هۆزەکانی نەینەوا داوای چوونەدەرەوەی پەکەکە لە شنگال دەکەن

0

نوچەنێت

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دهۆک سەرۆک هۆزەکانی سنووری نەینەوا داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی پەکەکەیان کرد لە سنووری شنگال.

رۆژی هەینی 3-3-2017، شەڕ لەنێوان پێشمەرگەی رۆژئاوای كوردستان و، یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)ی سەر بە پەكەكە، لە بازگەیەكی كۆمەڵگەی خانەسۆری نزیك شارۆچكەی سنوونێ روویدا. یەبەشە ئاماری قوربانییەکانی خستەڕوو و رایگەیاند، حەوت شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە و دوانیان گەریلای هەپەگەن، 20 شەڕڤانی دیکەیشیان بریندارن.

رۆژی سێشەممە، 7-3-2017 هۆزە عەرەبەکانی سنووری دەشتی نەینەوا کە پێکهاتبوون لە: ئەلجحێش، ئەلنعێم، ئەللهێب، ئەلراشد، ئەلمعامر، خەزرج، عەباسیین، ئەلبەکارا، ئەلبوسەلامە، ئەلخەواتب، ئەلعزەت، ئەلدلێم، ئەلعوبەیش، ئەلشەرابیین، زەوبە، زبێد، تایح، ئەلبوحەمدان، ئەبو حەمەد ئەلسەبعاوی، قیادین، میادین و ئەلجبوور، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی پەکەکەیان کرد لە سنووری شنگال.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەباح عەبد، سەرۆکی هۆزی جبووری بەیاننامەی هۆزەکانی بەشدار لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی خوێندەوە کە لە بەشێکیدا باسی لەوە کرد، پەکەکە ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکات، مالیکی پارەیان پێدەدات و ئەو ناوچەی ئێستا لەژێر دەستیانە سنووری هەرێمی کوردستانە و، بە خوێنی خەڵکی ناوچەکە کێشراوە، بۆیە دەبێت لێی دەربچن.

سەرۆک هۆزەکان هەروەها داوایان لە حکومەتی ناوەندی، دادگای فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد “پەکەکە لەو ناوچەیە وەدەرنێن”، داوایان لە سەرۆک هۆزەکانی سنووری سووریاش کرد، لەگەڵ پەکەکە نەبن، “چونکە ئەوان تەنیا بۆ قایلکردنی رژێمی سووریا خاک داگیردەکەن”.

سەرۆکی هۆزی جبووری هەروەها رایگەیاند “پاڵپشتی لە بارزانی و هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین، کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن شەرەف و کەرامەتمان بپارێزن، بۆیە ئێمە بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتیان دەکەین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com