
ساڵیادی شەهید سەردەشت لەستۆکهۆڵم کرایەوە
نوچەنێت . گروپی ١٧ی شوبات
بەبەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لەکوردانی ستۆکهۆلم ساڵیادی شەهید سەردەشت کرایەوە کەسەرەتاکەی بە وتنی وتەیەکی کورت لەلایەن قادر نادر لە گروپی ١٧ شوباتەوە دەستی پێ کرد سەرباری بەخیر هاتنی ئامادەبوان کردو ووتی، سەرباری ئەوەی دەسەڵاتی کوردی دەیان کەسایەتی و سەرۆک خێڵی گەورە و سیاسی ناودار و بەرپرسی حزبی تیرۆر کردیە، بەڵام کەسیان بە ئاستی شەهیدی قەڵەم ( سەردەشت عوسمان ) نەیانتوانیوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەملی ئەو دەسەڵاتە بئاڵین.
دواتر باوکی شەهید سورکێو لەوتەیەکدا پرسە وسەرخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە ی شەهید سەردەشت کرد و ووتی وەک بنەماڵەی شەهیدان، خەمی سەردەشت وەک مناڵەکانی خۆمان هەڵی دەگرین لە کارو خەباتی جەماوەری و دادگایی وناوەندە جیهانیەکان دا چونکە هەمویان شەهیدی ئازادین.
هونەرمەند خالید رەشید سەرەتا وتەیەکی کورتی پێشکەشکردو ووتی پرسە وسەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی شەهید سەردەشت و قوربانیانی ١٧ شوبات دەکەم، دەسەڵاتی کورد بەرەخنەگرتن لیی سودی نەما و لەم روداوانەدا نیشانی دا کەبەزمانی گول و ئاشتی گۆڕانکاری ناکات، لەناو ووتەکانیشیدا ووتی دەبێت ئێمە لەسارکۆزی دیموکراسی تربین، جونکە ئەو لەکاتی شەرەکانی ناتۆ لەگەل قەزافی ووتی لەگەڵ دیکتاتۆریەت ناتوانرێ بەئاشتی خەبات بکرێت. دواتر بەبلوێرەکەی هۆڵەکەی هەژاند هەمومانی بۆ ئەو خەیاڵە برد ئێمە چ دەسەلاتیكی سیاسی حوکمی نیشتمان دەکات.
دواترچاودیری سیاسی و نوسەر دکتۆر شەعبان مزوری، وتی میژوی تیرۆر لەژێر ئەو دەسەڵاتە زۆر کۆنترە لەشەهید سەردەشت، بەڵکو لەدوای راپەرین سەرەتاکەی بەئاشکرا لەشەهید رەئوف ئاکرەیی، ڕیناس و یوسف تۆما و ئەبو نەسیر و نەزیر عومەر لەبادینان دەستی پێ کرد، تادەگاتە شەهیدان سۆران و تاهیر شەریف و سەردەشت عوسمان. هەروەها لەدرێژەی ووتەکانی دا وتی لەکوردستان بۆچما فۆڕم هەیە تا ریفۆرم بکرێت. وەرەخنەی گرت کەدەبوایە لەگەرمەی سزادانی بڕیاری دادگا، دەبوایە ئۆپۆزسیۆن و هەموو لایەکمان بڕژاینەتە شەقام، چونکە ناکرێت یاسا بەسەر خۆپیشاندەرێکی وەک بیلال، زیندانی هەتا هەتایی بدرێت و بۆ بکوژانی سەردەشت و ١٧ شوبات ، بەئازادانە بسوڕینەوە.
ووتاری کۆتایی بۆ نوسەر و پێشمەرەگەی دیڕین (( هاشم کۆچانی)) بوو، کەسەرەتاکەی جگە لەهاوخەمی خۆی بۆ هەموو بنەماڵەی شەهیدان راگەیاند، هاوکات ووتی . سەردەشت تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو ، بەڵام ئەگەر سەیری ئەو چەند نوسینەی بکەی کەبڵاو بۆتەوە ، زۆری ساتیرە و کەم کەس دەتوانێ بەو شێوەیە بینوسێ و یان خۆی لەساتیرە نوسین بدات، کەچی ئەو لە چەند پەرەگرافێکدا، توانیبوی، هەموو ئازاری گەلەکەی دەرببڕێت. ئەو پێی وابوو ئەوان هەستیان بەو توانایە شاراوەی سەردەشت کردبوو، بۆیە ئەمە یەکێک لەخاڵەکانی تیرۆرکردنەکەیەتی. هاوکات رەخنەی زۆری لەسەر ئەو دەسەڵاتە کوردیەی گرت کە چر بۆتەوە بۆ سەرحوکمی دووبنەماڵە.
هەر لەو کۆڕەدا ئامینە کاکە باوە پەڕلەمانتاری سوید وتاری خۆیدا.
شایەنی باسە ماوە ماوە ش نوسینەکانی شەهید سەردەشت بۆ ئامادەبوان دەخوێنرایەوە، لەشاشەکەشدا وێنەی چەندین کەسایەتی تیرۆرکراوی ژێر دەسەلاتی کوردی بلاو دەکرایەوە.
لەکۆتایشدا چەندین میوانی ئامادەبوو بە پرسیار و سەرنجەکانیان کۆڕەکەیان دەوڵەمەند کرد.