مالیكی چی به‌بیرهێناینه‌وه؟
كه‌مال ره‌ئوف
وته‌كانی مالیكی په‌یامێك بوو به‌مه‌نتیقی سه‌ركرده‌ی میلله‌تێكی سه‌رده‌ست روو له میلله‌تێتێكی بنده‌ست، په‌یامه‌كه به‌عه‌بای دیموكراتی و شه‌فافیه‌ت پێچرابووه‌و ناوه‌خنه‌كه‌شی پربوو له په‌نچه‌راوه‌شان و چاوسوركردنه‌وه، بۆیه هه‌ڵه‌یه گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كورد له‌په‌یامه‌كه ته‌نها ئه‌وه‌بێت، كه ئاخۆ ئه‌و راستی وت یان به‌پێچه‌وانه‌وه، خۆشباوه‌ری و كاڵفامی سیاسییه گه‌ر چاوی ئێمه ئه‌و ورده‌خاڵانه نه‌بینێته‌وه، كه له‌پشتی په‌یامه‌كه‌وه بۆنی شۆڤینیه‌ت و قه‌ڵه‌مره‌وی حیزبی حاكم و گونده‌یی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی لێوه‌ده‌هات.
مرۆڤی هوشیار ناتوانێت باوه‌ربه‌وه بكات كه‌مالیكی له‌خۆده‌رخستنیدا وه‌ك باوكێكی عادل و سه‌ركرده‌یه‌كی نیشتمانی و خه‌مخۆرێكی مافه‌كانی كورد نمایشی خۆی كرد، چونكه كه‌س ده‌ستی ئه‌وی نه‌گرتوه له ژێرقه‌ڵه‌مره‌وی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆیدا، كارێك بكات چیتر ناوی له‌لیستی سه‌ره‌وه‌ی وڵاته گه‌نده‌ڵه‌كان نه‌بێت، یان كه‌س ده‌ستی نه‌گرتوه له‌وه‌ی باوكێكی عادیلی ئه‌و هاوڵاتییه كوردانه بێت، كه دانیشتووی ناوچه‌دابراوه‌كان‌و رێگه‌بگرێت له‌وه‌ی سه‌رو ماڵیان له‌لایه‌ن هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه حه‌ڵاڵ بكرێت.
به‌كورتی‌و كوردی په‌یامه‌كه‌ی ئه‌و دوو خاڵی سه‌ره‌كی بوو، خاڵی یه‌كه‌م كه‌تاراده‌یه‌ك هه‌ره‌شه ئامێز بوو ئه‌یویست بڵێت، رێگه‌نادات كه كورد له كوردستان موماره‌سه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بكات، خاڵی دووه‌میشی روو له‌میلله‌تی سه‌رده‌ست بوو بۆ دروستكردنی داهۆڵی دوژمنێكی وه‌همی‌و پێیان بڵێت، كورده‌كان بوونه‌ته هه‌ره‌شه له‌سه‌ر یه‌كچارچه‌یی خاكی عێراق‌و پێویسته بۆ به‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌و داكۆكیكردن له‌یه‌كچارچه‌یی عێراق، شیعه‌و سوننه، راست‌و چه‌پ، خۆئاماده‌بكه‌ن‌و ده‌ستبه‌رداری ململانێی خۆیان بن تاپێكه‌وه ئه‌م شه‌ره به‌ئیمانه‌وه بكه‌ین. له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعیش كه‌م نین ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه ئه‌وداوێتی بۆ خۆ ئاماده‌كردن بۆ شه‌رو به‌ریه‌ككه‌وتن.
