
ئاشتی هەورامی، ئایندەی کوردستان، رقی ئەوان
چاودێرێک
“تێبینی/ رەنگە نوسینێکی توندبێت، بەڵام نامەنتقی هەندێ قەڵەم بەدەست ناچار بەتوندی کردووم، ئاشتی هەورامی ناناسم و نەمدیوە، بەڵام لە کاری وەزارەتەکەیەوە گەورەترین هیوام بە ئایندە هەیە”.
لەکوردستان شەڕی سیاسی رقێكی دروستکردووە، کەچاوەکان هەرچی سپی بەرانبەرە رەش دەبینن، هەرچی باشەیە خراپ، بەجۆرێک ئەگەر بەرهەمی بەرانبەر دارێک بێت و ئەوانیشی لەسەر نیشتبنەوە، ئامادەن دارەکە ببڕنەوە، گرنگ ئەوە نییە کە خۆشیان دەکەونە خوار، بەڵکو ئەوەی گرنگە بۆ ئەوان بڕینەوەی بەرهەمێکە کە بۆنی ئەوەی لێدێ مێژوو وەک سەروەری بۆ بەرانبەری بنوسێت.
ئێستا ئاشتی هەورامی بەهاوکاری سەرۆکایەتی حکومەت، خەریکی چاندنی دارێکە کە ئایندەی هەموو کورد بەسەر ئەو دارەوە وەستاوە، راگەیاندنکارو قەڵەم بەدەست و پەڕلەمانتارو سیاسەتکار، هەموو لەسەر ئەو دارە نیشتونەوە، بەڵام مادام ئاشتی هەورامی لە چاوی ئەواندا نوێنەرایەتی حزبی هەمبەریان دەکات، خەریکی بڕینەوەی دارەکەی ئەون، ئیدی کێشە نییە ئەگەر هەمووشیان بەسەرا بکەونە خوارەوە.
وڵاتی دوای جەنگ زۆر شتی نامۆ روویتێدەکات، بەڵام لەکوردستانی دوای جەنگ، شتەنامۆکان هەرچی پێوەرە بەزاندویانە، خەڵکی ولاتانی دوای جەنگ خەڵکێکی ماندوون لەجەنگ، بۆیە خۆیان لەقەرەی هۆکارەکانی خۆشکردنی ئاگری شەڕ نادەن و بە کفری دەبینن، بەڵام لەکوردستان هێزی شەڕخواز تا دێ پەرە دەسەتێنێ، ئەم هێزە گەرای لەهەناوی ئەو کۆمەڵەدا داناوەو تادێ وزەیان پێ ئەبەخشێ، تەیاریان ئەکات بۆ شەڕی یەکتر، بۆخۆخۆری بۆیەکتر کوژی، بۆ وڵات وێرانکردن، بۆ دژایەتی هەرچی پرۆژەی سودبەخشی ئەوانی تری هاوزمانیانە.
شەڕ لەکوردستان هەرچی ئەندام و کادرو سەرکردەی حزبی کوردییە، سیخناخی کردووە لەرق، بۆیە هەناوی هەرچی لاینەگرو شوێنکەوتەشیان هەیە تەنراوە لە بوغز، کاتێک شەڕی چەکیشیان نامێنێ لەدژی یەکتر، لەپەنای ئاشتییەوە دەکەونە شەڕی راگەیاندن و شەڕی قسە، ئەگەر هەرکارێک بە فلتەری ئەواندا نەروا، هەرچەند سپی بێت هەوڵی رەشکردنی دەدەن هەرچەند روناک بێت تاریک دەیناسێنن.
ئەم شەڕە وایکردووە ئەگەر هەرچی خەبیری جیهانە لەڕێی لایەنێکەوە بێنە کوردستان و موژدەی رزگاری کورد بدەن، لایەنەکانی بەرانبەری ئەو لایەنە دەکەونە دژایەتی و ئەو رزگارییەیان ناوێ، هەر ئەوەشە وایکردووە، ئەگەر کوردە هەندەرانییە خەبیرو شارەزاو کارزان و لێهاتووەکان، روو لەوڵات دەکەنەوە بەر حەملەی دژایەتی دەکەون.
