رزگار رەزا چوچانی: سەرۆکەکان و سەرنوسەرەکان

0

سەرۆکەکان و سەرنوسەرەکان
رزگار رەزا چوچانی
سەرۆکی دەزگا راگەیاندنەکان، زۆرکات تاقەتی ئەوەیان نییە بەهەواڵێکدا بچنەوەو دنیایەک هەڵە بەسەریاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام بە قودرەتی قادر، کاتێک دیمانەی سەرۆکێک رێک دەکەوێت بۆ دەزگاکەی جەنابی سەرۆکی دەزگا دەبێتە چالاکترین راگەیاندنکار و خۆی بەرەو حزووری غار دەدات.
ئەوەی لای رۆژنامەنوسان جێی نیگەرانی و جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە، کە ئەگەر کوردستان کاول بێت، ئەگەر هەرچی وڵاتە گڕ بگرێت، سەرۆکی راگەیاندنەکان تاقەتیان نییە لەژووری سەرۆکایەتیەکەیان بچنە دەرەوە و پەیامنیرەکانیان دەنێرنە ناو کاولییەکەو ناو ئاگرەکە، بەڵام بۆ حزوری سەرۆکەکان دەبنە رۆژنامەوانێکی جانتا بەشان و چالاک.
سەرۆکی راگەیاندنەکانی کوردستان رەخنەبارانی هەرچی سەرۆکی حزب و حکومەت و پەڕلەمان و وڵاتە دەکەن، زۆرکات وایان دەچوێنن کە ئەوانە شایەنی بەڕێوەبردنی خێزانێکیش نین، نەک حزب و وڵاتێک، بەڵام کاتێک دەرفەتی دیداری یەکێک لەو سەرۆکانە بۆ دەزگاکەی رێکدەکەوێت، ئەوەندە بە تامەزرۆییەوە بەرەو ڕووی رادەکەن، کە هەوای باڵیان لەهەوای بارهەڵگرێت زیاترە کە لە ٢٠٠ بهاژوێت.
ئەوەی لەو سەروبەندەدا زیاتر جێی سەرسوڕمانە، تێنەگەشتن یان خۆلادانی سەرۆکەکانی وڵاتە، لەو پرسیارەی کە دەبێت لەسەرۆکی راگەیاندنەکانی بکەن، ئەرێ برادەرینە دنیا کاول دەبێت جارێک بۆ دیدار و دیمانەی ئێمە، یەکێک لەپەیامنێرەکانتان بنێرن؟، یان ئەو گومانە دروست دەبێت لەسەر سەرۆکەکان، کە نەخێر ئەمە رێککەوتنێکی ژێربەژێری خۆیان و سەرۆک راگەیاندنەکانە کە ئەو پرسیارە بکەن خۆمان دەمانەوێت و ئەوە ئیمتیازەش بەدەستت بێنن کەخۆتان ئەتانەوێت.
تۆ بڕوانە دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاتێک لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن کۆ دەبێتەوە، ئەوانەی لەوێن تەنها سەرۆکی دەزگاکانن، کاتێک دیمانە لەگەڵ کەناڵێکی کوردی دەکات، هەر دەزگاکانی حزبەکەی خۆینی، لەوانیش هەر لەگەڵ سەرۆکی دەزگاکانە، من ئەوەتەی دیدارەکانی سەرۆکی هەرێم دەبینم لەگەڵ راگەیاندنی کوردی، یان لەگەڵ رۆژنامەی خەبات بووە، یان لەگەڵ کوردستان تیڤی، یان لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بووە، لەو دیدارانەش یەک رۆژ نەم بینی، پەیامنێرێکی ئەو دەزگایانە یان رۆژنامەوانێکیان دیدارەکانی بکەن، هەر بەردەوام، سەرۆکی کوردستان تیڤی کاروان ئاکرەیی بووە، یان سەرۆکی خەبات نەژاد عەزیز سورمێ بووە، یان سەرنوسەری گوڵان خۆی بووە، ئیدی ئەم سەرۆکە نەیپرسی، ئەرێ لەو هەموو موچەی خۆرەی کە لەقائیمەی کارتانا هەیە، بۆچی رۆژنامەوانێکی تر نابینم و هەر ئێوەن؟، یان راوێژکارێکی سەرۆک نەیوت، سەرۆک دیمانەکانتان تەنها لەگەڵ راگەیاندنی پارتی و لەوانیش تەنها سەرنوسەرەکان، گومانی لێ دەکرێت کە پرسیارەکان بە ویستی تۆ دەبن، نەوەک دیمانەی رۆژنامەوانی؟.
لەو رۆژەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دروست بووە، نەوشیروان مستەفای رابەری بزوتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکە، ئەوەی کەوەک خۆی دەڵێ ئەیەوێ بیگۆڕێت، زۆرینەی رەهای دیمانەکانی لەگەڵ کەناڵی کەی ئێن ئێن بووە، کە کەناڵی حزبەکەی خۆیەتی، لەو کەناڵەش تاکە کەس کە دیمانەی کردووە، وشیار عەبدوڵا سەرۆکی کەناڵە بووە، یەک رۆژ پەیامنێر یان رۆژنامەوانێکی تری ئەو کەناڵەم نەدیت، دیمانەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ مستەفا بکات، ئیدی ئەم سەرۆکە جیاوازەش مێشێک میوانی نییە، بێئاگا لەوەی کە بینەر یەقینە لەوەی، بۆیە تەنها وشیارە، چونکە سەرەتا رێکەوتن دەکرێت لەسەر پرسیارەکان و پرۆڤە دەکرێت بۆ وەڵامەکان، خۆ ئەگەر لەگەڵ دەزگایەکی دەرەوەی بزوتنەوەکەشی دیمانەیەکی رۆژنامەوانی کردبێت، بەبێ دوودڵی هەر سەرۆکی دەزگاکان کردوویانە، ئەم سەرۆکە گۆڕانخوازەش نەیپرسیوە بۆچی هەر سەرۆکی دەزگا؟.
بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی کابینەی شەشەمی حکومەتی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، لەگەڵ رۆژنامەوانان و نوسەران کۆبونەوەیەکی کراوەی سازکرد، کۆبونەوەکە سەرۆکی ئەوکاتی گەلی کوردستان بەڕێوەی برد، لە یادی یەک ساڵەی حکومەتەکەیدا دێباتێکی تەلەفزیۆنی کرد، جیا لەوەی سەرۆکی ئەوکاتی کەناڵی گەلی کوردستان جەمال عەبدوڵا بەڕێوەی برد، لە دێباتەکە هەموو ئەوانەی بەشدارییانکرد، سەرۆک راگەیاندن بوون، وەک کەمال رەئوف سەرۆکی هاوڵاتی، ستران عەبدوڵا سەرۆکی کوردستانی نوێ، فاروق عەلی سەرۆکی کەناڵی پەیام، عەدالەت عەبدوڵا سەرۆکی گۆڤاری واڵا پرێس، هیوا جەمال بەڕێوەبەری نوسین لە رۆژنامەی رۆژنامە، ئەویش هەر واتای سەرۆک.
دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی کەی ئێن ئێن کرد، ئەویش سەرۆکی کەناڵەکە وشیار عەبدوڵا سازیکرد.
لە کەناڵی نالیا دیمانەیەکی کرد، ئەویش لەگەڵ رەنج بوو، کە رەنجیش بۆخۆی سەرۆک راگەیاندنێکە لە ئیمتیاز و یەک پرسیاری نەکرد بە پێچەوانەی دڵی سەرۆکی حکومەت بێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی کابینەی پێنجەم و حەوتەمی حکومەت، لەکابینەی پێنجەم دێباتێکی تەلەفزیۆنی کرد، سەرۆکی زاگرۆس لەگەڵی سازکرد، لەسنوری هەولێر ئەوەی من بزانم و گوێم لێبووە لە رۆژنامەنوسان، تا ئێستا تەنها سەرۆکی رووداوو ئەتوانێ دیمانەی بکات، هەریەک لە راگەیاندنەکانی سلێمانی دیمانەیان کردووە، وەک هاوڵاتی و لڤین و ئەوانی تر، بەڵام بەدڵنیایی ئەوانیش سەرۆکەکانیان بوون دیمانەیان کردووە.
خۆ ئەگەر خوانەخواستە رۆژێک لەرۆژان سەرۆکی یەکێک لەدەزگا راگەیاندنەکان دەرفەتی نەبێت بچێتە خزمەتی سەرۆکەکان، ئەوە ئەوکاتیش دەرفەت بەراگەیاندنکارێکی دەزگاکە نادرێت، نەخێر رێک وەک سیلسیلە سیاسییەکان، دەبێت جێگری سەرۆک راگەیاندن بچێتە حزوری سەرۆک.
لێرەدا ئەگەر لەم ئسلوبەی سەرۆک راگەیاندنەکان و ئەم پرسیار نەکردنەی سەرۆکەکانی حزبەکان و حکومەت  و وڵات رامێنی، رەنگە هەر خوێنەرەو بۆخۆی تەحیلیل و ئەنجامێکی خۆی دەستبکەوێت، بەڵام لەو ماوە زۆرەدا کەمن چاودێری ئەم دووبارە بونەوە دەکەم، ئەوەی دەستمکەوتووە بریتییە لە:
سەرۆکی راگەیاندنەکان عەوداڵی دروستکردنی پەیوەندی و دەستخستنی ئیمتیازی شەخسین، بۆیە بەردەوام خۆیان بۆ ئەو جێگایانە دەچن و رۆژنامەوانەکانی تریان ئەنێرنە بەردەم شەقی ئاسایش و پۆلیس و گەرماو سەرمای بازاڕ.
سەرۆکەکانی حزب و وڵات و حکومەتیش، بۆیە ناپرسن ئەرێ بۆ هەر ئێوە؟، بێگومان ئەوانیش یان رێکەوتنی پێشوەختیان هەیە بۆ پرسیارو وەڵامەکان، یان دەیانەوێت لەگەڵ سەری راگەیاندنەکان رێکبکەون بۆ خۆ پارێزییان لەرەخنە، یان بەراستی هەر ئەوەندەی لێدەزانن و پێیان وایە مادام ئەوان سەرۆکن، دەبێت سەرۆک لەگەڵیان دابنیشێت، نەک پەیامنێرێکی داماو کە رۆژانە ئەوەندە بەپێ ئەروات بەدوای هەواڵێکدا بۆنی قاچەکانی پیاو ئەکوژێت.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com