ئاشوبی هەمەجیەت
لە بڵنگۆی مزگەوتەوە
وەڵامنامەیەک بە پرسیارەکانی ماڵپەڕی نوچەنێت
نوچەنێت: ئێستا لەکوردستان دۆخێکی ئاڵۆز هاتۆتە پێش ئایا ئەو دۆخە لەخزمەتی کورددایە؟؟ چی بکرێت بۆ رەواندنەوەی ئاڵۆزییەکان؟ ئەرکی کام لایەنە کار بۆ رەواندنەوەی بکات؟ دەرئەنجامی کار کردن لەسەر تۆخکردنەوەی ئەو ئاڵۆزیانە چی دەبێت؟
حەمە غەفور
نیگایەک بۆ مێژوو
هەمەجیەت بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک یاسا هەڕەمەکیەکانی نێو جەنگەڵستان پێناسە ئەکات. دەستەواژەی دارستان خۆی ناونیشانی بڕگەیەکی مێژوویی دوورو درێژی ژیانی سەرەتایی مرۆڤ بەرجەستە ئەکات کە تیایدا گیانداری بەهێز بێهێزترەکان ئەکاتە نێچیرو بە سڕینەوەیان پێویستیە ژیاریەکانی خۆی دابین ئەکات. لە نێو جەنگەڵ هیچ شێوازێک لە یاسا بە واتای شارستانیەت بێگومان بوونی نیە. لە واقعدا کە ئەوترێت یاسای جەنگەڵ، بێ ئەملاولا مەبەست لە سەردەمانێکە کە سەرەتایی ترین واتای شارستانیەت لەدایک نەبووە، تروسکایی دەرچوون لەو مێژووە بێ ئەندازە دڕندانەو تراژیدیە ئێجگار چکۆلەو دوورە دەست بووە. لەو مێژووە سەرەتاییەدا هەرچی تاوانو ناهەقیەک ڕوویدابێت ئۆباڵی بەئەستۆی بەڕبەڕیەت خۆیەتی.
بەڵام لەگەڵ هەنگاوە کیسەڵیەکانی مێژوودا، ئینسان وەکو پەرچەمێک هەموو هیواو ئومێدەکانی خۆی لەگەڵ ڕووناکی شارستانیەتدا گرێداوەتەوەو مێژووی تا ئێستای تۆمار کردووەو ژیانی شارستانی ئێمەی بنیاتناوە. هەر ئەو تەسمیمو ڕێبازەش مرۆڤایەتی بە ئەمڕۆ گەیاندووەو ئێستاشی لەسەر بێت ئینسان بەبێ بەردەوامبوونو درێژەدان بەو ڕێبازو تەسمیمە جەوهەریەی خۆی، یانی بەردەوامیدان بە کاروانی مێژووی شارستانیەت بۆپێشەوە، وە بەجێهێشتنی کۆن، ڕاستیو حەقیقەت پایماڵ ئەکرێو شارستانیەتێک کە هەزاران ساڵە مرۆڤایەتی بنیاتی ئەنێت لەبارئەبرێو هەمەجیەت لە شکڵو فۆڕمی نوێدا سایەی تاریکی ئەهاوێتە سەر ژیان. کۆمەڵگاکان ئەگۆڕێن بۆ گۆڕستانی گەورە گەورەو دراما دوای دراما جێگا بە شانۆی ژیانی ئاسایی لێژ ئەکات. مادام بڵندگۆی مزگەوتێک توانای شێواندنی سەقامگیری ووڵاتی هەبێت، کەوایە بەڕبەڕیەت هێشتا لەنێو مێنتاڵێتی هێزە دژە شەپۆلەکانی پێشکەوتنو شارستانیەتدا ئامادەگی بەرچاوی هەیە.
