حکومەتی هەرێم بودجەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەسند دەکات

0

نوچەنێت
حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەسندكرد. ئەندامێكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت‌، دەبێ‌ رۆژی 6-11-2017 هەڵبژاردن بكرێت.

بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە یەك كاتدا ئەنجامبدرێن.
 
رۆژی دووشەممە 6-3-2017 حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی پەسندكرد.

د. جووتیار عادل، ئەندامی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند “ئەمڕۆ حكومەت بە فەرمی رەزامەندی لەسەر بودجەی هەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە، كە زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلارە”.

جوتیار عادل گوتیشی “بەپێی ئامادەكارییەكانی ئێمە لە رۆژی 6-11-2017 هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت، ‌چونکە پەرلەمانی کوردستان لەم رۆژە خولەکەی کۆتایی پێدێت و رۆژی 6ی ئەیلوولی ئەمساڵ دوایین وادەیە لەبەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان، کە بە مەرسوومێك داوا لە كۆمسیۆن بكات، دەتوانێت زووتریش داوامان لێبكات. ئێمە ئێستا لە قۆناخی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دروستكردنی سەنتەری كۆكردنەوەی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجامەكانین و زۆربەی ئیشوكارەكان تەواو بوون”.

ئەندامەکەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئاماژە بەوە دەكات، هەر گۆڕانكاری و هەموارێك لە یاسای هەڵبژاردن لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بكرێت، دەبێ‌ زوو بکرێت، چونكە كاریگەری لەسەر فۆڕمی دەنگدان و زۆر بواری دیكە دەبێت و دەڵێت “ئەگەر زوو دەستكاری یاساكە نەكەن، ئێمە لەسەر یاسا كۆنەكە هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین، كە بە سیستەمی نیمچەكراوەی یەك بازنەییە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com