سالار جاف: نەریمان بابان ناسنامەی سلێمانیە و ئەزمەڕ بۆ دوری ئەو دەگری

0

نەریمان بابان ناسنامەی سلێمانیە و ئەزمەڕ بۆ دوری ئەو دەگری

سالار جاف

تایبەت بۆ نوچەنێت

من ئەوەندە نابێت بە تەواوی ئاشنای دەنگی نەریمان بابانم، ئاشنابون بەو شێوەیە نا کە میتافۆڕ و دنیابینی ئەو هونەرمەندە لە روی هونەریەوە بە تەواوی ئاشنا بم و بتوانم لێکدانەوەیەکی ورد، بۆ دەنگ و ئاستی هونەری ئەو گۆرانیبێژە ستایل جیاوازە بکەم، بەڵکو ئاشنایەتی من بۆ ئەو هونەرمەندە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی، کە پرسیارمکرد، ئەرێ جگە لەم شێوازە باوەی گۆرانی وتن دەبێت شیوازێکی جیاواز و تایبەت هەبێت؟، هەرچەندە لە ناو شێوازە جیاوازەکانی گۆرانی وتندا یەکەمجار دیاری قەرەداغی ناسک و جوانم دۆزیەوە، بەڵام پاش ئەو تاکە دەنگێک کە ئاشنای بوم، نەریمان بابان بوو.

ئێستاش پاش ئەو کەمەکە تێگەشتنەم بۆ ئەو دەنگە پێموایە، نەریمان بابان دەنگێکی جیاواز و غەریبی سلێمانیە، زۆرجار ئێمەی خەڵکی سلێمانی سەرزەنشتی ئەوە دەکرێین کە شارچێتی دەکەین، بەڵام وەک کەمال محەمەد دەڵێت: تاوانمان چیە لەم شارەدا لە دایکبوین و شەقامەکانی وەک بۆری خوێنبەری دڵمان لە گەڵ رۆحماندا ئاوێتە بوە؟.

نەریمان بابان، دەنگ و ریتمێکی تایبەتی گۆرانی وتنە لە ناو کوردستاندا، لە کوردستانیش لە ناو سلێمانیدا، لە سلێمانیشدا لەو شوێنانەدا کە حوزن و غەریبی لێدەبارێت، من وەک گەنجێکی سلێمانی نەک وەک رۆژنامەنوسێک(کە هاوڕێکانم وام پێ دەڵێن) ئەو دەنگە تایبەتمەندیەکی دانیسقەی بۆ من هەیە، چونکە لە هزری مندا، ئەگەر سلێمانی ناسنامەیەک بێت و پیرمەنسور نزرگە پیرۆزەکەی و باخی گشتی ژوانی دیداری عاشقە گڕوگاڵەکان و سەرچنار جێگەی یادوەریە تاڵەکان و جەمال غەمباری ناسک جوانیەکەی بێت، ئەوا نەریمان هونەرە تایبەتەکەیەتی، ئەگەرچی ئەو هونەرمەندە لە روی چەندێتیەوە کەمە، بەڵام لە روی چۆنێتیەوە خەرمانێکە، کە لە بن نایەت، ئەوەش جێگای شانازیە و ئەوەی دەمێنێتەوە چۆنێتیەکانی ناو چەندێتیە.

ئەوەندەی من تێگەشتبم، نەریمان بابان گەڕیدەیەک بوە بە دوای جوانیدا، رێبوارێک بوە بۆ دۆزینەوەی داهێنان، ئەو ماوەیەک بێ دەنگە، بەڵام بێ دەنگیەکەی بە چەکوشی جوانیەکان شکاند و گڕی لە شەوە زەنگی خەیاڵە ئەهریمەنیەکانی ئێمە بەردا و پێی وتین: ئەوە منم کە هەرکات ئاواز و خەیاڵ و حەسرەت و جوانی تێکەڵبکەم، ئەگەر دەستلەملانی جەنەتتان نەکەم، دەتوانم لە گۆشەنیاگەیەکەوە ئەو ئاوازانەتان پێ ئاشنا بکەم، پەریەکانی رۆخی کەوسەر بۆ بەخێر هاتنی رۆحە پاکەکان ئەیچرن.

