرگری لەخۆیان، وەک چۆن راگەیاندنەکانیان به‌كرداری ئەگەر توانای هه‌ڵگيرساندنی جه‌نگيان هه‌بوبێ کردویانە و هەرواش ده‌یکەن.
ئەوەی لەرابردوو لەکاتی جەنگی ناوخۆ حزبی کوردی بەیەکتری دەوت، ئێستا لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە بەشێوەیەکی بەرفرەوانتر بەرپا دەکرێتەوە، دوێنێ ئەوە تەنها راگەیاندنی حزب و سیاسیەکان بوون بەشداری سوکایەتیکردن بەیەکتریان دەکرد، بەڵام ئەمرۆ لایەنگرەکانیشیان تێگلاندووە، خۆ ئەگەر ئەوە سیاسەتی حزبەکانیش نەبێت، بێگومان سیاسەتی زۆرێک لەسەرکردەکانی ئەو حزبانەیە، کە پەنا بۆ هەرچی شتە دەبەن لەپێناو ناشیرنکردنی ئەویتردا، وەک ئەوەی ئیستا ئه‌و كه‌ره‌سته‌و ئامرازانه‌ی كه جيهانی مۆدێرن بۆ خزمەتکردن بەکاری دەهێنن ئەوان خستۆیانەتە خزمەتی ئەم جەنگەوە.
لەم ساڵانەی رابردوودا زۆر باس لە هاوپەیمانی نێوان لایەنەکان دەکرا، واباس دەکرا، کە ئه‌ندام و كاديران و لایەنگرانیان هه‌موو ته‌وقيت و ته‌ڵقينكراون بەم هاوپەیمانێتیە، بەڵام راستیەکەی شتێکی ترە، ئەوەیە کە هيچ رۆژێک نييه نه‌بيستين ونه‌بينين له كه‌ناڵه‌كانی سه‌ربه‌خۆ و تۆڕه‌كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانه‌وه، لايه‌نگرانی ئه‌م حيزبانه به‌ناشرينترين شێوه باس له برا هاوپه‌يمان و هاوسه‌نگه‌ره‌كانيان نه‌كه‌ن و به‌رامبه‌رەکەیان به‌دووژمن و خائين و خۆفرۆش باس نە‌كەن.
ئه‌م جه‌نگه‌ی کە له‌نێوان ئه‌ندامانی ئه‌م دوو حيزبه‌و حيزبه‌كانی تريش ده‌ستی دراوەتێ، ئه‌وه‌ی سوودی لێ ده‌بينێت دوژمنانی كورد به‌پله‌ی دووه‌م و به‌پله‌ی يه‌كه‌میش خودی ئه‌و به‌رپرسه نابه رپرسانه‌ن كه کە لەپشتی ئەم کارە بەدەن و هيچ حيسابێك بۆ ئاينده‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌يه ناكەن و زیانمەندیش ئارامی وڵات و میللەتە بەگشتی، بۆیە پێویستە و ده‌بێت خوودی حيزبه‌كان له ئاست ئه‌و به‌رپرسيارييتيه‌دابن، كه بۆ ی درووست بوون، کار بکەن بۆ رێگری لەم دیاردە ناشیرینەو هۆشیارکردنەوەی لایەنگراو ئەندامەکانیان لە ئەنجامە خراپەکانی، ئەو بەرپرس و كه‌سانەش دووربخەنه‌وه لەبەپرسیارەتی کە لەپشتی دروستکردنی ئەم ئاگرەوەن، چونکە ئەوە ئەوانەن کە هەڵگرساندی ئاڵۆزی و جەنگی گەورەی نێوان لایەنەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن و لەکاتی دروستبوونی کێشەو بەیەکدا کێشانی کۆمەڵگەش، خۆیان له دووره‌وه وەک تەماشاکارێک سه‌ير ی شه‌ره قۆچانی كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌ن، ئەوانەی کە لەپشتی هاندانی شەڕەجنێوی گەنجەکانی فەسیبووکن هەرگیز لەخەمی نیشتیمانەکەیاندا نین، باکیان نییە بەوەی کە هه‌موو گرد و ته‌پۆڵكه‌و شاخێكی ئەم وڵاتە ناوی شه‌هيدێكه، کە له پێناوي ئه‌م خاك و ئاوه‌دا شه‌هيد بووه، بۆیەش لەجێی هەوڵدانی خزمەتکردنی کەسوکاری ئەو شەهیدانەی کە ئەمرۆیان بۆ دروستکردن، دەیانەوێ کوردستان پر بکەنەوە لەدووبەرەکی بە شێوەیەک کە لەخزمەتی خودی خۆیان بێت، تا بتوانن هاوڵاتییەکی ئاسایی بێبەش بکەن لەهەموو مافێک و، دايكێكی هه‌موو كه‌س ئه‌نفال كراویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كرێی خانووه‌كه‌ی پێ‌نادرێت له‌به‌رده‌م كامێرادا باس له خۆسووتاندن بكات.
دەبێت حزبی کوردی ئيدی لووله‌ی تفه‌نگ و مه‌يلی شه‌ڕخوازی به‌لاوه‌نێن، و ریز و شوێنکەوتووانیان لەو کەسانە پاک بکەنەوەو لێپرسینەوەیان هەبێت، دەبێت لەخەمی جارێکی تر سەهەڵنەدانەوەی کێشەی ناوخۆیدا بن، لەپێناو ئایندەی وڵات، یان لەپێناو مێژووی میللەتەکەیان، ئەوەش بزانن ئیدی ئەو سەردەمە نییە کە هەرچی یەکترکوژییە بەرپا بکرێت کەس پێیان نەزانێت و ناشیرینیەکانیان وەکو خۆی تۆمار نەکرێت، چونکە ئەمرۆ سەردەمی ئەنتەرنێت و رێگای خێرا گەیاندنی رووداوەکانە بەدنیا، دەبێت حزبی کوردی ئاگای لەوە بێت ئەوەی له‌سه‌ر تۆره كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانی وه‌ك فه‌يسبووك بەناوی لایەنگراو مەیلدارانی ئەوانەوە دەکرێت، بۆ هه‌تایە ناشاردرێته‌وه و هەر بەناوی ئەوانیشەوە یاداشت دەکرێت.