
دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆن تەنیا لە شکڵدا جیان
نوچەنێت..تەوەر: لایەنە خراپ و لێکچووەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن چین؟ بۆچی ئەوەندە لەیەک ئەچن؟، ئەمە کەشوهەوای سیاسی ئەو ناوچەیە وا دەکات؟ یان پەروەردەی سیاسی؟.
حەمە غەفور نوسەر و رۆشنبیر: پرۆبلماتیکی کوردستانو گرێ کوێرەی مەسەلەی کورد هەر بەمەندە نەوەستاوە کە بەدوای جەنگی جیهانی یەکەمدا دابەشو پارچەپەرچە کراوە. بەڵکو زوڵمێکی گەورەی ترو جەبرێکی مێژوویی دڵڕەقانەو دەستو پاگیر کە لە یەخەی ئەم خەڵکەو ئەم کۆمەڵگایە نابێتەوە، هەژمونیی ڕۆحیەو حەماسەی دەمارگرژانەی تۆڵەسەندنەوەی دوورەشارو دژەشارستانیە لەنێو مێنتاڵێتیو مێتۆدی ڕابەرایەتی سیاسی کوردیدا. هەژمونی عەقڵیەتی شاخ لە ڕوانینیان بۆ شێوازی چارەسەر، کە خۆی دەرەنجامی کۆمەڵێک هاوکێشەی سیاسی جیهانیو ناوچەییو فاکتۆرگەلی ناوخۆیین، هەوێنی جووڵانەوەی کوردییان پێکهێناوە. ئەم ڕەوشە ناسەقامگیرو سەپێنراوە بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا قورسایی گەلێکی زۆری هاویشتۆتە سەر مێنتاڵێتی چینی بۆرژوازی کوردی بۆ حوکڕانیو دیدگایان بۆ دەوڵەتداریو بەڕێوەبردن لە کوردستان.
جووڵانەوەی کوردیو حزبەکانی بەڕادەیەکی وا هێشتا بەسراوەو گیرۆدەی عەقڵیەتی شاخو خەباتی پێشمەرگانەن کە ڕەوتە ئیسلامیەکانیش لەپاڵ هزرو مێنتاڵێتی تیرۆریستیو هەناسەو نەعرەتەی غەزای ڕێگای خودایاندا سوودیان لە هەمان عەقڵیەت بینیو “قارەمانێتی” شەرماوەری کارەساتی ئاوایی حەمەیان نمایش کرد. دواتریش جورئەتیان پەیداکردو دەستیان برد بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ژیانی کۆمەڵایەتیو موزیکو وەرزشو سەیرانگاو شوێنگە تەرفیهیەکانیان حەرام کردو بە زەبری شمشێری ئیسلام قەدەغەیان کردنو درەختی سەیرانگاکانیان تەقاندەوەو تێزابیان ڕژاند بە قاچی ژنانی سفوردا. ئەم کردەوانە ئاماژەی واقعین بۆ تیرۆری ڕێزو بەهاکانی مرۆڤ. هێمای بەرجەستەن بۆ ئەوە کە ئیسلامیەکان کۆمەڵگا بە مەیدانی ڕژانی خوێنی گەشی هاوڵاتیانی دائەنێن بۆ پیادەکردنی ڕێبازی خودا! مانیفێستی ڕاستەقینەی ئیسلامی سیاسیە بۆ بەئیسلامکردنی ئەم کۆمەڵگایەو ملکەچکردنی هاوڵاتیانی بۆ نەریتە ئیسلامیەکان. ڕەوتە سەلەفیو ئیسلامیەکان هەموویان ئێستاشی لەسەر بێت، بە توندی خەریکی نانەوەی ئاشوبێکی کۆمەڵایەتی گەورەن لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ئەیانەوێ حەملەی ئیمانی لەدژی هاوڵاتیانی مۆدێرنو ئازادیخوازانو خەڵکی ڕۆشنبیرو لایەنگری ژیانی ڕۆژئاوایی سازو بەرپا بکەن لەنێو خەڵکی سادەی کوردستاندا. ڕۆژانەو لە مزگەوتەکانەوە سەرقاڵی چنینی پیلانی خۆشکردنی ئاوری دوژمنایەتی کوێرانەن لەدژی هەموو جۆرە دیاردەیەکی شارستانی کە سیمای نائیسلامیانەی پێوە دیار بێتو نزیک بێت لە ڕەوشی ژیانی ڕۆژئاواییەوە. ئەم ئیسلامیانەی ئەیانبینین، ئێستا ناوکۆکەی شەڕو گرەولەسەر کردنن لەلایەن پارتیو یەکێتی لەلایەکو بزووتنەوەی گٶڕان لەولای ترەوە. هەردووک تەرەف پێشبڕکێیانە لەسەر هاوپەیمانێتی سازکردن لەگەڵیاندا. سەردانیان ئەکەن، گەورەیان ئەکەن، پرۆتۆکۆلی سیاسیان لەگەڵ مۆر ئەکەن..تد.
