لە هەولێر بارزانی و عەبادی کۆبوونەوە

0

نوچەنێت
مەسعود بارزانی و حەیدەر عەبادی تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرد و جەختیان لەسەر یەک گوتاری سیاسی کردەوە.

رۆژی سێشەممە 7-3-2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە “لە دیدارەکە سەرکەوتنەکانی موسڵ پیرۆز کراوە. جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بە گەورەیی سەرکەوتننەکان کرایەوە، هەروەها دووپات لەسەر بەهێزکردنی کاری نێوان ناوەند و هەرێم کرایەوە”.

بارزانی و عەبادی جەختیان لەسەر یەک گوتاری سیاسی و سوودوەرگرتن لە کرانەوەی دەرەکی بەڕووی وڵات کردەوە، لەو چوارچێوەیەدا داوا لە هەموو لایەنەکان کراوە گوتاری سیاسی یەکبخەن. “لەکاتێکدا وڵات رووبەڕووی چەندین تەحەدی بووەتەوە، بۆیە پێویستی بە کاریکردنی هاوبەش هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، وڵاتیش لە ئاستی دەرەکیدا کرانەوەیەکی گەورە بەخۆوە دەبینێت و پێویستی بە کارکردن هەیە تاوەکو هەنگاوەکان لە خزمەتی ئەو کرانەوەیە بێت”.

وەک لە راگەیێندراوکەی نووسینگەی عەبادی هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی ئاوارەکان و چڕکردنەوەی هەوڵەکان کراوە، ئەوە وێڕای باسکردنی هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنی گەورەی نێوان سەرجەم هێزەکانی لە نێویان هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش دا”.

هاوکات بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە دیدارەكەدا، باس لە دوایین پێشڤەچوونە مەیدانییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای شاری موسڵ كرا. “هەردوولا پیرۆزبایی سەركەوتنە سەربازییەكانی دژی داعشیان لە یەكدی كرد و پێزانینیان هەبوو بۆ هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراقی. جەختیش لە پتەوتركردنی ئەو هەماهەنگییە كرا لەپێناو مسۆگەركردنی سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی شێوازەكانی دیكەی تیرۆر لەدوای تێكشكاندنی داعش”.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، هەر لەو دیدارەدا قۆناخی دوای داعش و رووبەڕووبوونەوەی رەهەندەكانی دیكەی هزری تیرۆر تاوتوێكران، هەروەها رۆشناییش خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە.

پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرۆسەی سیاسیی عێراق تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەکە بوون، وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژی پێکردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com