مزگەوتو ئاشوب
ڕۆژی هەینی ٢ئەم مانگە مەلای مزگەوتێک لە شارۆچکەی زاخۆ خوتبەی هەمەجیانەی داوەو نوێژکەرانو شوێنکەوتووانی ئایینی ئیسلامی بۆ ئاژاوەو بەڕبەڕیەت هانداوەو خۆی لەنێو ئۆتۆمبیلەوە پێشیان کەوتووەو سەرەنجام لەژێر ناوی بەرگری لە بەها ئیسلامیەکان، شوێنە گەشتیاریو مۆدێرنو کۆمەڵایەتیەکانیان لە ئاگر بەرداوە. مەلای مزگەوت بەم کارەی کەرەسەی ئاگری ئاشوبێکی کۆمەڵایەتیو سیاسی ترسناکی لە کوردستان ئامادەکردووە. لەوساوە کوردستان ڕەوشی ئاسایی خۆی لەدەستداوە. دابەشبوونێکی سیاسیو کۆمەڵایەتی ترسناک لە کەمیندایەو ڕووبەڕووبوونەوەی پارتیو ئیسلامیەکان ئەگەرێکی بەهێزەو پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستانیش هەست بە پەلاماری مەغۆلی بۆ سەریان ئەکەن. جگە لەوەش کە هێزە ئیسلامیەکان لەبارترین بواریان بۆ ڕەخساوە هەتا بەناوی دژایەتی دەسەڵاتو نەبوونی یاساو سووتانی بارەگاو شتیانەوە زۆرترین تەبلیغاتی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی بەڕێبخەن.
سەرباری هەموو ئەوانەش ڕووداوەکە بەرەو لای کێبەرکێیەکی تائیفی پەرەی پێئەدرێ. پارتی بەنیازە سیناریۆکەی بە هێرشی یەکگرتوو بۆ سەر شوێنی مەساجو باڕەکانو مەشروب فرۆشیەکانو شوێنە گەشتیاریەکان لێکگرێبداتەوە، بەو هۆیەوە کە زۆرتر ئەو شوێنانە مەسیحیەکانو یەزیدیەکانو ئاشووریەکان خاوەنداری ئەکەنو کاریشی تێدائەکەن، وە بەم هۆیەشەوە بەڵکو پارتی بیانووی یاساییو شەرعیەتی کۆمەڵایەتیش بەدەستبێنێت بۆ لێدان لە یەکگرتووی ئیسلامیو گوشار لەسەر ئیسلامیەکان بە گشتی. لەکاتێکدا چی یەکگرتوو وە چی تاقمە ئیسلامیەکانی تریش هەموویان هەم خۆیان ئامانجو پڕۆژەیەکی کۆنەپەرستانەی وەهایان لە بەردەستدا بووەو هەوڵی جێبەجێکردنیشیان داوە، هەم لە ئاسمان تۆمەتێکی لەو جۆرە کە پارتی بەنیازە بیداتە پاڵیان ئەقۆزنەوە، یانی بەرپاکردنی جەنگێک لەدژی غەیرە دینەکانی تری کوردستان بە کاکەییەکانیشەوە. سەرگرتنی پیلانێکی وا لەدژی مەسیحیو غەیرە دینەکانی دیکەی کوردستان بۆ ئیسلامیەکان وەکو سەرکەوتنیان لە عەمەلیەیەکی سیاسی کۆنەپەرستانەدا وایە بۆ گەیاندنی پەیامی کۆنەپەرستانەیان بە هاوڕێبازە ئیسلامیەکانیان لە هەموو ناوچەکەدا.
ئیسلامیەکانو سیناریۆی پارتی
مەلا ئیسماعیل چەندیش پارتی بوونەکەی تۆخ بکاتەوە، پەیامیک کە داویەتی لەگەڵ بەڕبەڕیەتێک کە وەڕێی خستووە، ڕاستو ڕەوان لەگەڵ ئامانجی سیاسیو کۆنەپەرستانەی ئیسلامیەکانی کوردستاندا ڕێکو تەریب هاتۆتەوەو هەمان ئەجێندای هەمەجیانەی ئەوانی پیادەو پێڕەو کردووە. چونکە دەستەو تاقمە ئیسلامیەکانی کوردستان هەمان ئەو هێزە تاریکپەرستانەن کە لە ناوچەکانی هەڵەبجەو هەورامان بە پشتیوانی ماددیو مەعنەوی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەڵاتی ڕەشی ئیسلامیانەیان بۆ ماوەیەک سەپاندبوو بەسەر هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەدا.
