خوێندنى باڵا: حکومەت 30 ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى خەرج دەکات

0

نوچەنێت
وەزیرى خوێندنى باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنى بڕى 30 ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى و دەڵێت “بەو بڕە پارەیەش زۆربەى کێشەکانی خوێندکاران چارەسەر دەبێت”.

رۆژی دوو شەممە 6-3-2017 یوسف گۆران، وەزیرى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانسستى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەم قەیرانە داراییەی ئێستادا، حکومەتی هەرێمی کوردستان  رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنى بڕى 30 ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى، کە ئێستا لە خوێندندان و زۆربەى کێشەکانیان چارەسەر دەکات، بەتایبەتى بۆ ئەوانەى، کە لەدەرەوەى کوردستان دەخوێنن.

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم سەبارەت بەچۆنیەتی خەرجکردنی پارەکەش گوتی “بەگوێرەی بڕیارەکەش میکانزمێکی گونجاو دانراوە بۆ چۆنیەتى خەرجکردنى ئەو پارەیە و پارەکەش بە سێجار و بە گوژم دێتەسەر حساب بانکى خوێندنى باڵا، هەر جارەى 10 ملیۆن دۆلار دەبێت”.

یوسف گۆران دەڵێت “ژمارەی ئەو خوێندکارانەی ئێستا لە دەرەوە دەخوێنن 800 خوێندکارن، بەگوێرەی زانکۆ و ئەو وڵاتەی، کە تیایدا دەخوێنن لەم بڕیارە سودمەند دەبن”.

وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژە بەوە دەدات، کە وەزارەت سەرپشک کراوە لە چۆنیەتى مامەڵەکردن بەو پارەیەوە لەگەڵ زانکۆکان، هەر خۆى قسە لەگەڵ زانکۆکان دەکات لەبرى خوێندکاران.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com