
هونەری کۆپی کردن!
هەرمان خالید
لە لاپەڕەکەم لە فەیسبووک، جارێک ئاماژەم بەوە کرد، کە ئێمە بە گشتی گەندەڵێن، کەسمان نیە بە شێوەیەک لە شێوەکان دزی و گەندەڵیەک نەکەین، ئەوکات هەندێ برادەر پێیان وابوو کەمێک زیادەرەویم کردووە و کێشەی گەندەڵیم لە کوردستان زۆر گەورە کردووە، یان بەشێوەیەکی تر گوایە ئەوە بەرپرس و شتەکانن گەندەڵ و دزن، نەک بابایەکی ئاسایی کۆمەڵگە. ئاخر کۆپی کردنی بەرهەمی هونەرمەندێک، سەرە بڕی لە فەرمانگەیەک، …..هەموو ئەوانە دزی و گەندەڵیە!.
بە داخەوە، شەڕی براکوژی و دوو ئیدارەیی، میللەتی باشوریان زۆر تەمبەل و کار نەکەر و بەلاش خۆر کرد. بەردەوام هەموو تاکەکان، حەز دەکەن هەموو شتێک هی خۆیان بێ، کەس حیساب بۆ ئەوەی تر ناکا. ئاخر حیزبە دەسەلاتدارەکان، لە کاتی دوو ئیدارەییەکەدا، بە ئاشکرا نیوەی کۆمەڵگەیان کردە مەعاش خۆر، بی ئەوەی حکومەت پێویستی بە بیست لە سەدی ئەم هەموو حەشاماتە بێ! دوای نەمانی ئەو دوو ئیدارەییەش، ئەو میللەتە وازی لە بەلاش خۆری و پاوان کردنی هەموو شتەکان بۆ خۆی نەهێنا.
ماوەیەکە گۆرانی بێژ و هونەر پیشەکان دادە دادیانە لە دەست کۆپی و بە هەزار و یەک شێوە تکا لەو میللەتە دەکەن بەرهەمەکانیان بە کۆپی کراوی نەکڕن، بچن رەسەن ( ئۆرجیناڵ) بکڕن، بۆ ئەوەی ئەوان ئەگەر قازانجیش نەکەن، ئەوا ماڵوێران نەبن! تۆمارگاکان لە جیاتی ئەوەی یارمەتی دەربن لەوەی هونەرێکی جوان بڵاو بکەنەوە، خۆیان جوانترین هونەری کۆپی کردن فێر بوون!
بە هەموو یاسا و رێسایەک، ئەوان مافی خۆیانە ئەو داوایە بکەن. بەڵام دەبێ سەرەتا گلەییەکە لە خۆیان و رێکخراوەکەیان بکەن، ئەو کات لە میللەت بکەن. ئێمە رێکخراوی هونەرمەندانمان هەیە، دەبێ ئەو هونەر پیشانە لە رێی رێکخراوەکەیان فشار لە سەر پەرلەمان دروست بکەن بۆ ئەوەی یاسایەک دەربچوێنێ ( من نازانم تا ئێستا تێپەڕیوە یان نا، بەڵام ئەگەر یاساکە پەسەندیش کرابێ، دەبێ فشار دروست بکەن تا جێ بە جێ بکرێ). من لەو بڕوایەدام ئەگەر هەوڵێکی جددی هەبێ بۆ دانان و جی بەجێ کردنی یاسایەکی لەو جۆرە، ئەوا بێ گومان سەردەگرێ و ئیدی ئەوانیش دەحەسێنەوە. دەسەڵاتی کوردی ئەگەر لە یاساکانی تر کەمێک حەساس بێ، بە هۆی ئەوەی دەسەلات و شیرینیەکانی خۆیان کەم دەبێتەوە، ئەوا بۆ یاسایەکی لەم چەشنە باوەڕ ناکەم هیچ رێگریەک یان سەرنجێکی هەبێ!.
شتێکی تریش دەمەوی ئاماژەی پێ بکەم، ئەو هونەرمەندانە بەرهەمەکانی زۆرینەیان بۆ کوردە، بە کوردیە، ئەوان دەتوانن سود لە تواناکانی کورد لەو بوارە وەربگرن، چونکە سود وەرگرتن لە توانا کوردیەکان: یەک، کەمتر لە سەریان دەکەوێ. دوو، سەرمایەی نیشتیمانی دەپارێزن. من پێموایە ئەو میللەتە ئەگەر رێز لەو بەرهەمانە و ماندووبونیان نەگرێ، ئەوا هیچ پێویست بەوە ناکا فلانە هونەرمەند بچێتە تورکیا و لوبنان و بەرهەمەکەی بە تێچوویەکی زۆر بەرهەم بێنێ. ئێمە بەشی ئەوەندە شوێنی دیدەنی و جوان و کەسی تەکنیکی و موسیقیمان هەیە، کە بەرهەمێکی جوان دروست بکەن. تاهیر تۆفیق و حەسەن زیرەک زۆربەی گۆرانیەکانیان لە ماڵان تۆمار کراوە، کەچی دوای ٣٠ ساڵ، هێشتا بیسەر و بینەریان هەیە و رەنگە زۆرتریش بن لە بیسەر و بینەری ئەو کابرایەی دەچێتە قوبڕس و تورکیا و بە یەک فەردە دۆلار گۆرانیەکەی بەرهەم دێنێ!.