هەر ئەم ئیسلامیانەی وا ئێستا پارەو پوولیان بۆ ڕژاوەو لە پەرلەمانو سیاسەتدا ئازادن ئەجێندای هەمەجیانەو دژە مرۆییانەو توندڕەوانەی خۆیان بەگوێرەی یاساکانی پارتیو یەکێتی بڵاوبکەنەوە، کە گۆشەیەکی ئەجێندایان برەودانە بە دژەژنبوون، بە دژە ئازادی بوون، بە دژە مۆدێرن بوونو دژە شارستانیەت بوونو بانگەشە بۆ زیندووکردنەوەی پیسترین نەریتی ٢ دوو هەزار ساڵ لەمەوبەری ئایینی ئیسلام، لە ناوچەکانی هەڵەبجەو هەورامان بە زەبری ئەحکامی قورئانو شمشێری ئیسلام گۆرانیو موسیقاو وەرزشو ئاهەنگو شاییو زەماوەندیان قەدەغەکردبوو. ئەو کاتانەی ئەو هێزە ئیسلامیانە لەو ناوچانە دەستیان ئەڕۆییشت، وەکو خۆرە چووبوونە نێو ژیانی شارستانی خەڵکی ئەو ناوچانەوەو هەموو مافو ئازادیەکانی هاوڵاتیانیان ژێر پێ خستبوو. ئەم ئیسلامیانە لە کارەساتی ئاوایی حەمەدا دەیان پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانیان بەگوێرەی شەرعو ئەحکامی قورئانەکەیان سەربڕیو مافی دڕندانەترین شێوازی قەسابی کردنی ئینسانو شێواندنی لاشەی کوژراوەکانیان لە ئایاتو حەدیسەکانەوە ڕەوایی پێدا. بۆ بەئیسلامیکردنی کوردستان قێزەونترین تۆڵەی وەحشیانەی ئیسلامیانەیان نیشانی کۆمەڵگای ئێمە دا.
ئەم هەمەجیەتو ئاشوبگێڕیە لە شاری زاخۆ چەندین سەعاتی خایاندووەو بارەگای ئیسلامیەکانی ئەو شارە سوتێنراوە، پارتیش تازە ئەڵێت حکومەتی هەرێم کەمتەرخەم بووە. لەو گرتە ڤیدیۆییانەی وا بۆ مەرامی سیاسی بڵاوکراونەتەوە، هێزە ئەمنیەکانی شار تەماشاچینو جگە لە هەواڵی ساردو سڕی نێو میدیاکان کە باس لە گرتنی کەسانێک ئەکەن کە بە لێدوانی بەرپرسە پلە چەندەمینەکانی حزبەکان پێیانووتراوە تۆمەتبارن بەو ئاشوبنانەوەیە، دەسەڵاتی لۆکاڵی پارتی لەو شارە بە هەموو مانایەک دەستی بەتاڵە بۆ پشتڕاستکردنەوەی لێدوانە چەواشەکاریەکانی.
