عەبدوڵا مەحمود: تەماشاکەن روداوەکانی بادینان چۆن بونەتە مایەی جەنگێکی ڕاگەیاندنی ئاگراویی، بێبنەما

0

عەبدوڵا مەحمود: تەماشاکەن روداوەکانی بادینان چۆن بونەتە مایەی جەنگێکی ڕاگەیاندنی ئاگراویی، بێبنەما
عەبدوڵا مەحمود لەوەڵام بە پرسیارێکی نوچەنێت دا

“کەم نیین ئەو نوسەرانەی بانگەشەی سەربەخۆ بوون، ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازی و تەنانەت چەپ و کۆمۆنیست بوون دەکەن، لەکاردانەوەیاندا بەرووی سەرکوتگەری پارتی، سوتاندن و گردانی دوکانەکانی مەیفرۆشی و سەنتەرەکانی مەساج و ئوتێل و ناوچە گەشتیارییەکان یان هەرەشە لەسەر هەزاران شوێن و سەنتەرو ئوتێل و دوکان و مەلەوانگە و …تاد، بۆیان مەسەلە نییە یان زۆر شەمنۆکانە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هەڵوێستیان بە ئاماژەیەکی راگوزەر هونەری سازشکاری یان بەدحاڵی بوونی خۆیان بەخەرج دەدەن و سوتاندنی چەند بارەگایەک دەکەنە مەبنای پیشێلکردنی ئازادی سیاسی سەرکوتی سیاسی، بەڵام لە ئاست هێرش بۆ سەر ئازادی و مافە فەردی و ئینسانیەکان و سیماکانی جوانی و نۆرماڵی کۆمەڵگاو خەڵكی بێچەک و کاسبکاری کوردستاندا، بێدەنگە هەڵدەبژێرن”
نوچەنێت: ئیستا لە کوردستان دۆخێکی ئاڵۆز هاتۆتە پێش، ئایا ئەم دۆخە لەخزمەتی خەڵکی کوردستاندایە؟ چی بکرێت بۆ ڕەواندنەوەی ئاڵۆزییەکان؟ ئەرکی کام لایەنە کار بۆ ڕەواندنەوەی بکات؟ دەرئەنجامی کارکرن لەسەر تۆخکردنەوەی ئەو ئاڵۆزیانە چی دەبێت؟.
عەبدوڵا مەحمود: سەرەتا دەبێ پێداگری لە خاڵێک بکەم ئەویش ئەوەیە، دۆخی کوردستان هەرگیز دۆخێكی جێگیرو سەقامگیر نەبووە، بەڵکە لە چاو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق تاڕادەیەکی بەرچاو ئارامتر بووە. بەڵام هەمیشە ترس و دڵەراوکێ، هەمیشە ئەگەری سنوربەزاندنی ڕژێمەکانی تورکیاو ئێران یان توپباران و هاتنە ناوەوەی سوپاکانیان، ڕویداوە کە هەمیشە شمشێری نائارامی بووە بەسەر زۆربەی خەڵکی کوردستانەوە. تا ئەو جێگایەش ئەگەر مەبەست دۆخی ناوخۆیی و هێزەکان و ململانێکانیان بێت، دیسان ناتوانین بڵێین هەلومەرجی کوردستان ئارام و سەقامگیر بووە. ململانێی ناتەندروستی حزبی هەمیشە مۆتەیەکی ترس بووە لەسەر سەری خەلكی کوردستان و بۆتە مایەی پشێوی و نائارامی بۆ خەڵکی. هۆکاری بناغەیی ئەم ڕەوشەش ئەوەیە کە کوردستان تائیستا لە باری سیاسی حقوقیەوە ناسنامەی وڵاتی و دەوڵەتی نییە، وە حکومەتێک لە هیچ ئاستێک و لەهیچ شوێنێکی کوردستاندا، بوونی نییە و پایەو ستراکتۆری حزبی چەکدارو قەومی دوکەوتوو، بۆشایی حکومەتداریان بەزۆری هێز و خۆبەستنەوە بە سیاسەتی زلهێزەکانی دنیا بە تایبەتیش ئەمریکا داسەپاندووە. وە بەمانای وشە کوردستان کۆمەڵگایەکی حزبی داگرە، ململانێی حزبی سەرەکیترین ململانێی سیاسی سەرساحەی سیاسی کوردستانە. تەنانەت ئەوکاتانەش کە ئەم حزبانە وا دەردەکەون کە ملیان داوە بە گەمە دیموکراسیەکان!! وەکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و شارەوانییەکان… بەجیا لەناوەڕۆکی هەڵبژاردنەکان و شێوازەکانی دەنگ کڕین و ئاڵوگۆڕی دەنگ و تەزویرکاری و وابەستە بوونی لەشکرێکی زۆری پاروی دەمی خەڵکی بە دەنگدانەکەی، ئامادەیی هێزی چەکداری حزبی بەسەر سندوقەکانی دەنگدان و خەڵکیەوە، دیسان هەرەشەی جەنگ لەسەر ئاکامی ئەم هەڵبژاردنانەو قبوڵکردنی ئاکامەکانی ترس و نائەمنی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵکردووە. بۆیە زۆر بەسادەیی دەتوانیین بڵێین دۆخی سیاسی کوردستان ئارام و سەقامگیر نەبووەو نییە. هەر ئەم دۆخە نائارامە و شلۆقەشە وای کردووە، بچوکترین رووداو کاریگەری گەورەو دەنگدانەوەی بەرین و ئاکامی جۆراوجۆرو سیناریۆی نەخوازراو بەدوای خۆیدا، پەلکیش بکات. روداوی بادینان دەرهاویشتەی ئەم دۆخەیە.
دیارە ئەو ڕوداوانەی ناوچەی بادینان کە بە سوتاندن و وێرانکردنی دوکانەکانی مەیفرۆشی و سەنتەرەکانی مەساج و ئوتێل و ناوچە گەشتیارییەکان دەستی پێکردو بارەگا سوتاندن و گرتن و راوەدونانی بەدوای خۆیدا هێناو پاشانیش زەقکردنەوەی ململانێی حزبی بەدوای خۆیدا کێش کردو کۆمەڵگای قانگدا بە جەنگی ڕاگەیاندنێکی ملهوڕانەو کۆنەپەرستانە، نیشانەی ئەو ڕاستیەیە کە دۆخی کوردستان نائارامەو دەزگایەکی دامەزراوەیی یاسایەکی مۆدێرن و حکومەتیک تیایدا بوونی نییە. لەجێگای ئەمانە حزبی خاوەن قەڵەمڕەوی سیاسی و چەکداری ملهور، هێزی کۆنەپەرستی دەست لەپشت و خۆشخزمەتی وڵاتانی ناوچەکە، پاوانی ساحەی سیاسی کوردستانیان کردوە. بێگومان کەشێکی ئاواش هەرگیز لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا نییە. باجی سەرەکی ئەم پاوانخوازییە حزبییە و ئەم ململانێی کۆنەپەرستانەو ملهورێ نواندنە، بە پلەی یەکەم خەڵکی کوردستانن. ئێوە تەماشاکەن روداوەکانی بادینان چۆن بونەتە مایەی جەنگێکی ڕاگەیاندنی ئاگراویی، بێبنەما، کارگەی درۆسازی و فریودان و هەڵخڕاندی ئیحساساتی خەڵکی. وە سەیر بکەن بزانن چۆن کەشێک لەترس و نائارامی سایەی کردۆتە سەر خەلکی کوردستان؟ وە چۆن بەهەزاران خێزان کە دوکانی مەیفرۆشیان هەیە، یان لەسەنتەرەکانی مەساج و مەلەوانگەکان و مۆتێل و ئوتێلەکان و ناوچە گەشتیارییەکان کاردەکەن توشی ترس و نائارامی کراون…تاد، بۆیە ئەوەی دەبێتە سوتەمەنی ناو ئەو ململانێیە، خەڵكی ئازادیخوازی کوردستان و ئازادییە سیاسی و مەدەنی و فەردییەکانن.
ئەوەی کەدەتوانێت ئەم دۆخە ئارام بکاتەوەو رێگا بگرێت لەوەی کەشی سیاسی کوردستان لیخنتر ببێت، وە دۆخی نەخوازراو بەئاقاری ئارامی و پیشکەوتندا هەنگاو بنێت، پێویستە کۆسپەکانی بەردەم ئازادی، ڕیگریەکانی بەردەم سەقامگیری و پرۆسیسی دامەزراوەیی و یاسایی…وەلابنرێن و دەستیان لە واقعیەتی سیاسی کوردستاندا کەنار بخرێ.
من لام وایە ئەوەی کە دەتوانێت ئەو دۆخە بەشێوەی ریشەیی ئارام بکاتەوە نەک کاتی و راگوزەر، هاتنە مەیدان و دەخالەتی خەڵکی ناڕازی کوردستانە بەرامبەر بەهۆکارەکانی ئەم دۆخە و ئەو لایەنە سیاسیانەی سەرچاوەی خوڵقاندنی ئەم دۆخەن بە مەبەستی سیاسی.
ئارام کردنەوەی ئەم دۆخە لە رێگای دانیشتنی ‌‌هێزە سیاسیەکان، قەرەبووکردنەوە، کۆبونەوە بۆ وەرگرتنی ئیمتیازات…تەنها دەتوانێ هێورکردنەوەی دۆخەکە یان خامۆشکرنەوەی پشکۆکان و داپۆشینی پریشک و بڵێسەی ئاگرێک بێت لەسەرەوە، لە کاتێکدا پشکۆکانی ژێر خۆڵەمێشەکە کزەبایەک و فویەکی دەوێت بۆ دوبارە گەش بوونەوەیان و گڕگرتنیان.
رودوەکانی بادینان، لەگەڵ ئەوەدا گۆشەیەک لە ململانێیەکی کۆنەپەرستانەی نێوان دەسەڵاتی ناسیونالیزم و کوردو ئیسلامی سیاسییە، هاوکات ئەم ململانێیە زۆریک لە نوسەران و سیاسیەکانی توشی سەرەگێژە کردووە، کەم نیین ئەو نوسەرانەی بانگەشەی سەربەخۆ بوون، ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازی و تەنانەت چەپ و کۆمۆنیست بوون دەکەن، لەکاردانەوەیاندا بەرووی سەرکوتگەری پارتی، سوتاندن و گردانی دوکانەکانی مەیفرۆشی و سەنتەرەکانی مەساج و ئوتێل و ناوچە گەشتیارییەکان یان هەرەشە لەسەر هەزاران شوێن و سەنتەرو ئوتێل و دوکان و مەلەوانگە و …تاد، بۆیان مەسەلە نییە یان زۆر شەمنۆکانە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هەڵوێستیان بە ئاماژەیەکی راگوزەر هونەری سازشکاری یان بەدحاڵی بوونی خۆیان بەخەرج دەدەن و سوتاندنی چەند بارەگایەک دەکەنە مەبنای پیشێلکردنی ئازادی سیاسی سەرکوتی سیاسی، بەڵام لە ئاست هێرش بۆ سەر ئازادی و مافە فەردی و ئینسانیەکان و سیماکانی جوانی و نۆرماڵی کۆمەڵگاو خەڵكی بێچەک و کاسبکاری کوردستاندا، بێدەنگە هەڵدەبژێرن. ئەم دیدگاو ڕوانینە کەمتر مەترسیدار نییە لە روداوەکانی بادینان. دیسان ئەمەش بە زیانی خەڵکی کوردستان تەواو دەبێت.
هێزی سیاسی مۆدێرن و ئازادیخواز، بەرەی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگا، بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی لەکوردستاندا، ئەو هێزەن کە بەهاتنە مەیدان و نیشاندانی هێزی واقعیان دەتوانن ئەم دۆخەی ئێستاو هێور بکەنەوە دەستی بزوتنەوە سیاسیەکان بگرن بۆ ترساندنی کۆمەڵگاو هێرش بۆسەر ماف و ئازادی و ئازادییە فەردی و ئینسانی و مەدەنیەکان و پاشەکشەپێکرنیان و کەنار خستنیان.
خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەریەکانی خەڵکی کوردستان بە ئیلهام وەرگرتن لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ناوچەکە نیشانیدا، کە رێگەی ناچارکردن و ملدانی هەر دەسەڵات و هێزیک بە خواستەکانی خەڵك و پاشەکشەپێکرن بە ملهوری نواندن و ترساندن تەنها هاتنە مەیدانی سەربەخۆی خەڵکە… ڕوداوەکانی بادینان و ململانێی حزبی و ئەو دابەش بوونە بۆسەر هەردوو بەرەی دژی ئینسانی ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیزمی دەسەڵاتبەدەستی هەوسارپچڕاو، گورزێكە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە پێناو خواستە بەرحەقەکانیدا.
