نێچیرڤان بارزانی: ئاوارە و بریندارانی شەڕ هۆکاری کەمبوونەوەی دەرمانن لە هەرێمی کوردستان

0

نوچەنێت
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی یەكێتی ئەورووپا كۆبووەوە هۆكاری كەمبوونەوەی دەرمان و پێداویستی لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان روونکردەوە.

رۆژی 6-3-2017 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك وەزیر لە هەولێر لەگەڵ كریستۆس ستایلیانیدس كۆمیسیاری یەكێتی ئەورووپا بۆ هاوكاریی مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان و شاندێكی یاوەری كۆبووەوە.

بە پێی راگەیێندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شاندە ئەوروپییەكە سوپاسی خەڵك و حكومەت و پێشمەرگەی كوردستانیان كرد، بۆ پاراستنی هەموو پێكهاتەكان لە هەڕەشەی تیرۆر و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و قوربانیانی شەڕی دژی تیرۆر نیشاندا.

شاندەكەی یەكێتی ئەوروپا جەختیان لە بەردەوامیی هاوكاریی یەكێتیی ئەوروپا بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كردەوە و لە قۆناخی داهاتووشدا لە بواری سەقامگیری و پەروەردی و تەندروستیدا بۆ ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەکان هاوكاردەبن، هەروەها هاوكاریی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ سووككردنی ئەو قەیرانانەی رووبەڕووی بووەتەوە.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوەدا بەهۆی هاتنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆرەوە، رێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان ‌35% زیادی كردووە، ئەوە جگە لەوەی ئەو بریندارانەی سوپای عێراق كە لە بەرەكانی شەڕ لە مووسڵ بریندار دەبن، لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەرییان بۆ دەكرێت، ئەوانەش هۆكاری كەمبوونەوەی داودەرمانن لە نەخۆشخانەكان، بەغدا و‌ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەمبارەیەوە هاوكارییەكانیان لە ئاستی پێویستدا نەبووە،‌ بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جددیتر ئاوڕ لەم پرسە بداتەوە.

نێچیرڤان بارزانی پێویستیشی زانی هەرێمی كوردستان لەو قەرازنەی بانكی نێودەوڵەتی سوودمەند بێت، كە دەیداتە‌ عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی قەیرانەكان ببێتەوە.

 سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەلێر و بەغداش، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، بەڵام ئێستا بەغدا زیاتر كار بۆ ئازادكرنەوەی مووسڵ لە دەستی داعش دەكات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com