سەمەرەترین دەرهاویشتەی ئەم هەمەجیەتە لە هەموو لایەکەوە ئەوەیە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا خۆی ببڕو بکوژی ئەو شارو ناوچەیەیە، جگە لە تەنگهەڵچنین بە حزبی ئیسلامی نەیاری خۆی، یانی یەکگرتووی ئیسلامی، کاردانەوەیەکی جێگا باسی لەخۆی نیشان نەداوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنو هێوڕکردنەوەی ڕەوشی شارەکە! بۆچی پارتی ناتوانێ یاخود نایەوێت ڕەوشەکە هێوڕ ببێتەوە!؟ چونکە سیناریۆکەی دەرئەکەوێت بەبەڵگەوەو ئەوەش لە زەرەری خۆیو قازانجی ئیسلامیەکان تەواو دەبێت. بەڵام مەلا ئیسماعیل هاندەری ئاشوبەکە خۆی دێننە سەر تۆڕی میدیاکانو هەر جارەی لێدوانێکی ناکۆک لەوەی پێشووتری لێوەرئەگرن! لەجیاتی ئەوەی مەلا ئیسماعیل لێدوان لە قازانجی پارتی بدات، دەبوایە ئێستا لەبەر دەم یاساو دادگادا بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵی ڕاوەستایە. سەری ئاشوبەکە مەلایەکی پارتیەو گوایا یەکگرتوو حەزی لە چارەی نیە!!.
پارتیو یاسا
مەلایەک، کە هەرچۆنێک بێت، خوتبەی ڕۆژی هەینی ئەو بۆتە هۆکاری ئاژاوەکەو تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانشی بەدوای خۆیدا هێناوە، وە تەنانەت خەریکە تەوژمی ئاشوبەکە بەگوڕتر ئەبێو لە هەندێ لای تریشەوە بەنزین ئەکرێت بەو ئاگرەدا کە هەڵایساوەو شارو ناوچەکانی تریشی گرتۆتەبەر، دەبوایە یاسا، هەر یاسایەک بێت، دەستبەجێ دەسگیری بکاتو بێدواکەوتن دەستبکرێت بەلێکۆڵینەوە لەگەڵیدا. بەڵام مادام مەلای خوتبەبێژ ئازادەو پەلامار براوەتە سەر یەکگرتووی ئیسلامی، مانای وایە سیناریۆی پارتی لەپشتی سەرهەڵدانی ڕووداوەکەوەیە. جگە لەوەش، لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوئەکرێتەوە کە ئەندامانی یەکگرتوو دەستگیر کراون، وە دواتر ئازاد کراون، بۆچیو لەپای چی کەسانێک ئەگیرێنو ئازادیش ئەکرێن بێئەوەی یاساو دادوەری لەهیچ جێگایەکەوە ڕۆڵێکی هەبێت!؟ ئەو هێزو دەسەڵاتە لەکوێ بوو کاتی خوتبەکەی مەلا ئیسماعیل!؟ مەلای ئاشوبگێڕ خۆی ئازادە، کەچی خەڵکی تۆمەتبار ئەگیرێنو ئازادیش ئەکرێن وەکو ساتو سەودای سیاسی بەسەر پێشهاتەکەوە. کامەیە یاسا؟ کوا لە کوێیە دادوەریی؟ ئێرە کۆمەڵگایە یان دارستان!؟
هەمەجیەتو حەقیقەت
سەدان ساڵە کۆمەڵگای ئێمە مێژوو بەجێ ئەهێڵێت، شارستانیەت بنیات ئەنێت، بۆ ئەوەی هەمەجیەت بخرێتە کەنارەوەو بڕشتی نەمێنێت، بەڵام یاسای کۆمەڵگای چینایەتی لە قووڵایی دڵی ڕژێمی سەرمایەداریەوە هەمەجیەتێکی نوێ بەهەمان گەوهەری ڕابردووەوە بەرهەم دێنێتەوە. ئێستا هەردوو بەرەی ئەم جەنگەی دوای ڕووداوەکەی زاخۆ بەردەرگای ئێمەی گرتووە وەکو یەک بە هەمان ئەندازە هەمەجیو دژە مرۆیین. پارتی دیموکراتی