لە دیارترین ئەو کوردە هەندارانیانەی کە روویان لە وڵاتەکەیان کردووە، بۆ ئەوەی شتێک بە وڵاتی خۆیان ببەخشن و لەلایەن سیاسیەکانی کوردەوە، رووبەڕووی حەملەکانی رق بۆتەوە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانە، ئەویش نەک بۆ ئەوەی کارزانێکی باش نییە، بەڵکو تەنها هۆکاری دژایەتی ئەم پیاوە ئەوەیە کە لەلای دەژەکانی پارتی بە کەسێکی پارتی هەژمار دەکرێت، هەورامی بە خۆی و وەزارەتەکەیەوە ئێستا بەدەرلەوەی دژە سیاسییەکانی پارتی لەکوردستان کردویانەتە ئامانجی هێرشەکانیان،حەملەیەکی دژایەتی بەهێزی رکابەرە بەهێزەکانی کوردیش لە عێراق لەئاستی بەرپایە، بۆیە ئەکرێ بڵێین ئاشتی هەورامی و وەزارەتەکەی ئێستا لەسەنگەرێکی داکۆکیدان لە لەئایندەی کوردستان بەرانبەر بەعێراق و لەپارتی بەرانبەر بە دژەکانی پارتی لەکوردستان.
بەڵام ئەوەی زیاتر نیگەرانی دروست دەکات، لە بەرانبەر ئەو پرۆسە بەهیزە چەواشەکارییەی سیاسیەکانی عێراق و سیاسیە دژەپارتیەکان لەکوردستان، و قەڵەمەکانی سێبەریان، کە بۆ نابوتکردنی ئەو بوارە گرنگ هیوابەخشە لای تاکی کورد لەهەوڵ و کاردان، ئەوەیە سیاسەتی حکومەتی کوردستان لەبواری نەوتدا هاوتای سیاسەتی راگەیاندێکی هیوابەخشانە بەتاکی کورد نییە، یان ئەوەیە کە لەباری راگەیاندنەوە ئاشتی هەورامی بە تەنهایە.
لەدوای ماڵئاوایکردنی سەربازانی ئەمریکا لەعێراق و مانەوەی کورد بەتەنها لەنێوان بەرداشەکان، پرۆژەکانی حکومەتی کوردستان کە لەڕێی وەزارەتەکەی هەورامییەوە جێبەجێ دەکرێت، دڵی سیاسەتی وڵاتانی زلهێز دێنێتە کوردستان و پاسەوانی کوردستانیان بۆ ئایندە پێ دەبەخشێت، کە کۆمپانیا گەورەکانی جیهانن لەبواری نەوت.
بێگومان لەبەرانبەر ئەم کارەی حکومەتی کوردستان و وەزارەتەکەی ئاشتی هەورامیدا، حکومەتی عێراق عێراق دەستەوسان نەوەستاوە، هەرچی هێزی خۆیەتی وەگەری خستووە، بۆ شکستپێهێنانی سیاسەتەکانی حکومەتی کوردستان لەبواری نەوتدا، هەر لەهەرەشەکردن لە کۆمپانیا جیهانییەکان کە نەیەنە کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، ئەگەرنا لە عێراق مافی وەبەرهێنانیان پێنادرێت، تا دەگاتە هەڕەشەی ئەوەی کە دەبێت هەرچی داهاتی فرۆشتنی نەوتی کوردستانە بۆ عێراق بێت، ئەگەرنا میزانیەو سوتەمەنی هەرێمی کوردستان دەبڕن، بەبێ ئەوەی یەک دۆلاری هاتنی شەریکەکانی نەوت بدەن، کەروویان لەکوردستان کردووەو ئەو نەوتەیان بەرهەمهێناوە کە ئەوان داوای داهاتەکەی دەکەن.
بەڵام حکومەتی کوردستان و وەزارەتەکەی هەورامی بەکۆد گەلێک کار دەکەن، کە توانیویانە، سیاسەتی کوردستان بۆ راکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکان، بەسەر هەڕەشەکانی عێرقدا زاڵ بکەن، دڵنیایی بەشەریکاتی گەورەی دنیا ببەخشن روو لەکوردستان و پشت لەهەڕەشەکانی عێراق، لە کوردستان کارەکانی خۆیان بەردەوامی پێبدەن، مژدەی دۆزینەوەی نەوتی زیاتر بە کورد بدەن و بەجیهانی بگەیەنن کە کوردستان جێی وەبەرهێنانە بۆ هەموو زل کۆمپانیاکانی دنیا.
