تەوەر…. كورد خۆی ڕۆڵی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لاوازكردوە
تەوەری نوچەنێت: ناوچهی رۆژههڵاتی ناوهڕاست و وڵاتانی عهرهبی، به چركهساتی مێژووییدا تێدهپهڕن، چونكه له ئێستادا چهند رژێمێك كهوتوون و چهند رژێمێكی تریش له كهوتن نزیك بوونهتهوه، پرسیار ئهوهیه، بۆچی ههرێمی كوردستان نهیتوانیووه رۆڵ و سهنگی خۆی بخاتهڕوو، واته تا ئێستا به ئاشكرا نهیتوانیوه ههڵوێستی خۆی به راشكاوی دهرببڕێت، یان قورسایی خۆی لهسهر رووداوهكان دابنێت، وهك باس دهكرێت، كورد ئهوهندهی سهرقاڵی عێراقه، ئهوهنده نهیتوانیوه له رووی نێودهوڵهتییهوه سهنگی خۆی بهدیار بخات، ئێمه لهم تهوهرده دهمانهوێت تیشك بخرێته سهر رهههنده جیاوازهكانی ئهم بابهته.
خالد ڕەنجدەر:
گەلێك فاكتەر ھەن كە ڕۆڵی كوردیان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا لاواز كردوە، لەوانە: پێشوازی كردن لەو ئەمریكایەی دەسەڵاتی مێژویی لە دەست عەرەبی سوننەی عێراقی دەرھێنا و ڕۆیشتیشەوە، ھەڵوێست لە بەھاری عەرەبی، ھەڵوێست لە كێشەی فەلەستین، نزیكبونەوە لە ئێران و توركیا نەك لە لایەنی سیاسیەوە بەڵكو تەنھا لە لایەنی ئابورییەوە، پشتگوێ خستنی دۆسیەكەی خۆی لە كۆمەڵگە نێودەوڵەتیەكاندا، سەرقاڵ بون بە كێشەكانی عێراقەوە و، بەدەنگەوە نەھاتنی ڕۆژئاوا سەبارەت بە كێشەكانی كورد.
ئێمەی كوردی عێراق لكاوین بە عێراقەوە و عێراقیش لە بازنە عەرەبیەكەدایە ئەگەرچی ئەم حكومەتەی ئێستا حەز بە دەرچون لەو بازنەیە دەكات. ئەو لكانە بە عێراقەوە بۆتە ھۆی ئەوەی سایەی وڵاتانی عەرەبیمان ناراستەوخۆ بەسەرەوە بێت. عەرەبەكان لەسەر داگیركردنی كوەیتەوە پشتیان لە سەدام حسین كرد، بەڵام دڵیان ھەر بە عێراق دەسوتێ و پێیان ناخۆشە لە دەست عەرەبی سوننە چۆتە دەرەوە و، كوردیش بە بەشێك لە ھۆكاری لەدەستدانی ئەو ھێز و دەسەڵاتەی سوننەی عێراقی دەزانن.
ئێمەش ناتوانین لە كارتێكردنی ئەو بازنە عەرەبیە دەرچین. توركیا پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی بو و عەلمانیەكان بە درێژایی نزیكەی ھەشتا ساڵ پشتیان كردە جیھانی ئیسلامی و عەرەبی و ڕویان لە ئەوروپا كرد. ئەوروپاش ئامادە نەبو ئەو مۆری ئیسلامەتیە لە ناوچەوانی توركیا بكاتەوە بۆیە ئۆردغان جارێكی تر ڕوی توركیای بەلای وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبیدا وەرچەرخاندەوە.
ئەگەر دەسەڵاتدارانی ھەرێمی كوردستانیش ئەو ئەزمونە دوبارە بكەنەوە ھەر دەبێ ئۆردغان ئاسایی ڕو لە ڕۆژئاوا وەربچەرخێنێتەوە.
ئێمە كە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین و ھەرچەندە عەرەبەكان ھیچیان بۆ ئێمە نەكردوە، بەڵام ناتوانین ئەگەر یارمەتی فەلەستینیەكانیش نەدەین نكولی لە كێشەكەیان بكەین. ئەوەش بە دڵی ئیسرائیل نیە. ئەگەر لایەنی ئیسرائیلیش بگرین لەسەرمان دەكەوێ و زیاتر لە نەتەوەكانی ناوچەكە دادەبڕێین. لە لایەنی مەزھەبیشەوە ڕاستە سەركردەكانی كورد دەڵێن كێشەی ئێمە نەتەوەییە، بەڵام عەرەبەكان كە زۆرینەی ناوچەكەن چاوڕوانی ئەوەشمان لێدەكەن لە ناكۆكیەكانیاندا لە گەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران خۆمان بەلای ئەواندا ساغ بكەینەوە.
لەبەرامبەر بەھاری عەرەبی سەرانی كورد بێدەنگیان ھەڵبژارد چونكە دودڵ بون لەوەی سەردەكەون یان ئایا ئەمریكا پشتیوانیان لێ دەكات؟ ئێمە كە میللەتێكی بێ دەوڵەتین و ستەممان لێدەكرێ دەبو لە كوردستان خۆپیشاندانی لایەنگری بۆ بەھاری عەرەبی بكرایە. باشە ئێستا ڕژێمی تونس و میسر و لیبیا كەوتن و ئۆپۆزیسیۆنەكانیان گەیشتونەتە دەسەڵات و، دەسەڵاتی كوردی پیرۆزبایی لێ نەكردون، ئیتر چۆن دەبێ چاوەروانی ئەوەبین كە دیپلۆماسیەتمان لە گەڵدا بگۆڕنەوە!.
ئێمە وەك عەرەبەكان خاوەنی كێشەی فەلەستینن نین كە ئیسرائیل و ڕۆژئاوا ھەمیشە چاوەڕوانی ئەوەن كە عەرەبەكان ھەڵوێستیان بگۆڕێ و بونی ئیسرائیل قبوڵ بكەن.
بەربەستی گەورەش ئەو سەرقاڵ بونەیە بە كێشەكانی بەغدادەوە. كارێكی باشە مرۆڤ بتوانێ ناوبژی بكات و ناكۆكی خەڵكانی تر چارەسەر بكات، بەڵام من پێموایە كورد لە عەرەبی عێراقی عێراقی ترە و ئەوەندەی لە خەمی عێراقدایە لە خەمی خۆیدا نیە.
عێراقی ئەمڕۆ لەبەر ئەوەی سایەی ئێرانی بەسەرەوەیە حكومەتی نوری المالكی لایەنگری ڕژێمی سوریا دەكات. ئەوەش پێگەی كوردی عێراقی لای كوردی سوریا لاواز كردوە كە دەبو بە ئاشكرا لایەنگریان لێ بكات.
ئەم ھۆكار و فاكتەرانە پاڵیان بە كوردەوە ناوە ڕو لە ڕۆژئاوا بكەن، بەڵام بێ متمانەییان بە ڕۆژئاوا خەریكە دەیانخاتە ناو جەواڵی ئێرانەوە و ئێرانیش ئامادە نیە بەھێزیان بكات بۆ گیانی خۆی یان بۆ گیانی بەغداد یان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كورد.
تەوەر…. كورد خۆی ڕۆڵی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لاوازكردوە
0
Share.