عەوداڵی نەریمان بۆ ئاوازی نایاب و دەنگی جیاواز و هونەری دانیسقە و خولقاندنی کەشێکی جیاوازی بیرکردنەوە، وەک یۆهانز کارلسکی پاڵەوانی رۆمانی کەمانچە رەشەکەی ماکسێنس فێرمنین وایە، چونکە ئەگەر ئەو جەنگ لە فەرەنساوە بەرەو ڤینیسیای ئیتاڵیای پەلکێشکردبێت و دڕندەیی سەربازەکان بیری خولقاندی ئۆپێراکەیان بۆ ماوەیەک لە هزریدا تۆراندبێت، ئەوا نەریمان بابان جەنگی براکان ئەو بیرەی لە سەریدا نەڕەواندەوە و لە گەڵ هونەرەکەی خۆیدا راستگۆیانە مامەڵەی کرد، ئەوەتا دوای چەند ساڵ لە تەواو بونی ئەو شەرانەش دێت و بە بەرهەمێکی ناوازە پێمان دەڵێت، من یۆهانز نیم، بەڵکو محەمەدی دڵشوشەی فکردانی بەختیار عەلیم و تا کەوتنە خوارەوەی دوا پارچەی دڵم، سەرشێتانە ئاوازکان ریز دەکەم و سەدایەکی نوێ دەچرپێنم بە گوێی ئێوەدا.

ئەو چەند ساڵە تاراوگەنشینی وڵاتێکی بەستەڵەکە، رۆژەکانی لە گەڵ بەفر و شەوەکانی لە گەڵ ئەو فەنەرانەدا بە سەر دەبات، کە هیچ بۆنێکی نیشتیمان بە روخساریانەوە نابینرێت، بەڵام کاتێک دەنگ هەڵدێنێت و دەچڕێت، سابونکەران لای ئەو ناوەراستی شارە و مەلیک حوکمی دەوڵەتێکی چکۆلانەی کوردی دەکات و ئەسپ و عارەبانەکان لە ماڵی حەپسەخانەوە بەرەو قەراخی شار بەڕێدەکەون کە باخی گشتی ئێستایە، چەند خۆشە بتوانیت بە چاوداخستنێک و دەنگ هەڵهێنانێک بگەڕێیتەوە ئەو سەردەمە کە نەریمان بابان هەرکاتێک بیەوێت دەیخولقێنێت، گەڕانەوە بۆ سلێمانی جاران.

بەلام خۆشبەختانە کاتێک ئێمەش گوێ لە دەنگی ئەو دەگرین، بە چاوداخستنێک دەبینە هاوسەفەری ئەو و دەچینەوە ئەو کەشە جوان و سادەی شارەکەمان، سوپاس بۆ ئەو هونەرمەندە کە هەرکات بێزاربین لەمڕۆی سلێمانی، لە دەنگی ئەودا خۆشترین رۆژەکانی شار دەدۆزینەوە، ئەگەر بێ پارە بین و نەتوانین بۆ نزیکترین شوێنی شار بڕۆین، دەنگی ئەو دەبێتە فارگۆنێکی فراوان و هەمو شار لە خۆیدا هەڵدەگرێت، من کە دەنگی ئەوم هەبێت چیم داوە لە گەڕان بە ناو شاردا؟، چونکە لە هەر دێڕێکیا کوچەیەکی شار دەبینم،، لە هەر ئاوازێکیدا حەسرەتێکی شار ئاوێتەی رۆحم دەبێت، لە بینینی هەر وێنەیەکی سیمایشیدا، مەحزونترین گەنجی شار دەبینم، کەواتە من دڵخۆشم ئەگەر هاوڕێی دەنگی ئەو هونەرمەندە بم، من ئەوندەم هەیە لە سەر دەنگی ئەو هونەرمەندە و کە هاتەوە باوەشی شارە حەیاتەکە و یەکمان بینی، هەمو قسەکانی ترم کە لێرەدا بە پانتایی پەڕەکانی تاوان و سزای نوسەر دۆستفیسکی تەواو نابێت، روبەڕو پێی دەڵیم و دواتریش ماچێکی دەکەم و دەڵێم: بەخێر بێیتەوە، ئەمە شارە حەیاتەکەیە، راستە ئێستا زۆر گۆڕاوە و مرۆکانی ئەم شارە ماندون، بەڵام بڕۆ بۆ ئەزمەڕ و لەوێوە تەماشایەکی شەوانی شار بکە، بزانە هەمان دیمەنەکەی جارانی هەیە کە جێتهێشت، چونکە ئێمە دوای سەفەری تۆ، نەوەیەکی زۆر دڵرەق بوین بۆ ئەم شارە.
…….
نوچەنێت، رێکلامی ئەلبومی نەریمان بابان

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com