له په‌راوێزی كۆنه‌بوونه‌وه‌كه‌ی پارتی و یه‌كگرتوودا..
ئه‌وه‌ی مامۆستا عه‌لی باپیر كردی، ئه‌ركی یه‌كێتی و تاڵه‌بانی بوو
سه‌ردار حوسێن
ئاماده‌نه‌بوونی یه‌كگرتوو له‌و كۆبوونه‌وه بڕیار لێدراوه‌ی قه‌راربوو له باره‌گای كۆمه‌ڵی ئیسلامی و به حزووری مامۆستا عه‌لی باپیر له‌نێوان مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كگرتوو ئه‌نجام بدرێت، سه‌ره‌تایه‌كه بۆ نه‌ریتێكی تازه، كه ئیدی حزبه‌كان نه‌ك هه‌ر خاوه‌نی په‌یمان و به‌ڵێنه‌كانی خۆیان نابن به‌رامبه‌ر به جه‌ماوه‌ر، به‌ڵكو له‌نێو خۆیشیاندا گاڵته به یه‌كتر ده‌كه‌ن و په‌یمانه‌كانیان ده‌شكێنن.
خودی ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی نیگه‌رانه له‌وه‌ی یه‌كگرتوو ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه نه‌بووه، ئه‌وه له كاتێكدایه كه ئه‌م ئاماده‌نه‌بوونه ئه‌گه‌ر سووكایه‌تیكردن بێت به پارتی، به‌رله‌وه‌ش سووكایه‌تیكردن بوو به‌و ده‌ستپێشخه‌ری و خه‌مخۆرییه‌ی مامۆستا عه‌لی باپیر، كه گومان له‌وه‌دا نییه براده‌رانی یه‌كگرتووی ئیسلامی باشتر له هه‌موومان ده‌زانن به‌ڵێن نه‌بردنه‌سه‌ر چ واتایه‌كی هه‌یه، وه‌لێ دیسانه‌وه‌ش وه‌ك ئه‌میری كۆمه‌ڵ رایده‌گه‌یه‌نێت “ئه‌وه كۆتایی دونیا نییه”.
له‌گه‌ڵ رێزی زۆرم بۆ هه‌ڵوێسته جوامێرانه‌كه‌ی مامۆستا عه‌لی باپیر و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه به‌حه‌ق سه‌لماندیان خێر‌و چاكه‌ی ئه‌م وڵاته‌یان ده‌وێت، به‌ڵام له راستیدا ئه‌وه‌ی ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كردی ئه‌ركی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بوو، چونكه تا ئێستاش یه‌كێتی خۆی به هاوتای پارتی ده‌زانێت له حوكمڕانی و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریدا، هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌یش بیركردنه‌وه‌یه‌كی نالۆژیكی یه‌كێتییه، به‌ڵام ده‌بوایه یه‌كێتی و خودی تاڵه‌بانی به‌م ناوژیكردنه هه‌ڵبستایه، وه‌لێ نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت كه یه‌كێتی له‌م رووداوانه‌ی ده‌ڤه‌ری بادینان، وه‌ك به‌شێك له ئۆپۆزیسیۆن مامه‌ڵه‌ی كرد‌و ئه‌وه‌یش ناچار به‌وه‌مان ده‌كات گومانمان له سستی و لاوازی یه‌كێتی نه‌مێنێت، هه‌م له‌رووی قه‌باره‌و نفوزی ئه‌و حزبه‌و هه‌میش له ناڕێكی و په‌رته‌وازه‌یی بۆچوونه‌كانی ناوخۆی حزب و بێ پلانی له حوكمڕانیشدا.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گریمانانه‌ی كه ده‌شێ هۆكاری ئاماده‌نه‌بوونی یه‌كگرتووی ئیسلامی بن بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه، ره‌نگه دووره‌په‌رێزی یه‌كێتی فاكته‌رێكی گرنگی ئه‌و ئاماده‌نه‌بوونه‌ی یه‌كگرتوو بێت، چونكه به هه‌موو پێوه‌رێك تا ئێستایش باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له هه‌رێمی كوردستان كه حكوومه‌ته له ده‌ست یه‌كێتیدایه، ده‌كرا سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌و پێیه‌ی حزبه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانی پارتییه‌و له هه‌مان كاتیش‌دا سه‌رۆكایه‌تی كابینه‌ی شه‌شه‌م ده‌كات، راسته‌وخۆ به‌شداری له‌و كۆبوونه‌وه‌یه بكردایه، ئه‌گه‌رچی له ماڵی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش بوو، كه ئۆپۆزیسیۆنی ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه‌ی له یه‌كێتی ده‌كرا، هاوپه‌یمانه ستراتیژییه‌كه‌ی یه‌كێتی سه‌نگه‌ری ئۆپۆزیسیۆنی هه‌ڵبژاردو نه‌ك هه‌ر داكۆكی له هاوپه‌یمانه‌كه‌ی نه‌كرد، به‌ڵكو هانده‌رێكی سه‌ره‌كی یه‌كگرتووش بوو، له‌وه‌ی زیاتر له مێزی دیالۆگ دوور بكه‌ونه‌وه.
سه‌ردار حوسێن: ئه‌وه‌ی مامۆستا عه‌لی باپیر كردی، ئه‌ركی یه‌كێتی و تاڵه‌بانی بوو
0
Share.