یەبەشە چۆن چەکدارەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوی پێشمەرگە ئامادە دەکات

0

نوچەنێت-رووداو
یەکێک لەو شەڕڤانانەی لە شەڕی نێوان پێشمەرگەی رۆژئاوا (رۆژ) و یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لەلایەن پێشمەرگەی رۆژئاواوە گیرابوو، دەڵێت یەبەشە ئەوانی وا حاڵی کردبوو کە سوپای تورکیا بە جلی پێشمەرگەوە پەلاماریان دەدات، بۆیە ئەوانیش چەکیان هەڵگرتووە. یەکێکیشیان دەڵێت پێیانگوتووە وەرە دیوارمان بۆ بۆیاغ بکە، بەڵام دواتر بەرگی شەڕڤانیان لەبەرکردووە و چەکیشیان داوەتێ.

ئێوارەی رۆژی 2/3/2017 هێزێکی پێشمەرگەکانی رۆژئاوا، کە سەر بە فەرماندەیی زێرەڤانین و ژمارەیان نزیکەی 500 پێشمەرگە دەبوو، دەیانەویست لەسەر سنووری نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستان جێگیرببن، بەڵام کاتێک گەیشتنە نزیک کۆمەڵگەی خانەسۆر، لەلایەن هێزەکانی یەبەشەوە رێگریان لێکرا.

هێزەکەی پێشمەرگەی رۆژئاوا لە دوو شوێن جێگیربوون، بەشێک گەیشتبوونە سەرەتای خانەسۆر، بەشێکی دیکەیان لەسەر رێگەی خانەسۆر جێگیربوون. یەکسەر هێزیکی یەبەشە هاتنە سەر رێگەی نێوان هەردوو هێز و سەنگەریان لێدا. کاژێر 6:30ی رۆژی 3/3/2017 هێزی پێشمەرگەکانی سەر رێگەی خانەسۆر بەرەو هێزەکەی دیکە جووڵەیان کرد، بەڵام هێزەکانی یەبەشە رێگرییان لێکردن. بەوهۆیەشەوە شەڕ لەنێوانیان دروستبوو، لە شەڕەکەدا حەوت شەرڤان گیانیان لەدەستدا، پێنجیشیان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاواوە دەستگیرکران. هەروەها چوار پێشمەرگە برینداربوون.

دوو لەو شەڕڤانانەی کە لەلایەن پێشمەرگەی رۆژئاواوە گیراون، قسەیان بۆ (رووداو) کرد. یەکێکیان بە هەڤاڵ بەرخودان خۆی ناساند و گوتی “ماڵم لە کۆمەڵگەی خانەسۆرە. رۆژی 2ی ئەم مانگە شەڕڤانێکی یەبەشە تەلەفۆنی بۆ کردم، گوتی وەرە بارەگامان بۆ بۆیاغ بکە، بەڵام کە چوومە بارەگاکە، پڕ لە شەرڤان بوو، لەوێ پێیانگوتم جلی سەربازی بپۆشە و چەک هەڵبگرە، بڕۆ بازگەی خانەسۆر، چەتەکانی تورکیا هێرشمان دەکەنەسەر”.

هەڤاڵ بەرخودان رەتیکردەوە ئەو شەڕی بۆ یەبەشە کردبێ و گوتی “لە ژیانمدا گوللەیەکم بۆ یەبەشە نەتەقاندووە، بەڵام ناچاربووم هاتمە خاڵی پشکنینی خانەسۆر. ئەوان پێیانگوتین لێرە بن و نەهێڵن کەس بەو بازگەیەدا رەت ببێ”.

بەرخودان باسی دەستپێکردنی شەڕەکەی کرد و گوتی “بەیانی زوو بوو. من لە سەنگەرێک کەمێک دوور بوو لە جادەی سەرەکی، بینیم پێشمەرگە بەرەو جادەی سەرەکی دەهاتن. دواتر ئەو شەڕڤانانەی لەسەر جادەکە بوون تەقەیان لێکردن. ئەوانیش وەڵامیاندانەوە و شەڕ دەستیپێکرد. من و هاوڕێکەم، کە ئەویش هەر خەڵکی خانەسۆر بوو، خۆمان بێدەنگ کرد تا شەڕ کەمێک هێوربووەوە، پێشمەرگە نزیک بوونەوە، هەموویان بە کوردی قسەیان دەکرد، ئێمەش بەرەو ئەوان هاتین و خۆمان رادەستکردن”. شەڕڤانەکەی دیکە، کە بە هەڤاڵ ئازاد خۆی ناساند، ترس لە سیمایدا بەدیدەکرا، لێم پرسی: “بۆچی دەترسی؟” گوتی “ناترسم، بیری دایکم و باوکم دەکەم”.

هەڤاڵ ئازاد، کە تەمەنی 17 ساڵە، گوتی ئەو لایەنگری پەکەکەیە، بەڵام قەت چەکی بۆ ئەو حیزبە هەڵنەگرتووە، تەنیا رۆژی رووداوەکەی خانەسۆر نەبێ. هەڤاڵ گوتی “ماڵمان لە خانەسۆرە، لایەنگری پەکەکەم، بەڵام نەچوومەتە ریزەکانی ئەوان، تەنیا ئەو رۆژە نەبێ کە پێشمەرگە بۆ خانەسۆر هاتن”.

ئەوەی هانی ئازادی داوە ئەو رۆژە چەک هەڵبگرێ، ئەو پڕوپاگەندەیەی یەبەشە بوو کە لەنێو خەڵکی خانەسۆردا بڵاویانکردبووەوە. ئازاد گوتی “نیوەڕۆ بوو. ئۆتۆمبێلێکی یەبەشە هاتە نێو بازاڕی خانەسۆر، یەکێک دابەزی و گوتی: نەتانزانیوە چی روویداوە؟ ئێمەش گوتمان: ناوەڵڵا. ئەویش گوتی: ئەوە هێزێکی سوپای تورکیا هاتوون، جلی پێشمەرگەیان لەبەرە و چەکداری داعشیشیان لەگەڵن. ئەوان بەنیازن هێرش بکەنە سەر خانەسۆر، وەکو داعش ژن و کچەکانمان دەبەن. ئەوجا دەبێ بچین رێگەیان لێبگرین و بەرگری بکەین”.

کاتێک ئازاد گوێی لەو قسانە دەبێ، یەکسەر دەچێتە بارەگایەکی یەبەشە و جلوبەرگ و چەک وەردەگرێ و دەچێتە بازگەی خانەسۆر. ئازادیش وەکو بەرخودان، کاتێک بینیویەتی هێزێک بە ئاڵای کوردستانەوە بەرەو روویان دێت، بڕیاردەدات شەڕنەکات و خۆی تەسلیمی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات. رۆژی 4/3/2017 هەر حەوت شەڕڤانەکە لە سنوونێ ئازادکران.

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی شنگال بە (رووداو)ی راگەیاند جگە لەو پێنج شەڕڤانەی دەستگیرکراون، دوای شەڕەکە، نزیکەی 20 شەڕڤان وازیان لە یەبەشە هێنا، کە 10 لەوان بەبێ ئاگاداریی ئێمە چوونە نێو کەسوکاری خۆیان، بەڵام 10 شەڕڤانەکەی دیکە هاتنە لای ئێمە، ئێمەش ئازادمانکردن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com