ئەوەی ئێستا وەزارەتەکەی هەورامی بەپشتیوانی سەرۆکایەتی حکومەت دەیکات، نەک هێنانی بەتەنها وەزارەتەکانی شەڕی وڵاتانی زلهێزە بۆ بەرگری لەکوردستان و ئایندەی کوردستان، بەڵکو هێنانی دڵی حکومەتەکانی وڵاتانی زلهێزە بۆ پارێزگاری لەئایندەی کوردستان، بەخشینی دڵنیاییە بە تاکی کورد و نەوەی نوێ کە ئایندەی وڵاتەکەیان پارێزراوە، چیدی کۆمارێکی تری کوردستان ناکرێتە قوربانی چەند بیرە نەوتێک بۆ زلهێزێک و شۆڕشێکی گەورەی کورد رێکەوتنێکی وڵاتانی زلهێز لەکۆبوەنەوەی وڵاتانی نەوتدا لەناوی نابات.
بۆیە عێراق دوای شکست خواردنی لەباسکردنی نهێنی گرێبەستە نەوتیەکانی کوردستان، کە ئاشتی هەورامی ئاشکرایکردن و بڵاوی کردنەوە، ئێستا بەورژاندنی پرسی بەقاچاغبردنی نەوت لەکوردستانەوە، خەریکی گەڕانە بەدوای ئەو کۆدانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسیاسەتی نەوت کاری پیدەکات و توانیویەتی زیاتر لەهەڕەشەکانی ئەوان لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دنیا، دڵنیایی بە کۆمپانیاکان ببەخشێت و بیانهێنتە کوردستان، بەڵام لەوەش هەوڵەکانی عێراق سەرکەوتوو نەبووە.
لێرەدا هەوڵی قسەکردنی من لەسەر هەوڵەکانی دژایەتی عێراق نییە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنانی نەوت لەکوردستان، چونکە ئەوە مێژوویەکی هەیە کە نەوتی خودی کوردستان دراوە بەخەرجی شەڕی لەناوبردنی کورد، لەلایەن حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی ئەو وڵاتە، کۆمارێکی کوردی کراوەتەوە قوربانی بیرە نەوتەکان، بەڵکو قسەکردنە لەسەر ئەو سیاسییە کوردانەی کە شەڕی سیاسی و رقی خۆیان لەپارتی دەیانکاتە هاوپەیمانی شەڕ لەدژی ئەو پیاوەی وەزارەتی نەوتی کوردستان بەڕێوەدەبات و ئەو سیاسەتەی حکومەتی کوردستان کە گەرەنتییە بۆ ئایندەی وڵات.
بەشێوەیەک هاوکات لەگەڵ عێراق، هەرچی هێزی خۆیانە بەگەڕیانخستووە بە هیوای ئەوەی لەڕیگای لێدان لە ئاشتی هەورامی حکومەتی کوردستان ناچاربکەن، هەرچی کۆد و سڕی کارکردنی هەیە بیخاتەڕوو، تا بە ئاسانی دژەکانی وەبەرهێنانی نەوت لەکوردستان بە حیلەی دەستووری، رێگری لێبکەن و چاوی هەرچی شەریکەی دنیایە لەسەرکوردستان نەهێڵن، ئاخر سیاسی و راگەیاندن و قەڵەم بەدەستەکانی کورد، کە لەسەرەتای وەبەرهێنانی نەوەتەوە لەکوردستان تاکو ئێستا وەک مژدە هەواڵێک یەک هەواڵیان لەسەر نەوتی کوردستان بڵاو نەکردۆتەوە، جیا لە پەخشکردنی هەڕەشەکانی شەهرستانی لەکورد و تۆمەتەکانی عەرەب بۆ کورد، بەڵام بەردەوام لە بۆسەدان بۆ یەک هەنگاوی نوێی حکومەتی هەرێم لەبواری نەوت و یەک هەنگاوی ئاشتی هەورامی، تا دەهۆڵە دڕاوەکانیان بخەنەوە گەڕ بۆ کوتان، لە سێرچدان لە نێت تا هەواڵیک لەدژی نەوتی کوردستان بدزۆنەوەو فوبکەنەوە بە زوڕنا شکاوەکانیاندا لە دژی نەوتی کوردستان و وەزارەتەکەی هەورامی.
