
بۆچی نەریمان بابان چەندملیۆنێک سیدی نەفرۆشرێت؟
هێمن ڕەئووف
تایبەت بۆ نوچەنێت
بەبێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی ناشێین باس لە نەریمان بابان بکەین، وەکو دوانەیەکی لەیەکچوو پڕن لە خەسڵەتەکانی یەکتر و هەمیشە بەهۆیانەوە خۆشەویست و داهێنەر و ڕچەشکێن و جار جارەش تۆمەتبار دەکرێن بە هەندێ ناونەتۆرەی ناشییانە و بێمانا.
هەرچەندە نازانم بە چ سیفەتێک دەمەوێت لەو کەنزە گرانبەهایە بدوێم، هەرچەندە ئیشی من نیە هونەری هونەرمەندێک هەڵسەنگێنم، هەرچەندە ئاسان نیە چنینی ڕستەکانی ئەم بابەتە بە کەرەسەکانی من… بەڵام ڕێگە بەخۆشم دەدەم بەو بڵێم زۆر سوپاس بۆ ئەم دیاریە جوانە و بە ئێوەی خوێنەری بەڕێزیش بڵێم با هەموومان نرخی ئەم ماندووبونە بزانین و بە نرخێک گوێی لێگرین.
بابان تەنها دەنگێک نیە بە ستایلێکی جیاواز و تایبەت بەخۆی گۆرانی بڵێت و بۆ ماوەیەک ئاشنامانکات بە بەرهەمە تازەکانی و دواتر بیر بچێتەوە، وەک دەیان گۆرانی بێژی تر. تەنها لەبەر ئەوە نیە خۆشماندەوێت کە کۆپی هونەری بێگانە ناکات و گوێی لاوەکانمان بە ئاوازە عەرەبی و تورکی و فارسیە بێتامەکان پڕ ناکاتەوە. هەر لەبەر ئەوە نیە هەمیشە بەبەرهەمی نوێوە دەردەکەوێت و کلیپی پڕۆفشناڵمان پێشکەش دەکات، هەموو لەبارەیەوە دەدوێین. لەبەر ئەوەش نیە کە خەڵکی سلێمانییە عەزیزە لامان. نەخێر..
سەیرکەن لە نیگەرانینامەکەی ئەم دواییەیدا چۆن هەڵوێستەکانی خۆیمان بۆ دەنوسێتەوە کاتێک باس لە چاپ نەکردنی ئەلبومەکەی لە تورکیا دەکات، ببینن ڕێزگرتنی ئەم لە کوردبوونی خۆی و میللەتەکەی چ بەهایەکی هەیە! ئایا ئەوانەی سلێمانیچێتی ناکەن و زۆر کوردستانیانە هونەرمەندن ختورەتێکیش بەدڵیاندا هات لەکاتی کارەساتە تاوانکارییەکەی تورکیا بەرامبەر خەڵکی شیرناخ؟ کام لەوانە ئاهەنگەکانیان ڕاگرت لە سەری ساڵدا و هەر هیچ نەبێت بۆ سێ رۆژیش خۆیان خستە پرسەوە؟.
یەکێکی تر لەو ڕەهەندە جوانانەی نەریمان بابان ئەوەیە کە پیشانمان دەدات خۆڕاگری لە بەرامبەر دەستکەوتی تایبەت و شەخسی چۆن دەبێت. پێی ووتین بە پشتبەستن بەخۆم و بە تواناکانم ئەم کارە دەکەم وە کردی. ئەم خۆ بەگەورەزانینە جوانەی نەریمان زۆر جێگای ڕێزە. ئەو هەرگیز منەتی بە دەسەڵات و لایەنەکان نەبوو هاوکاری بکەن لەبەرهەمهێنانی بەرهەمەکەیدا، وە توانی ئەو هەرگیزە تێپەڕێنێت و جوانترین کارمان پێشکەش بکات.
با بپرسین بۆچی ئەم توحفەیە بێبەشە لە سۆزی ئەو شارەی کە پێوەی ناسراوە؟ ئەو خەلەلە لە کوێی ئەم مۆتۆڕەدایە و بۆچی لە پەراوێزی هەموو دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکاندایە لەو هەرێمە بچکۆلەیەی پێی دەلێن کوردستان؟.
لە یەکێک لە پەیجەکانی فەیسبووکدا لە ژێر ناوی نەریمان بابانەوە نوسرابوو” بۆچی یەک ملیۆن سیدی نەفرۆشێت بۆچی چەند ملیۆن دۆلارێک قازانج نەکات؟ ” منیش دەلێم بۆچی بەهەموومان دەست بەم کەنزەوە نەگرین بۆچی نەیکەینە پاشا و تاجی هونەری لەسەر دانەنێین؟ بۆچی چەند ملیۆنێک سیدی نەفرۆشێت و بۆچی چەندان ملیۆن قازانج نەکات؟.
…….
نوچەنێت، رێکلامی ئەلبومی نەریمان بابان