مالیكی له‌م هه‌ڵمه‌ته‌یدا له‌دژی كوردستان، هه‌وڵیداوه سود له ناكۆكی لایه‌نه سیاسییه‌كان وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت كورد بگه‌رێنێته‌وه بۆ خاڵی سفر، بۆیه په‌یوه‌ندی كردووه به‌چه‌ند سه‌رۆك عه‌شیره‌ت‌و چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كه‌وه بۆ وه‌رگرتنی پشتیوانیان له‌دژی هه‌رێم، ئه‌و ده‌یه‌وێت به‌چه‌مكی شه‌ری ناوخۆ ده‌ستپێبكات‌و له‌وێشه‌وه بپه‌رێته‌وه تاكو ده‌نگی نارازی شه‌قامی كوردی به‌ده‌ستبهێنێت‌و دواتریش به‌ویستی خۆی ئاراسته‌ی بكات.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌و ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، قسه‌و بۆ چوونه ئاشكراكانی مالیكی‌و ئه‌وانی تر نییه له‌سه‌ر كوردستان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه ره‌خنه‌كانی ئه‌وان تێكه‌ڵ به‌و ره‌خنه‌و ئیعترازه محه‌لییه نه‌كرێت كه بوونی هه‌یه، كه به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی چنراوه‌ته‌وه له‌ره‌خنه‌كانی مالیكی به‌شێكی زۆر له‌ئاماژه‌كان ئه‌وه ده‌خه‌نه‌روو كه‌به‌قازانجی دۆزی كورد‌و هه‌رێم نین. هه‌ڵه‌كه‌ش له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات كاتێك لای هاوڵاتیان خه‌تێكی جیاكه‌وه‌ره‌وه نه‌بێت له‌نێوان ره‌خنه‌كانی مالیكی‌و فه‌ریقه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌خنه‌و پێشنیار‌و سه‌رنجانه‌ی كه‌رێكخراوه مرۆییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی كاربه‌ده‌ستان‌و سیسته‌می حوكمرانی هه‌رێم هه‌یانه، هۆكاری ئه‌م غیابه‌ش ئه‌گه‌ر به‌شێكی په‌یوه‌ست بێت، به‌كورت بینی سیاسییه‌وه، ئه‌وا به‌شه‌كه‌ی تری په‌یوه‌سته، به‌و كه‌لێنه‌ی كه به‌هۆی هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌سه‌ڵاته‌وه كه‌وتۆته نێوان جه‌ماوه‌رو حیزبه فه‌رمانره‌واكان.
له‌سه‌رده‌می شه‌ری ناوخۆدا ئه‌و شته‌ی به هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده ناو ده‌براو ده‌بووه ره‌خنه‌ی توند له‌سه‌ر پارته سیاسییه به‌شه‌ر هاتووه‌كان، ئه‌وه‌بوو كه ده‌ستی هێزی ده‌ره‌كی په‌لكێش ده‌كرا بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌و شه‌ری ناخۆ، ئێستا ئه‌و چه‌مكه خه‌ریكه نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی حیزبی به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری بره‌وی پێده‌درێت‌و تاراده‌یه‌كیش وه‌ك رێگاچاره‌یه‌ك ته‌ماشا ده‌كرێت، واته برواهێنان به‌عه‌ون‌و هاوكاری ده‌ره‌كی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته ناوخۆییه‌كان، نه‌ك لای حیزبی كورد به‌حه‌رام نه‌كراوه، به‌ڵكو به‌هۆی به‌رده‌وامی كه‌موكوریه‌كانیانه‌وه وایكردوه ئه‌و چه‌مكه شوربێته‌وه ناو جه‌ماوه‌ریش، ئه‌مه له‌كاتێكدایه مێژوو ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماندوه كه هه‌میشه عاملی ده‌ره‌كی هۆی په‌رتبوونی ماڵی كوردبووه نه‌ك به‌هێز كردن‌و پێشخستنی.
ئێستاش به‌داخه‌وه لای به‌شێكی زۆر له هاوڵاتیانی كورد، تاراده‌یه‌كیش ره‌خنه‌گران و ده‌نگی نارازی، له خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌كانی مالیكی‌دا ئه‌و راستیه گومكرا كه ئه‌و له‌رابردوو و له‌ئێستاشدا هێنده له‌دژی ئه‌وه‌یه كه ناوچه‌یه‌ك بووه به‌ئه‌مری واقیع ناوی هه‌رێمی كوردستانه‌و ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆو خۆبه‌رێوه‌بردنی هه‌یه، هێنده دژی ئه‌وه نه‌بووه‌و نییه كه كێ و چۆن و به‌چ سیسته‌مێك ئه‌م هه‌رێمه ئه‌چێت به‌رێوه. ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه كه ره‌خنه‌و وه‌ره‌قه‌ی نه‌یارانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تێكه‌ڵ به‌ره‌خنه‌ی شه‌قامی كوردی بكرێت‌و بچێته سه‌رحساباتی ململانێیه‌كه‌وه كه ئێستا له‌هه‌رێم له‌نێوان ره‌خنه‌گران‌و سیسته‌می به‌رێوه‌بردنی هه‌رێم له‌ئارادایه. چونكه ئه‌م هه‌ڵه‌یه گه‌ر رووبدات ئه‌وا ده‌بێته ئه‌و ڤایرۆسه كوشنده‌یه‌ی كه حه‌قانیه‌ت‌و ره‌وایه‌تی ره‌خنه‌كان له‌سه‌ر سیستمی به‌رێوه‌بردنی هه‌رێم كاڵ ده‌كاته‌وه‌و له‌ئاراسته میللیه‌كه‌ی لاده‌دات‌و له‌قیمه‌تی كه‌م ده‌كاته‌وه ده‌چێته ناو یه‌كێك له‌خانه ناشرینه‌كانی دنیای سیاسه‌ته‌وه.
نوچەنێت . هاوڵاتی