من سەرسامم چۆن حکومەتی هەرێم هیچ خۆی لە قەرەی مەشغەڵەو سەرقاڵییەکی بێبنەماو بێفەڕ نادات کە ئیسلامیەکانی لە پشتەوەیەو بەهۆی شایعەی هاوردەکردنی “پارچە لاستیکێک” کە گوایا هی نەعلی پێغەمبەری ئیسلامەو شاری سلێمانی سەرقاڵ کردووە!! کاتێک دەسەڵات سلێمانیو شارەکانی کردە سەربازگە بۆ سەرکوتکردنی دیاردەی شارستانیانەی خۆپیشاندان، چۆنە وا شار شڵەژاوە بە وەهمی پارچە نەعلی پێغەمبەرو مێش میوانی نیە ئەم دەسەڵاتە!؟ دیارە خۆپیشاندان نەریتێکی هاوچەرخەو ناکۆکە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە بۆیە پێش سازکردنی بە تێڵابەدەستەکانی سەرکوتی ئەکات، بەڵام موزەخرەفاتی داستانی دروستکراوی پارچە نەعلی پێغەمبەر وەکو ڕەوشتو نەریتێکی خۆماڵی تەماشا ئەکات، مادام زەرەری نیە بۆ پەزەکان ئیتر فریودانی ڕای گشتی ئازادەو قەیدی نیە با بێ مۆڵەتیش بێتو چۆنیان بوێو لەکوێش نماییشی بکەن با بیکەن!! بەڵام ئەم فریوکاریە نەشازەو ناکۆکە لەگەڵ کۆمەڵگای مۆدێرندا. لەویش بترازێت، کێ بەرپرسیارێتی ئەم حەشامات سازکردنەو ئەم قەڵەباڵغی دروستکردنە لە ئەستۆ ئەگرێت!؟ دەزگای ئاسایشو هێزەکانی ناوخۆ بەرپرسیارێتی گەورەیان ئەکەوێتە ئەستۆو پێویستە سنوور بۆ ئەم شایعاتە دابنێن.
ڕوانینو تێگەییشتنی نوخبەی سیاسی بۆرژوایی کوردی، بەتایبەتی سیمبۆلو کاراکتەرە هەرە سیاسیو ڕێکخراوەکانی، تەنانەت بەشێک لە خوێندەوارو ڕووناکبیرانیش بە ناسیونالیستیەوە بە ئیسلامیەوە بە تەکنۆکراتیەوە، جا ئۆپۆزیسیۆنەکەی بێت یان حوکمڕانەکەی، بۆ چەمکی دەسەڵاتو فەرمانڕەواییو ئیدارەی سیاسی کۆمەڵگا، نەک هەر نەیتوانیوە ستایڵی دەسەڵاتە ئەبسۆلوتو شمولیەکان تێپەڕێنێ، بەڵکو بەتوندی لە بونیادو ستراکتووریدا کەرەسەکانو کاراکتەرەکانو پرۆبیلماتیکی عەقڵیەتو مێتۆدی توندڕەویو تاکڕەویو خۆسەپێن ئامادەیی گەورەو بەرجەستەی هەیەو پانتاییەکی گەلێک بەرفراوانی لە دەستڕۆییشتوویی سیاسیو ئیداری ئەواندا داگیرکردووە. کۆکراوەی هەموو ئەم پێشهاتانەی لێرەدا وێنا کراوە، وە نوخبەی بڕیاربەدەستی ئێستای کورد وەکو ئەزموونێکی گوایا سەرکەوتووش خۆی پێوە بائەدات، بەدیهاتنی ئەم داوودەزگای دەوڵەتو حوکمڕانیەیە کە لەم بیست ساڵەی دواییدا بنیاتنراوە. یەکەمین دەسکەوتو پایەیەکی دیاری ئەزموونەکە پارلەمانە، یەکێکی تریان دەسەڵاتی یاساو دادوەریە. پارلەمانەکە خۆی هاوار ئەکات کارگوزاری حزبەکانەو بەبێ فەرمانی مەکتەب