
50 ساڵ پێشمه‌رگایه‌تی
مه‌سعود بارزانی
٢٠ی ئایار له‌ژیانی مندا یاده‌وه‌ریه‌كی پرشنگداره. 50 ساڵ پێش و له‌ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا بووم به‌پێشمه‌رگه. ئه‌م یاده‌وه‌ریه هه‌میشه بۆ من سه‌رچاوه‌ی گه‌وره‌ترین شانازی بووه.
له‌ڕێكه‌وتی ٢٠ی ئایاری ١٩٦٢ له‌گه‌لیی بێخمه په‌یوه‌ندیم به‌باره‌گای بارزانیی نه‌مر كرد‌و به‌فه‌رمی چوومه ریزی پێشمه‌رگه. دۆخی سیاسیی پێش شۆڕش و كه‌شی دوای شۆڕش، بارێكی هه‌ڵخستبوو كه باوكمان زۆربه‌ی كات دوور له‌ماڵ و خێزان بێت، بۆیه داواكاریی خۆم بۆ په‌یوه‌ندیی به‌ڕیزه‌كانی شۆڕشه‌وه به‌هۆی نامه‌وه بۆ باوكم نارد، وێڕای ره‌زامه‌ندیی باوكم به‌هه‌وڵێكی زۆر ره‌زامه‌ندیی ئیدریسی برام و شێخ بابۆی مامم، دوای هه‌موو ئه‌مانه ده‌بوایه ره‌زامه‌ندی گه‌وره‌مان شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی وه‌ربگرم. ورده‌كاریی چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیكردنم به‌شۆڕشی ئه‌یلول و ریزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌به‌رگی سێیه‌می كتێبـی بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورددا له‌به‌شی شۆڕشی ئه‌یلولدا باسكردووه. تائێستاش بیرهاتنی سات به‌ساتی چۆنیه‌تی رۆیشتنم به‌ره‌و به‌ره‌ی پێشمه‌رگه‌و باره‌گای بارزانی بۆ من خۆشی به‌خشه‌و به‌شێكه له‌یاده‌وه‌ریه هه‌ره‌خۆشه‌كانی ژیانم.
تامه‌زرۆییم بۆ گه‌یشتن به‌ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌و ته‌مه‌نه‌دا، هه‌لقوڵاوی شانازییه‌كی گه‌وره به‌ناوی پێشمه‌رگه بوو، بۆیه گه‌وره‌ترین شانازیی منیش له‌ژیاندا بوون به‌پێشمه‌رگه بوو.
به‌بڕواو ئومێدێكی زۆره‌وه بووم به‌پێشمه‌رگه، بڕوا به‌ڕه‌وایی دۆزی كورد‌و ئومێد به‌سه‌ركه‌وتن بنه‌مای باوه‌ڕی پێشمه‌رگایه‌تییه. وه‌ك پێشمه‌رگه‌كانی تر ئامانجم خه‌بات بوو له‌پێناو ئازادیی نیشتمان و هێنانه ئارای مافه‌ڕه‌واكانی كورد، خه‌بات بوو له‌پێناو به‌رجه‌سته‌كردنی كه‌رامه‌تی كورد له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو هه‌وڵه‌كانی سڕینه‌وه‌ی كورد. هه‌میشه هانده‌ری به‌رده‌وامیم و سڵ نه‌كردنه‌وه له‌خه‌بات ئه‌و روحه پێشمه‌رگانه‌یه بووه. له هه‌موو هه‌ورازو نشێویه‌كانی قۆناغه جیاجیاكانی خه‌بات و گۆڕانكارییه‌كان له‌ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیدا تاكه شتێ كه له‌لام نه‌گۆڕ بووه ئه‌و روحه پێشمه‌رگانه‌یه بووه. دوای 50 ساڵ له‌خه‌باتی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تیش بۆ یه‌ك چركه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه به‌هۆیه‌وه بووم به‌پێشمه‌رگه له‌ق نه‌بووه‌و بگره به هێزتر بووه. له‌زاخۆ تا پێنجوین، چوومه‌ته دێهات به‌دێهاتی كوردستان و چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ چه‌ندین هه‌ڤاڵ و براده‌ر پێكه‌وه بووین و دوای چه‌ند كاتژمێرێك، جه‌نازه‌یان هاتۆته‌وه، ئا ئه‌مانه‌ش وایان كردووه كه‌خۆشه‌ویستی خاك و خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ خوێنم تێكه‌ڵ ببێت. زۆریشم لا سه‌یره، كه كه‌سانێك وا ته‌وه‌قوع بكه‌ن، دوای 50 ساڵ خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تیم، مساومه له‌سه‌ر دۆزێك بكه‌م كه‌هه‌موو ته‌مه‌نم له‌پێناویدا داناوه.
