یەبەشە: پەکەکە ئێزدییەکان رادەهێنن بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان و ناسنامە عێراقییەکەیان بکەن

0

نوچەنێت

فەرماندەیەکی باڵای یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)ی سەر بە پەکەکە رایگەیاند، كوردانی ئێزدی قبوڵ ناکەن بە هەرێمی کوردستانەوە بلکێندرێن، شەڕی ئەوان بۆ هێشتنەوەی ناسنامە عێراقییەکەیانە و، چاوەڕوانیش دەکات لە رۆژانی داهاتوودا شەڕی گەورەتر رووبدات.

سەعید حەسەن، كە فەرماندەیەکی هێزەکانی یەبەشەی سەر بە پەکەکەیە، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا لە گەڵ کەناڵی ئافاق-ی سەر بە نوری مالیکی، جێگری سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لەبارەی شەڕی ئەم دواییەی هێزەکەیان لەگەڵ پێشمەرگەکانی رۆژئاڤا دوا.

فەرماندەکەی یەبەشە، کە لەو کەناڵە یەبەشە وەکو بەشێک لە حەشدی شەعبیی شیعە ناسێندرا، گوتی “ئەو هەواڵانەی دەڵێن پێشمەرگەکانی رۆژئاڤا و پەکەکە لە خانەسۆر شەڕیان کردووە، راست نین، ئێزدییەکانی ناوچەکە ئامانج بوون لە شەڕەکەی هەفتەی رابردوو”، بەڵام دانی بەوەشدا نا فەرماندەکانی پەکەکە لە ناوچەکە بوون بەمەبەستی راهێنانكردن بە كوردانی ئێزدی.

سەعید حەسەن راشیگەیاند “راوێژکارانی پەکەکە لە ناوچەکە بوون تەنها بۆ ئەوەی ئێزدییەکان رابهێنن بەرگری لە خۆمان و ناسنامە عێراقییەکەمان بکەین، نەک هیچی دیکە”.

هەر لە کەناڵی ئافاق، فەرماندەکەی یەبەشە جەختی لەوە کردەوە “هێزەکانی پێشمەرگە هەوڵدەدەن شنگال بە هەرێمی کوردستانەوە بلکێنن، بەڵام ئێمە وەکو ئێزدی هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکەین، هەروەها رێگەش نادەین ئەمە رووبدات”.

رۆژی هەینی رابردوو 3-2-2017، شەڕ لەنێوان هێزەکانی یەبەشە و پێشمەرگەکانی هێزی رۆژ، کە کوردی رۆژئاوای کوردستانن و لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانانەوە راهێنانیان پێکراوە، لە سنوونێ و خانەسۆر هەڵگیرسا. لە ئەنجامدا چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان سەر بە هێزەکانی یەبەشە بوون، بەگوتەی سەید حەسەن نۆ ئەندامی هێزەکەیان گیانیان لەدەستداوە.

فەرماندەکەی یەبەشە کە لە بەغداوە قسەی دەکرد، هۆشداری دا لەوە لە داهاتوودا شەڕی گەورەتر روودەدا و، گوتی “ئێستا بەهۆکاری سەربازی ئاگربەست هەیە، بەڵام کێشەکە کۆتایی نەهاتووە و شەڕ لە داهاتوودا دەستپێدەکاتەوە، ئەمجارە شەڕەکە گەورەتریش دەبێت، لەبەرئەوەی ئێمە بوونی ئەوان لە ناوچەکە قبوڵ ناکەین”.

لە کۆتاییشدا گوتی “داوادەکەم حکومەتی عێراق و عێراقییەکان پاڵپشتیی ئێزدییەکانی عێراق بکەن لە شنگال”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com