کوردستان لە زمانی بەرزانی باوکو بەرزانی کوڕیشەوە بەردەوام دووپاتیان کردۆتەوە کە ئیسلامو ئاینی ئیسلامیان وەکو کۆمەڵێک بەهاو باوەڕو نەریتو یاساو ڕێسای کۆنەپەرستانە بە پیرۆزترین پڕەنسیپەکانیان داناوەو بە هەموو تواناوە بەرگری لێئەکەن. ڕابەرانی پارتی نەیانشاردۆتەوە کە ئیسلام لەتەنیشت ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیەوە وەکو شمشێری دوو سەرە بۆ گەوجاندنی کۆمەڵگاو بڵاوکردنەوەی وەهمی نەتەوەپەرستانە سەرلەبەری مێنتاڵێتی ئەوانی پێکهێناوە بۆ ڕوانینیان بۆ کۆمەڵگا، بۆ ژیان بۆ ئینسان. دیارە کە ئیسلامیەکانی کوردستانیش لە کارنامەو ڕەوشتی سیاسیو کۆمەڵایەتیانەوە هەڵگری کام پەیامی سیاسین وەکو ئەڵتەرناتیڤێک بەرامبەر بە جوڵانەوەی کوردایەتی. هەردوو بەرەی ئەم جەنگە دەستو قاچیان بە توندی گیرکردووە لە هەمەجیەتو تەنیا شێوازێک کە هەیانە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان تەنیاو تەنیابەڕبەڕیەتە. ئەم دوو هێزە هەردوو لایان ئامادەن ڕاستیو حەقیقەت ڕۆژی سەدان جار بکەن بە پەنو بیکەنە کایەی دەستیان بۆ چەواشەکاری. ئەوان ئامادەن حەقیقەت بە هەر نرخێک بووە بکەن بەژێر خۆڵەوە. تەنانەت ئەگەر ئینسانیەتیشی تێدا ببێتە قەقنەس. ڕووداوەکەی زاخۆو گڕی پنتەکانی شارستانیەتو جەنگی ڕاگەیاندنیان بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەو قسەیە.
بەربەستو چارەسەر
چۆن، وە کام هێز ئەتوانێت بەر بگرێت بەم هەمەجیەتە!؟ من ڕام وایە ڕۆژگاری ئێمە بە جۆرێک گرفتاری هەمەجیەتی ئایینی ئیسلام بووەو لە شارستانیەت ئەسڵەمێتەوە جێگای تێڕامانی قووڵو هەڵوێستگیری جددیە. کۆمەڵگای ئێمە بە ئاستێک لەنێو زەلکاوی قەومپەرستیو کوردایەتیدا ڕۆچووەو ئینسافو دادپەروەری تیایدا بۆتە بەرد، کە چارەنووسێکی نادیارو ناشیرین چاوەڕێمان ئەکات! بۆ ئەوەی لە ناوەرۆکی بەڕبەڕیەتی ئەمڕۆ بگەین پێویستە لە مزگەوتەوە دەستپێبکەین. سەیرکەن؛ هەردوو بەرەی جەنگەکە شەڕ لەسەر مزگەوت ئەکەن! چەندین هەزار مزگەوت لە کوردستان هەیەو بێ یاساو ڕێسا هەڵچنینی هی تازەش بەردەوامە! لە مزگەوتەوە ئاشوبێکی گەورە ڕووی لە کوردستان کردووە. مزگەوت لە جیاتی شوێنی خواپەرستی، گۆڕاوە بۆ بنکەو بارەگای سیاسی، بۆتە ناوەندی فەتواو بانگەشەو بڕیاردانی سیاسی پڕمەترسی! کۆمەڵگای ئێمە پێویستە تەمو مژی بەر چاوی بڕەوێنێتەوەو بۆ بەرگری لە خۆی بێتەمەیدان. بەرگری لە کۆمەڵگاو شارستانیەت بکاتە پەرچەمی خۆیو بەرامبەر بە هەردوو بەرەی جەنگی ئێستا بەرەیەکی ئینسانیو ئازادیخوازانە پێکبهێنێ. بە دروشمی نا بۆ هەمەجیەت، نا بۆ جەنگی کۆنەپەرستان، بژی شارستانیەت، سنوور بۆ زیادەڕۆیی پارتیو ئیسلامیەکانیش دابنیت.
٩دیسەمبەر٢٠١١