ته‌وه‌ر…. کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نووێدا

0

ته‌وه‌ر…. کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نووێدا

کورد دەبێ لەمەودوا گەمەکەر بێ نەک تەنها تەماشاکەر

کەمال چۆمانی

خۆخەریککردنی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بە عێراق و دروستکردنی چەندان مەترسیی وەهمی لەسەر هەرێم، رێگریکردنە بۆ نەبونە بەشێک لەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رویانداوە و بەردەوامن لە رودان. سەرقاڵکردنی هاوونیشتیمانییان بە کێشەگەلی لاوەکیی بێبنەما باشترین هۆکارێکن بۆ چاندنی تۆوی ترسی دوژمنی ناوخۆیی و هەرێمی و دەرەکی. لەو رێیەوە سەرکردایەتیی کورد دەیەوێت خۆی بە دور بگرێت لە هەر گۆڕانکارییەک کە لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتایی نەیەت.

لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا چەندان کێشە کەڵەکەبونە. کێشەکانی هەرێمی کورستان کێشەی ئەوتۆ نین کە چارەسەرییان دوابخرێت، بەڵکو راستەوخۆ بەندن بە ستراتیژیی نەتەوەیی و ئاراستەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو سیستەمێکی دیموکرات. سیاسەتی گشتی نێوخۆیی و دەرەکیی هەرێم بەندە بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.