سیاسیو سەرۆک پەنجە بەئاودا ناکات. دەسەڵاتی قەزاو داوەریش لە پرسە کۆمەڵایەتیو سیاسیو چارەنووس سازەکاندا کەمترین ڕۆڵی هەیەو تەنانەت خودی حزبەکان جۆرێک لە کۆبوونەوە یاخود پێدانی دەسەڵاتی دادوەریان داوەتە دەستی پیاوماقوڵو سەرۆک عەشیرەو خێڵەکان. سوڵحی عەشایەریو ڕۆڵی دەمڕاستو ڕیشسپی لە زۆرێک لە پێشهاتو ڕووداوە ژیاریو کۆمەڵایەتیەکاندا جێگای نەخشی ئۆرگانیزمی یاساو قەزای گرتۆتەوە.
پارلەمانتارانو فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە مەودای دەسەڵاتو جێسوڕکێی خۆیدا عەکسکەرەوەی هەمان حاڵەتی پارتیو یەکێتیە. پێناچێت جیاوازیەکی سەرنجڕاکێش لە مامەڵەو هەڵسوکەوتی حزبی گۆڕانو فراکسیۆنی پارلەمانیەکەیدا ببێت. نامەکەی نەوشیروان بۆ چوار پارلەمانتارەکەی سەبارەت بە ئیمزای پڕۆژەیەکی تایبەتی ئاماژەیە بۆ ملکەچی فراکسیۆنی گۆڕان لە پارلەمانی کوردستاندا. جیاوازیەک کە بزووتنەوەی گۆڕان هەیبێت لەگەڵ پارتیو یەکێتیدا بەڕای من، بریتیە لە کایەکردن لەسەر پەتی مێتۆدێکی پۆپۆلیستیو لەژێر ناوی شەقامدا ئاراستەکردنی دەنگی هەقو ڕەوای ناڕەزایەتی هاوڵاتیانو توێژە جیاجیاکانی ووڵات لە بەرژەوەندی تەسکو تایبەتی خۆیدا. لەهەر جێیەک بەقازانجی بێت لەگەڵ شەقامدایەو هەر کاتێکیش بەدژی خۆی بوو وە لە بەرژەوەندی خەڵکیدا بوو تۆمەتی ئاژاوەگێڕی ئەداتە پاڵ. من خۆم دەستەواژەی شەقام نەک هەر بە شایستەی هاوڵاتیان نازانم، بەڵکو لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی سنووری بەرژەوەندی توێژو چینەکانو بە جۆرێک لە جۆرەکان لەپشتەوە دەسبەستنی ڕەوتو ئاراستەی ناڕەزایەتیەکانە تا بۆ مەرامێکی تایبەت بتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت!.
ئیسلامیەکانیش سەرتاپای پێکهاتەیان، ئیسلامیان، تیرۆریان، نوێژو ڕۆژوویان، حەجیان مەراسیمی ئایینیو تازەیەو کۆستی هاوڵاتیان، تا بگات بە سیاسەتیان، بە پارلەمانیان، بە بانگەشەو ڕاگەیاندنیان، بە ڕیشیان تا بەرسمێڵیان، بە قیافەو هەڵسو کەوتیان، هەر هەمووی وەک خۆیان ئەیڵێنو نایشارنەوە لەڕێگای ئیسلامو قورعانو خودادایە! مێژووش سەلماندوویەتی ئەم ڕێگای خوداو ئیسلامە تا بە ئەمڕۆ بە خوێن سوورە! پێناچێت خۆدانەپاڵی خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیان ببێتە مایەی وەرگرتنی ڤیزای پەڕینەوە لەم نیگەرانیەی خەڵکی کوردستان وە لە پێشیانەوە ئازادیخوازانو ڕووناکبیرانی سەرفراز.