عمر مەرگەیی: چی بوو چۆن بوو.!

0

چی بوو چۆن بوو …!

عمر مەرگەیی

کاتێک بارزانی لە یادی پەنجاونۆساڵەی دامەزراندنی یەکێتی لاوانی دیموکرارتی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد، زۆری نەبرد کاردانەوەی بەدوای  خۆیدا هێنا و ” کەرکوکی لە خوێن هەڵکێشاو بەغدای پایتەختیشی هەژاند. بەهۆی پشتیوانیکردن لە کەسێک و لە بەرەیەکی تری فرە ڕەنگ، خەریکە دەکەوێتە هەڵەیەکی مێژووییەوە.

ڕۆڵی کورد لەم هاوکێشە سیاسی و مەزهەبیەدا  پێش هەمووشتێک پرۆسەی ئاشتییە لەسەر هەموو ئاستەکاندا، دەبێت وەک هێزێکی بێلایەنی ناو بژیکار ئەم ململانێیە بە ئاراستەی خاوبوونەوە و پرۆسەی ئاشتی بەڕێت و ئەو کێشەیەی طارق هاشمیش بۆ دادگا جێ بهێلێت.

پێویستە ئەوڕاستیە بزانین کە ململانێکان  لە نێوان کارەکتەرە سیاسیە شیعەکان و سوننەکان گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، بەتایبەتی لە نێوان مالیکی ” شیعە ” سەرۆک وەزیران و طارق هاشمی ” سوننە ” جێگری سەرۆک کۆمار، ئەم دوو لایەنە هەردووکیان لە هەرەمی دەسەڵاتی سیاسی عێراقدان، دەسەڵاتی شیعە دەیەوێت لە عێراقدا حکومەتێک دروست بکات بە ناوی زۆرایەتیەوە، سوننەش ئەم زۆرایەتیەی پێ قبوڵ ناکرێت.

ئێستا دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ، چاوەڕواندەکرێت مالیکی لە داهاتوودا کار لەسەر ئەوە بکات، چ لە پەرلەمان، یان لە حکومەت، دەسەڵاتی ڕەهای شیعە گەرایی بسەپێنێت، پاشان هەوڵی هەڵوەشانەوەی دەستووری عێراق بدات، بەمەش عێراق بەرەو تاکڕەوی و تاک حزبی بەرێت.

ئاشکرایە کە عیراق وڵاتێک بووە کە شیعەو سوننە وەک دوو مەزهەبی ئیسلامی ناکۆکی تێیدا بڵاو بۆتەوە، ئەم دوو مەزهەبە بەدرێژایی مێژووی خۆیان لەسەنگەری ململانێدابوون کە بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕووی ڕوحیەوە یەکتریان قبووڵ نەکردووە، کە یەکێک لەهۆکارەکانیش ئەوەیە هەریەک لەم مەزهەبانە، بەدرێژایی مێژوو  لەلایەن دەمارگیری مەزهەبیەوە ڕابەرایەتی کراون.

هەر بۆیەش هەرکاتێک مەزهەبێک لەم مەزهەبانە لەناو دەسەڵاتی سیاسی بووبێت، لە سیستمی سیاسی دەوڵەتی عێراق، ئەوە لایەنی دووەم خۆی بە مەغدورو غەدر لێکراو زانیوە وەک: لەسەردەمی سیستەمی بەعسیەکاندا، کە سوننەکان بەدرێژایی (٨٠) ساڵ خاوەن دەسەڵات بوون، واتە لەسەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عیراقدا ئەم کێشەیە زیاتر زەق دەبێتەوە، کە لەو کاتەشدالە سەردەمی مەلیکی عیراق هەڵایەکی گەورە دروست بوو، ئەمەش ئەو هۆکارانەیە کە لەناو خۆی عیراقدا نەتوانراوە میکانزمێکی حوکمداری بدۆزرێتەوە کە هەموولایەک بە دڵنیاییەوە بتوانن وەک هاوڵاتیەکی عێراقی ژیانێکی ئاسوودەیی بۆ خۆی بەرێ بکات.

ئەم حاڵەتەش هۆکاری خۆی هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی دوورودرێژی خوێناوی لە نێوان ئەم دوو مەزهەبەدا، هەروەها لەدوای دروست بوونی دەوڵەتی عێراق لەنێوان ئەم دوو مەزهەبە و کوردیش. چونکە هەر سێ لایەنی ململانێ لە ناو بازنەی دەوڵەتێکدا بە زۆر ڕێکخراون ، خودی ململانێکانیش لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا بەشێوازی جیاواز بەردەوام بوون و هەتا ئێستاش ماشێنی ئەم ململانێیە لە سەر ڕەوتی خۆی بەردەوامە، ڕاستە لە مێژووی دروست بوونی ئەم دەوڵەتە دا سوننە لەسەر حوکم بووە و ترۆپکی دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە و لە هەمان کاتدا بڕیار بەدەستی عێراق بووە، شیعەو کوردیش بەردەوام لە بەرنگاری ئەم دەسەڵاتەدا بوون، کە ئەو دوو هێزەی خستۆتە پەراوێزی سیاسیەوە.

لە دوای پڕۆسەی ڕزگاری  ئەم سێ پێکهاتەیەی عێراق توانیان بۆ ماوەیەک هاو هەڵوێست بن لە هەندێک بابەتی سیاسی، ئەویش لە ترسی ئەو مێژووەی کە هەبووە نەوەک بروایان بە دەسەڵاتی یەک، لە هەمانکاتدا بە چاودێری هێزێکی وەک ئەمریکا کە لەناو عێراقدا بووەو عیراقیش سەروەری خۆی لەدەست دابوو. لەو هەلومەرجەدا توانرا دەستورێک بهێنرێتەکایەوە و بەڕاپرسی کە لە %٨٠ ی خەڵکی عێراق دەنگی پێدا، ئەم دەستوورە  نوێیەش بووە دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕال .

بەڵام سروشتی ئەم هێزانە وابوو کە بە چاوی  گوومانەوە بڕواننە بوونی یەکتری، ئیتر کەوتنە  ئەوەی چۆن ڕێگری لە بەردەم ئەم دەستورەدا بکەن، بە بیانووی جۆراو جۆر بە تایبەت لە لایەن سوننەکانەوە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان کرا لە خولی یەکەمدا، بەڵام پاشان لە هەڵبژادنەکانی تردا هاتنە ناو ململانێیەکان و چونە پڕۆسەی هەڵبژادنەوە.

بەڵام ئەنجامی هەموو ململانێکان پێویستی دەکات، کە هەرسێ لایەنە سەرەکیەکەی عێراق ” کوردو شیعە و سوننە ” بە دوای میکانزمێکی نوێ، یا سیستەمێکی نوێ، بۆ حوکومڕانی عێراق بهێننە ئاراوە تاکو هەموو لایەکی ئەم ململانێیە هەست بە ئاسایش و بوونی خۆی بکات.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com