ئه‌زموونی پێشمه‌رگایه‌تی بۆ من گه‌وره‌ترین قوتابخانه بووه‌و له‌و قوتابخانه‌یه‌شدا ئێمه‌ی پێشمه‌رگه مامۆستایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك بارزانیی نه‌مرمان هه‌بووه. ئامۆژگاریه‌كانی بارزانیی نه‌مر چ وه‌ك باوكێك و چ وه‌ك رابه‌رێك رێنیشانده‌ری ژیان و خه‌باتم بووه. ده‌توانم بڵێم هه‌وێنی خۆڕاگری و وره‌به‌رزیمان له‌خه‌باتدا ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی باوكم بوو كه(له‌شكستدا نا‌ئومێد نه‌بین و له‌سه‌ركه‌وتندا له‌خۆبایی نه‌بین). ئه‌م ئامۆژگارییه هه‌میشه له‌به‌رچاوم بووه‌و ده‌بێت و فاكته‌رێكی به‌هێزی به‌رده‌وامییه.
ئێستا له‌ئه‌نجامی خه‌بات و قوربانیدانی زۆری هێزی پێشمه‌رگه و تێكڕای چین و توێژه‌كانی گه‌له‌كه‌مان، پرسی كورد پێشڤه‌چوونی زۆری به‌خۆوه بینیوه، په‌نا به‌خواو به‌پشت به‌ستن به‌هێزو ئیراده‌ی گه‌ل ده‌سكه‌وتی زیاتریش به‌ده‌ست دێت، له‌م به‌ینه‌دا ئه‌وه‌ی پێویسته ئه‌وه‌یه كه گشت لایه‌كمان گیانی خه‌باتی پێشمه‌رگانه له‌ناو خۆماندا بپارێزین و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی نیشتمان له‌سه‌رووی هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی تر دابنێین. له‌م كات و ساته‌دا زیاتر له‌هه‌ر كاتێك پێویستیمان به‌و خه‌باته پاك و بێگه‌رده‌یه تا كه‌موكوڕیه‌كان چاره‌بكرێن و داخوازییه‌كانی گه‌ل له‌چاكسازیی و دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌و پاراستنی كه‌رامه‌تیان مسۆگه‌ر بكرێت. یه‌كڕیزیی ئێستامان گرنتیی به‌رده‌وامی سه‌ركه‌وتنمانه و پاراستنی ئه‌م یه‌كڕیزییه‌ش ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موولایه‌كمانه. خه‌باتمان به‌رده‌وامه‌و ئامانجمانه كه به‌ڕێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه به‌گشت ئامانجه‌كانمان بگه‌ین و هیچ هێزێكیش ناتوانێت رێگه له‌ویستی گه‌لێكی یه‌كگرتوو و ته‌با بگرێت.
له‌م بۆنه‌یه‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی سه‌ری رێز‌و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و پێشمه‌رگانه دابنوێنم كه‌گیانیان بۆ سه‌ربه‌رزیی گه‌ل و نیشتمانیان به‌ختكرد، یادی هه‌موو هه‌ڤاڵان و هاوسه‌نگه‌رانم به‌خێرو ئه‌مڕۆ له‌هه‌ر جێیه‌ك بن رێزم بۆیان هه‌یه‌و ئاواتم سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامییانه.
تا له‌ژیاندا مابم هه‌ر پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌م