سیروان کاوسی: دیاردەی سووتاندنی مەیخانە و مەیفرۆشی لەئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە

0

سیروان کاوسی: دیاردەی سووتاندنی مەیخانە و مەیفرۆشی لەئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان نابێت بەهیچ شێوەیەک رێ بە هەڵگیرسانەوەی ئاژاوەبدات
نوچەنێت: ئێستا لە کوردستان دۆخێکی ئاڵۆز هەیە، ئایە ئەم دۆخە لەخزمەتی کورددایە؟
سیروان کاوسی: بێگومان هەر ئاڵۆزی و پشیوییەک لە کوردستان رووبدات، لەزیانی کوردە و، خزمەتی ئامانجەکانی داگیرکەرانی کوردستان دەکات. بەباوەڕی من چەند هۆکارێک هەن لەهەڵگیرسانی پشێویی ئەمدواییەی باشووری کوردستان کە بەکورتی ئاماژەیان پێدەکەم:
یەکەم: ئەم دیاردەی سووتاندنی مەیخانە و مەیفرۆشییە لەئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە و، کاتی خۆی لەسەردەمی شۆرشی ئیسلامیی ئێران، هێشتا  شەش مانگێکی مابوو شۆرشەکە بەتەواوەتیی سەربکەوێت، لایەنگران وپێڕەوانی ئایەتۆڵڵا خومەینی بەئامۆژگاری وهاندانی مەلاکان، لەزۆربەی شارەکانی ئێران هێرشیانکردە سەر مەیخانە و مەیفرۆشییەکان و، سینەماکان  وهۆڵەکانی شانۆ و کابارەکان و، سووتاندن و تاڵانکردنیان، بەناوی ئەوەوە کە ئەم شوێنانە سەرچاوەی بێڕەوشتین و دیاردەی کولتووری ئەمریکا و رۆژاوان و، دەبێ لەنێو ببرێن. بەم شێوەیە مەلاکان پێش ئەوەی بەدەسەڵات بگەن لەڕێگەی لایەنگرانیانەوە هەوڵی بەئیسلامیزەکردنی شۆرشەکەیاندا و، تیایدا سەرکەوتن.
هێندێک لە مەلاکانی باشووری کوردستان، بەپارەوپووڵ و رێنوێنیوەرگرتن لە داگیرکەرانی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی، وەکو سعوودیە دەیانەوێ باشووری کوردستان بەرەولای ئامانجی سیاسی خۆیانی بەرن، بەڵام هیچیەکێک لەم رژێمانە بە ئەندازەی رژێمی ئێران دەستی ئاواڵە نییە بۆ دەستێوەردان لەکاروباری ناوخۆی هەرێم و، سازکردنی ئاژاوە و، پشێوی و کردەوەی تێرۆریستیی. باشووری کوردستان بۆ ئێران گرنگی زۆری هەیە و، پارەیەکی زۆر سەرفدەکات بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی خۆی لەهەرێم. پشتیوانیکردنی رێکخراوەی ئیسلامیی عێراقی بەناوی ”هەیئەی عولەمای موسلمین لەعێراق” سەبارەت بەسووتاندنی شوێنەگەشتیارییەکان لە شاری زاخۆ، بەڵگەیە بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر لەکاروباری نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا. بێگومان زۆرێک لەمەلا زانا و نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان دژی ئەم کردەوە توندوتیژییانەن کە لەژێر پەردەی ئیسلامدا بەپیلانی داگیرکەران بەڕێوەدەچێت.
دووەم: لاوازیی حکوومەتی هەرێم بەهۆی سیاسەتی دووئیدارەیی و دابەشکردنی بووجە و پێشمەرگە و ئاسایش ودارایی وڵات لەلایەن دوو حیزبەدەسەڵاتدارەکەوە و، سەرهەڵدانی گەندەڵی و کۆمەڵێک کەندوگیروگرۆی دیکە، بووەتە هۆی ئەوە کە ناڕەزایەتییەکی زۆری لای جەماوەر دروستکردووە و، زەوینەی خۆشکردووە بۆ داگیرکەران لەڕێگەی بەکرێگیراوانیانەوە ناڕەزایەتیی جەماوەر بۆ گەیشتن بەئامانجی خۆیان بەکار بهێنن. لەبەر ئەوە پێویستە حکوومەتی هەرێم چەند هەنگاوێکی کردەیی گرنگ هەڵبگرێت، لەوانە دەسەڵاتی حیزب و بنەماڵە بەسەر بووجە و دارایی و هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و وەزارەتی داد و پەرلەمان و پەروەردە و هەموو ناوەندەگشتییە سیاسی وکۆمەڵایەتییەکانەوە نەهێڵێ و، ئەم نێوەندانە راستەوخۆ لەلایەن حکوومەتەوە بچن بەڕێوە. کەسانی شارەزا وپسپۆڕ و نیشتمانپەروەر ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵات لەهەموو بوارەکاندا بگرنەئەستۆ، یاسای بنچینەیی وڵات چوارچێوەی هەموو ئەرک و دەسەڵاتەکان دیاریبکات و، پێڕەوبکرێت. ئەرکی حکوومەت پێگەیاندن و بردنەسەری ئاستی هۆشیاریی سیاسی وکۆمەڵایەتیی و نەتەوەییە و هەر لە قوتابخانەوە تاکو میدیا و راگەیاندنی گشتی و زانکۆکان دەبێ بەکار بهێنرێن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە.
سێیەم: کۆمەڵگەی کوردەواریی وەک کۆمەڵگەیەکی رۆژهەڵاتی، ئاستی هۆشیاری سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتیی نەگەیشتووەتە رادەیەک، کە بۆ دەربڕینی نیاز وپێداویستی  و بیروباوەڕی پەنابەرێتە بەر دیالۆگ و خۆپێشاندانی هێمنانە و، رێزگرتن و گوێگرتن لە راوبۆچوونی بەرامبەر، بەڵکو هەمیشە پەنای بردووەتە بەر توندوتیژی و سووتاندن و وێرانکردن. بۆ گەلێکی بندەستی وەک باشووری کوردستان کە بەدرێژایی نێزیک بە سەدەیەک بەهەموو شێوازێکی دڕندانە لەلایەن رژێمە یەک لەدواییەکەکانی عێراقی داگیرکەرەوە چەوسێندراوەتەوە و، قەڵاچۆکراوە، مافی رەوای خۆی بووە بەرامبەر سوپا و داوودەزگەی داگیرکەر هەر بەو شێوەیە رەفتار بکات، بەڵام لەبارودۆخی ئێستادا کە باشووری کوردستان لەلایەن کورد خۆیەوە دەچێت بەڕێوە، کارێکی هەڵەیە دەست بۆ سووتاندن و وێرانکردنی سامانی گشتیی وڵات و شوێنی کاروژیانی خەڵکی دی ببردرێت.
نەتەوەی کورد بریتییە لەتێکڕای ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردەواریی، بە سوننە و شیعە و ئیزدی و شەبەک و جوولەکە و مەسێحی و کاکەیی و هەموو چین و توێژ و رەگەزەوە، وەک چۆن حیزبێکی سیاسیی مافی ئەوەی نییە، هەوڵ بۆ لەنێوبردنی حیزب و رێکخراوەی دیکەی رکەبەر و جیابیری بدات، هەر بەم شێوەیە هیچ تاک  ودەستەیەکی نێو ئەم کۆمەڵگەیە مافی ئەوەی نییە بیروبۆچوونی خۆی بەسەر خەڵکانی دیکەدا بسەپێنێت کە وەک ئەو بیرناکەنەوە، ئەمە پێیدەگوترێت ئازادیی. ئازادییش بەبێ یەکسانیی، دەبێتە وشەیەکی بەتاڵ و بێناوەرۆک. کاتێک ئێمە بووین بەخاوەنی ئەم کولتوور و بیرکردنەوەیە، لایەنگران وبەکرێگیراوانی رژێمەکانی داگیرکەر، نەک هەر ناتوانن کورد بدەن بەگژ کوردی دیکەدا، بەڵکو رۆژ لەگەڵ رۆژ کۆمەڵگە و نیشتمانەکەمان پێشدەکەوێ و، ئەوکات ئەو گەشبینییەمان لەلا دروستدەبێت کە ئێمەش دەتوانین بچینە ریزی کاروانی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانەوە.
نوچەنێت: چیبکرێت بۆ رەواندنەوەی ئاڵۆزییەکان و ئەرکی کام لایە کار بۆ رەواندنەوەی بکات؟
سیروان کاوسی: دەبێ حکوومەت رۆڵ و ئەرکی خۆی پێشانبدا و رێگەنەدات هیچ هێز و لایەنێک بیروباوەڕ و ئیدۆلۆژیی خۆی بەسەر حکوومەت و جیابیرانیدا بسەپێنێت. لێرەدا دامەزراندنی تەلەفزیۆنێکی سەربەخۆی نەتەوەیی دەتوانێت رۆڵێکی باش بگێڕێت لەهۆشیارکردن و، پەروەردەکردنی جەماوەری گەلەکەمان بەبیری ئازادیخوازی و رێزگرتن لەبیرورای جیاواز و کار بکات بۆ پەرەپێدانی دێمۆکراسی و فەرهەنگی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەجیاکانی کۆمەڵگەی کوردەواریی. ئەگەر بێتوو ئەو پشێوی و ئاژاوانە دوبارەبکرێنەوە، لەڕۆڵی حکوومەت کەمدەکاتەوە کە ئەرکی پارێزگاریکردنە لەماڵ و گیان وئاسایشی تێکڕای هاوولاتیانی کوردستان بێ فەرق و جیاوازیی.
جگە لەحکوومەت، هەروەها پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسی، رۆشنبیران، نووسەر و رۆژنامەنووسان لەسەرهۆکارەکانی توندوتیژی و ئاکام و زیانەکانی بۆ کۆمەڵ، پێویستە لەمیدیا و رۆژنامە و لەرێگەی سەمینار و کۆنفرانسی تایبەتەوە، لەسەر ئەم بابەتە و کێشەکانی لەم چەشنە بدوێن و بنووسن، بۆ ئەوەی ببێت بەسەرەتایەک بۆ لێکگەیشتن و رێزدانانی هاووڵاتی کورد بەرامبەر بەیەک و پەرەپێدانی کولتووری دێمۆکراسی لەکوردستان.
نوچەنێت: ئایە کارکردن لەسەر تۆخکردنەوەی ئەو ئاڵۆزییانە دەرئەنجامی چیدەبێت؟
سیروان کاوسی: تۆخکردنەوەی ئەو ئاڵۆزییانە و پەرەدان بەپشێوی و شەڕو ئاژاوەنانەوە و شێواندنی بارودۆخی باشووری کوردستان، لەلایەن هەر دەستەو لایەنێکەوە بێت، تاوان و خیانەتی نەتەوەییە و، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر بەڕاستی لەبەرامبەر گەلەکەیدا خۆی بەبەرپرسیار دەزانێت، نابێت بەهیچ شێوەیەک رێ بە هەڵگیرسانەوەی ئاژاوەبدا و، ئەنجامدەرانیشی دەبێ بدرێنە دادگە و سزابدرێن.
دەرئەنجامی ئاڵۆزییەکان لەئەگەری بەردەوامبوونی، دەبێتە هۆی تێکچوونی باری ئاسایش و هێمنی لەکوردستان و، لەنێوبردنی حکوومەتی هەرێم کە سەرەڕای هەموو کەموکورتییەکی بووە بە چقڵی چاوی داگیرکەرانی کوردستان. لاوازبوونی حکوومەتی هەرێم، رێ لەبەردەم دەستەودایرەی بەکرێگیراوانی داگیرکەرانی دەوروبەر دەکاتەوە، ئەوکات ئێدی نەک هەر نابێ بەتەمای گێڕانەوەی ناوچەدابڕێندراوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بین، بەڵکو بوونی سێ ستانەکەی دهۆک و هەولێر و سلێمانیش دەکەوێتە مەترسییەوە. لەبەر ئەوە، ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەر تاکێکی کوردە، تێبکۆشێت بۆ رێگرتن لە پشێوی و ئاژاوەی نێوخۆیی، جا بەنێوی ئاینەوە بێ یان هەر ناوێکی دی.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com