هەبونی میلیشیای حیزبی، قۆرخکاریی دەستەڵات بەسەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگە، قۆرخکاریی ئابوری، بەلاڕیبردنی پەروەردە، تێکەڵکردنی سیاسەت و بنەماڵەگەرایی، دەستبەسەرداگرتنی بازاڕ، لە قاڵبدانی میدیا و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رادەربڕین، نەبونی دەستورێکی دیموکرات و سیڤیل، پارلەمانێکی چەقبەستو، تێکەڵبونی دەستەڵاتی بنەماڵە و دەستەڵاتی دەوڵەت، فۆڕمی حیزبی شمولی، بەخوابونی سەرۆک، گەندەڵی گەورە، ناتەکنۆکراتی حکومەت، زاڵبونی عەقڵییەتی خێڵەکییانەی حیزب بەسەر حکومەتدا و دەیان کێشەی جدیی تر کە بەرۆکی هەرێمیان گرتووە، وادەکات نەتوانێت هەنگاوی گەورە بهاوێت.
ئۆپۆزسیۆن و دەستەڵات، هەردوکیان دەبێت بەشدارببن لە دروستکردنی بڕیاری دەوڵەتیدا. ئەو بڕیار و رێککەوتن و دانیشتنانەی کە لەنێوان کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی لەلایەک، کوردستان و وڵاتانی هەرێمی و جیهان لەلاکەی ترەوە. ئەمە یەکێتیی نەتەوەیی بەهێزدەکات.
لە هەمان کاتیشدا، هێز و توانای رێککەوتن و بڕیارەکان زیاتر دەکات. هەر بڕیار و رێککەوتنێکی نیشتیمانی دەبێت وێنای هەمو گەلی کورد بکات. یەکێتی و پارتی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و شەقام دەبێت لەو مەسەلانەی پەیوەستن بە ئاساییشی نەتەوەیی هاوهەڵوێست بن. یان بەلایەنی کەمەوە بگەنە رێککەوتنێک لەسەری. هۆکاری هەرەسەرەکیی نەهاتنەوەی کەرکوک تا ئێستا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە تا هەنوکەش کورد دیدێکی یەکلاییکەرەوەی نەبووە بەرامبەر کەرکوک. هەمووان بانگەشەی ئەوە دەکەن کەرکوک بەشێکە لە جەستەی کورد و کوردستان، بەڵام رێککنەکەوتون ئەو پارچەیە چۆن بکرێتەوە بە لاشەی ئەم جەستەیەدا.
سەرکردایەتیی کورد، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە بۆ دروستکردنی سەنگێکی باڵا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەوان تا ئێستا ئەو سەنگەی دروستیانکردووە لەسەر بنەمای  حیزبێکی سیاسیی دروستیانکردووە. ئەوە زۆر بەڕونی دەردەکەوێت لە هەبونی پەیوەندییە هەرێمییەکان. پارتیی دیموکراتیی کوردستان لەسەر بنەمای حیزبیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بنیاتناوە زیاتر لەوەی وەک حکومەتی هەرێم. یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش بەهەمان شێوە لەگەڵ ئێران. پاڵدانی یەکێتی بە ئێران و پارتی بە تورکیا وەک دو نمونەی پەیوەندیی هەرێمیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، نیشانیدەدەن کە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزی دولایەنە نییە. هەرێمی کوردستان لەڕێی پەیوەندییە بازرگانییەکانی و ئابورییەکانیەوە توانیویەتی وەبەرهێنان و بازرگانیی تورکیا و ئێران بۆ خۆی رابکێشێت و لەو نێوەشدا سەنگێکی ئابوریی دروستبکات، بەڵام نەیتووانیووە سەنگێکی نەتەوەیی سیاسیی کاریگەر دروستبکات. هێشتاش ئەو دو هێزە و میدیاکەیان وەک ترسنۆکترین هێزی دونیا مامەڵە لەگەڵ ئەو دو دەوڵەتە دەکەن.
پێگەی هەرێم لە ناوخۆی عێراقدا دیسان پێگەیەکی سەقامگیر نییە. سەرەڕای ئەو هەمو بێهێزییەی حکومەتی عێراقی، ناجێگیریی دۆخی ئاساییش، هەبونی دەیان ناکۆکی گەورە لەنێوان ‌هێزە عێراقییەکان و ناکۆکی مەزهەبی و تائیفی، کەچی کورد هەمیشە سازشکەر بووە نەک پێداگیرکەر بوبێت لەسەر بەرژەوەندییەکان. لەوەدا گەلێک هاوڕام لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، ئەوەندەی گرنگی بە پۆست و پارە داوە ئەوەندە گرنگی بەوە نەداوە ببێتە بەشێك لە دروستکردنی بڕیاری دەوڵەت. ئەوە زۆر بەڕونی لە هەڵسوکەوتی هەریەکە لە جەلال تاڵەبانیی سەرۆک کۆمار و هۆشیار زێباریی وەزیری دەرەوە، وەک دو کەسی خاوەن پۆستی هەرە باڵا و کاریگەر، دەردەکەوێت. هۆشیار زێباری نەیتوانی دەنگ دژی سوریا بدات لەکاتی کۆبونەوەی جامیعەی عەڕەبیی دژی سوریا. ئەمە لەکاتێکدا، دەبووا سەرکردایەتیی کورد هەوڵی جدیی دابووایە و بدات دژ بە حکومەتی سوریی. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێران دژ بە وەها بڕیارێک بو، حکومەتی عێراقیش بە هەمان شێوە. مام جەلال و هوشیار زێباری و سەرکردایەتیی کوردیش نەیتووانی شتێک بکا دژ بە ویستی ئێران و شیعەکانی عێراق. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کورد دەبێت سود لەو گۆڕانکارییانە وەربگرێت. ئەوەی جێگەی داخە، کوردانی رۆژهەڵات سەرەڕای ئەو هەمو گۆڕانکارییانە، نوقەیان لێوە نەهاتووە تا ئێستا. ئەوەی هەر زۆر جێگەی داخە، بەهۆی کاریگەریی ئایدۆلۆژیای چەپگەرێتیی هەندێک لە هێزە رۆژهەڵاتییەکان، دژی تەواوی بەهاری عەرەبیشن. لە تورکیا، هێشتا وەک پێویست ئەو دەرفەتەیان نەقۆستۆتەوە چونکە سەرکردایەتیی کورد لە باکوری کوردستان وەک دوا دەرفەت لە راپەڕینی سەرتاسەریی رادەمێنێت. ئەوان لە ئێستادا هەر لەڕێی خۆپیشاندان، شۆڕشی پارلەمانی و پشتیوانیی شاخ دەیانەوێت بە چارەسەرییەک بگەن.