خۆ ئەگەر ئەوان پێیان وایە لێرە من هەوڵی ئەوەم داوە ئەوان وەک دژی پرۆژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەکوردستان بناسێنم و ئەسڵی خۆیان ئەوەنین، فەرموو با لە ئەرشیفی کارو نوسینیاندا یەک وتار ئاشکرا رابگەیەنن کە وەک پرۆژەیەکی هیوا بەخش بۆ ئایندەی کوردستان، باسیان لە وەبەرهێنانی نەوت لەکوردستانداکردبێت، ئەوکات دەتوانن ئەوە بکەنە شەهادەی دڵسۆزیان بۆ ئەو وڵاتەو، وەڵامی پەخشکردنی ئەو هەموو تۆمەتەی عەرەبی عێراقی کە لەرێی راگەیاندنە کوردییەکانەوە بۆیان پەخشکراوە.
ئاخر لەهەموو دنیادا پرسگەلێک هەن کە پرسی هەستیارن و هەرگیز باسکردنیان ناچێتە خانەی چوارچێوەی ئازادییەکان، بەڵام کورد لەم کاتەدا کە لەسەرەتای وەبەرهێنان و راکێشانی کۆمپانیا بڕیار بەدەست و زەبەلاحەکانی دنیایە، بۆ پاسەوانی لە ئایندەی وڵاتەکەی و رزگاکردنی لەنەهامەتی و برسێتی و هەرەشەی برسیکردنی، بۆخۆی شەڕی بوارێکی هەستیاری دەستداوەتێ کە لەرێیەوە ئەکرێ ئایندەیەکی گەش بۆ ئەو وڵاتە بنیادبنرێت، بێ بیرکردنەوە لەوەی ئەم شەڕەی دەیکەن خستنەڕووی ڕێگای حیلەدەستوورییەکانە بۆ ڕێگری لەم پرسە چارەنوسازەی کورد.
بەڵام هەرگیز مەبەستم نییە بڵێم نابێ پەڕلەمانتاری کورد چاودێری لەسەر پرۆژەی وەبەرهێنانی نەوت هەبێت، نابێت قسە لەسەر بە قاچاغبردنی نەوت بکرێت، هێندەی مەبەستمە بڵێم با ئیتر بەسبێت قسەلەسەرکردن و هەڵسەنگاندنی پرۆژەگرنگەکانی وڵات، بە میزانی رقی سیاسی و بە کڵاوی میزاجی شەخسی، با ئەوەمان لەیاد بێت سەرخستنی پرۆژەی وەبەرهێنانی نەوت و بەکارهێنانی کۆدەکان بۆ هێنانی کۆمپانیا گەورەکانی دنیا، مەنتق و عەقڵی کارکردنە، کە ئەگەر ئەو کۆدانەو کەسانی لێزان لە بەکارهێنانی ئەو کۆدانە نەبێت، ئاسان نییە لەناو هەموو رێگری و هەڕەشەکانی حکومەتی بەناو فیدڕاڵی عێراقدا، رەزامەندی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دنیا بەدەست بێت، کە گوێ بەهەڕەشەکان نەدەن و سەرمایەگوزاری لە کوردستاندا بکەن.
بۆیە پێویستە چیدی سیاسی و راگەیەندنکار و قەڵەم بەدەستەکانی کورد، ئەوەندەی بەدوای دەستکەوتنی داشێکی سیاسی بچوکی ناوخۆیدان لەکوردستان، ئەوەندە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێن، کە ئایا سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە لەرێی هەر کەس و لایەنێکەوە بێت، چی ئایندەیەک بە ئەوانیش دەبەخشێت؟، یان ئەوەندەی لەوە دەڕوانین و بەدوای ئەو کۆدانەدا دەگەرێن کە بەچ رێگایەک ئەو شەریکانە هاتوونە کوردستان، وێڕای هەڕەشەکانی حکومەتی عێراقی، شیکاری و تێگەشتنیان هەبێت بۆ ئەوەی پێداکوتانی کۆمپانیا ئابوری بەدەستەکانی دنیا لەکوردستان، چی گەرەنتیەک بە ئایندەی کوردستان دەبەخشێت، ئەوکات لەوێوە تێدەگەین کە حکومەتی کوردستان لە بواری نەوتدا چ سیاسەتێکی حەکیمانەو هیوا بەخشانە بۆ ئایندەی کورد پەیڕەو دەکات و ئاشتی هەورامیش چی سیاسەتناس و ئیدارەزانێکی بەتوانایە.