بەپێی سەرچاوەکان ئاماژە بە بوونی ٢٠٠٠ مەلای وتار بێژ دەدرێت لە کوردستان، کە ئەمە دەکاتە ئەوەی هەموو هەفتەیەک لە دوو هەزار شوێن و لەهەموو کوچەو شەقامێکی کوردستاندا، کۆبونەوەی جەماوەری بۆ مەلای بەلاشخۆر و کۆنەپەرست ئاوەڵا بکرێت بەو جۆرەی دەسەڵات و کۆنەپەرستی دینی دەخوازن، زۆربێژی و کۆنەپەرست ڕێژی بکەن. وە لە داهاتی خەڵکی کوردستانیش لە پای ئەم کارەیان موچە و ئیمتیازات بکرێت بە گەرویاندا… ئەمە بەجیا لە لەشکرێکی تر لە مەلای تر کە لە هەزاران مزگەوتی تر کە شوێنی وتار بەخشینەوەی رۆژانی هەینی نین.
دەسەڵاتی ناسیونالیستی کورد لەکاتێکدا دەستی ئەم تۆڕە فراوانەی مەلای ئاوەڵا کردووە، یاسا و وەزارەتی بۆیان قوتکردۆتەوە، کە نەک رێگە بە نیوەی ئەم ژمارەیە لە ڕۆشنبیرانی عەلمانی و ئاتەئیست و چەپ و کۆمۆنیستەکان نادات کە هەفتانە و تەنانەت مانگانەش تەنها لە چەند شوێنێکدا، بیروڕا و هەڵسوڕانی ئازادانەی خۆیان، روانینی خۆیان و توێژینەوەی زانستی و لێکۆڵینەوە لەسەر دین و سەرچاوەکانی مێژوی ئیسلام خەلیفەکانی، بکەن. بەڵکە لەژێر ناوی مقەدەساتی دینیدا دەستی مەلاو یاسای ئاوەڵا کردووە، بۆ هێرش و فتوا بەخشینەوە و هەڕەشە لە دژیان… من لام وایە ئەمە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەی پشێوی کۆمەڵگای کوردستانە… سەیر ئەوەیە رەوتگەلی ئیسلامی کۆنەپەرست و ئیستیرادکراو… لە ئیستای ناو ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکەدا بە بەشی خودا و بەشی خۆیان لەم دۆخەدا ڕازی نین و بەکەمی دەزانن و دەیانەوێ و ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت هەموو کۆمەڵگای کوردستان حجاب پۆش بکەن و ریساکانی سەردەمی خولەفاکانی ئیسلام بەزۆر بکەنە نۆرمی ژیان.
لە بنەڕەتدا ئازادیخوازی لە کۆمەڵگای کوردستاندا روبەڕووە لەگەڵ ئەم شەپۆلە دوفاقیەی دەسەڵاتی ناسیونالیستی ئاودراو بە ئیسلام و هەرەشەی هیزو لایەنی ئیسلامی کۆنەپەرست و  ململانیی نێوان ئەم دوو بزوتنەوە کۆنەپەرست و دژی ئازادییە لەگەڵ یەکتر و بۆ دەسەڵات.
بۆیە زۆر بەسادەیی دەمەوێت بڵێم، ئەم ڕوداوانەی بادینان و ئەم شەپۆلانەی ماوە ماوە دژی نوسەران و شاعیر و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان و چەپەکان و عەلمانیەت و ئازادی بەگشتی، وەرێدەخرێت… لە ژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و سازشی دەسەڵاتدا لەگەڵ رەوتگەلی ئیسلامی سیاسی و مەلای مشەخۆردا چاوەڕوانکراون. کۆتاییهێنان بەئەلگۆی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و دامەزراندنی سیستەمێکی عەلمانی و دەسەڵاتدارێتی یاسایی و دامەزراوەیی و جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و یاساو سیستەمی خوێندن و پەروەردە، تاکە چارەسەری گێرانەوەی حورمەتی ئازادی و ئازادییە فەردییەکان و مافی ئینسانییە بۆ کۆمەڵگا، ئەمەش ئەرکی بەرەی فراوانی مۆدێرنخوازی کۆمەڵگای کوردستانە.
ناوەراستی دیسەمبەری ٢٠١١

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com