کورد دەبێت چارەسەریی کێشەی بکاتە هەوێنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە رویانداوە و رودەدەن. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەبێت کێشەی فەڵەستین و کورد یەکلاییبکاتەوە. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن و دەستەڵات لە هەرێمی کوردستاندا جۆرێک لە یەکێتی لەنێوانیاندا هەبووایە، دەکرا لەڕێی ئۆپۆزسیۆنەوە پەیوەندیی باش لەگەڵ ئەو هێزە نووێیانە بنیاتبنرێت. لە تونس، مەغریب، لیبیا، میسڕ و سوریای داهاتو، ئیخوان موسلیمین سەرکردایەتیی وڵات دەگرنە دەست. بەلایەنی کەمەوە، ئەم دەیەیە، دەیەی حوکمی ئیخوان موسلیمین دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لەبری ئەوەی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی دولایەنە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزی دولایەنە بنیاتبنێ لەگەڵیاندا لەڕێی هێزە ئیسلامییەکان و ئەو کەسایەتییە کوردانەی کاریگەرییان بەسەر سەرکردە نووێیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، هێزێکی سیاسیی وەک پارتیی دیموکراتیی کوردستان هەڵسا بە سوتاندنی بارەگاکانی حیزبێک کە پەیوەندییەکی پتەوەی مێژویی و مەنهەجییان لەگەڵ ئەو هێزانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
کەسایەتییەکی وەک د. عەلی قەرەداغی، دەتوانێت پەیوەندیی باش لەنێوان کورد و ئەو هێزانە دروستبکات کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتونەتە سەر حوکم و بەردەوامیشن لە هاتن.
هەندێک لەو هێزە نووێیانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی هەبونی ئەو دەنگۆیانەی کە باسیان لە پەیوەندیی نێوان کورد و ئیسڕائیل دەکرد، لەوانەیە هێشتا گوماناوی بن. هەرچەندە من هەبونی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسڕائیل بە مەترسیی نازانم، بەڵام ناکرێت لەسەر هیچ بنەمایەک هێزەکان لێمان دوربکەونەوە.
سەرکردایەتیی کورد نابێت لەوە بترسێت کە ئەو شەپۆلی بەهاری عەرەبییە دەگاتە کوردستان، بەڵکو دەبێت کێشەکانی کوردستان چارەسەربکات و خۆی بکات بە بەشێک لەو بەهارە. پارتی و یەکێتی تا رادەیەکی زۆر دڵناخۆش بون بە کەوتنی موبارەک و قەزافی. ئەو پێناخۆشییە لە شوێن خۆیدا نەبو. ئەگەر هێزێک دیموکراتیک بێ، دەبێت بە گۆڕان و دیموکراتبونی ناوچەکە دڵخۆش بێت. بەڵام پێدەچێت وایلێهاتبێت ئەوەی ئۆپۆزسیۆن پێی خۆشبێت هێزە حوکمڕانەکان دژی بوەستنەوە.
کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نابێت چیتر تەماشاکەر بێت. دەبێت ببێتە گەمەکەر. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نووێدا، ئەو هێزانەی کە نادیموکرات و گەندەڵن ناتووانن ببنە گەمەکەرێکی سەرەکی. تورکیا، بەهۆی ئەو گەشەکردنە ئابورییەی بەهۆی سەرۆک وەزیران، ئەردۆگان، و پارتییەکەی، پارتیی داد و گەشەپێدانەوە بەخۆیەوە بینیووە، تووانیویەتی ببێتە گەمەکەرێکی کاریگەر. راستە ئەو ئەکتەرانەی بێدەوڵەتن ناتووانن هەمان دەوری دەوڵەتەکان ببینن، بەڵام لەمڕۆی عێراق و ناوچەکەدا، کورد دەتووانێت ئەو دەورە ببینێت.
کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت لەوە تێبگات کە دابەشبونی بەسەر چوار دەوڵەتدا، تورکیا، عێراق، ئێران و سوریادا، پێگەیەکی گەورە و کاریگەری پێبەخشیووە. کورد تەنها یەکێتییەکی نەتەوەیی پتەو و سەرکردایەتییەکی سیاسیی حەکیمی پێویستە بۆئەوەی ئەو دەورە گەورەیە ببینێت.
بۆ ئەمە، لە ئێستادا، کورد پێویستە یەکێتییەکی نەتەوەیی لەڕێی کۆنفڕانسێکەوە دروستبکات کە تەواوی هێزە کوردییەکانی هەر چوار پارچە و ئەوروپا تێیدا بەشداربن و ستراتیژێکی نەتەوەیی دابنرێت. لەمەدا، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ئەو گردبونەوەیە رێکبخات بەهۆی ئازادبونی ئەو پارچەیەی کوردستان. ئەمە ناڕاستەوخۆ پێگەی حکومەتی هەرێم لە ناوچەکەدا بەهێزدەکات.

kamalchomani@gmail.com

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com