بێستون به‌رواری: رووداوەکانی بادینان ناوی گەلی كوردی لەكەدار كرد.. بە گەلێكی دور لە مەدەنیەت و لە دیموكراسی نیشان دا

0

بێستون به‌رواری: رووداوەکانی بادینان ناوی گەلی كوردی لەكەدار كرد.. بە گەلێكی دور لە مەدەنیەت و لە دیموكراسی نیشان دا

نوچەنێت: ئێستا لەكوردستان دۆخێكی ئاڵۆز هاتۆتە پێش، ئایا ئەو دۆخە لەخزمەتی كورددایە؟ چی بكرێت بۆ رەواندنەوەی ئاڵۆزییەكان؟ ئەركی كام لایەنە كار بۆ رەواندنەوەی بكات؟ دەرئەنجامی كار كردن لەسەر تۆخكردنەوەی ئەو ئاڵۆزیانە چی دەبێت؟

بێستون به‌رواری: ھیچ گومانی تێدانیە كە ئەو روداوانەی لە زاخۆ رویدا و شاری دھوك و دەوروبەریشی گرتەوە، نەك تەنیا لە خزمەتی گەلی كورددا نین، بەڵكو زەرەرو زیانی زۆریشی ھەیە بو دەسەڵاتداری كورد و ھەروەھا بۆ ئەو لایەنانەی له‌م روداوانه‌دا بەشدارن و لەسەرەوەی ھەر ھەموویان پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو دەسەڵاتداری بەكردەوەی ئەو ناوچەیە. خەڵكێكی زۆر زیانی بەركەوت و سەروسامانی زۆركەسیش كەوتە مەترسیەوە، لەوەش گەورەتر ناوی گەلی كوردی لەكەدار كرد و بە گەلێكی دور لە مەدەنیەت و دور لە دیموكراسی نیشان دا، ئەوەشمان لەپێشچاوە كە ئەمە جاری یەكەم نیە لەم ناوچەیە ئەم ھێرشانە و بارەگا سوتاندن رودەدات.
پێش ھەموو شتێك بە پێویست دەزانم راستیێك ئاشكرا بكەم كە بە پێچەوانەی راگەیاندنی ھەندێ لایەن ئەم روداوانە كێشەیەكی ئایینی نەبووە وھیچ ئاینێكی تایبەت ئارمانجی ھێرشەكان نەبووە، بەداخەوە ھەندێ لایەن بە نیازی چەواشەكردنی راستیەكان دەیانەوێ بیخەنە ئەو قالبەوە و بەو شێوەیە  زیانی گەورەی بە ناووبانگی كورد دەگەیەنێت. چونكە بادینان لە كۆنەوە مەڵبەندی پێكەوەژیانی ئایینە جیاجیاكان بووە، لە بادینان جگەلە موسلمان و ئێزدی و مەسیحی جولەكەیشی لێبووە، و ھیچ گرفتیان لەبەینا نەبووە. لە شۆرش وراپەرینەكاندا كرستیان و ئێزدی و موسوڵمان بەیەكەوە چەكیان لە دژی داگیركەران ھەڵگرتووە.
بۆ ئەوەی چارەسەری ھەر گرفتێك و پێشھاتێك بكەی دەبێ بنچینەی گرفتەكە شی بكەیت و ھۆكارەكەی دەستنیشان بكەی. بەرای من  ئەم روداوانە دەرەنجامی قەیرانێكی گەورەیە لە كوردستان دا بە گشتی و لە ناوچەی بادینان بە تایبەتی. لەسەر ئاستی كوردستان سەردەست نەبوونی یاسا ولاوازی سیستەمی ئیداری بەھۆی دەسەڵاتداری حزبەكان گەندەڵكاری ھەموو بوارەكانی گرتووە و گەیشتووە ئاستێكی ترسناك كە چارەسەركردنی پێویستی بە دڵسۆزی وگیانفیدایی ھەیە، و بەداخەرە تا ئیستا دەستەڵاتدارانی كوردستان بەكردەوە نیشانیان نەداوە، لە لایەكی ترەوە ھەربەھۆی خەریكبوون بە بازرگانی و گەندەڵی زۆر لە گرفتەكانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا چارەسەرنەكراون و وا خەریكە ھێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەكشێنەوە و بەوھۆیەش رۆڵی كورد لە ناوچەكەدا لە پاشەكشەدایە. ئەمانە و شنە بای بەھاری ئازادی گەلان لە ناوچەكەمان شێوەیەك لە گومان و بێ متمانەیی لە نێوان خەڵك و دەستەڵاتی پەیدا كردووە. لەسەر ئاستی بادینان ساڵانێكی درێژە پارتی دیموكراتی كوردستان دەسەڵاتی بێ بەرھەڵستكارە لە ناوچەكەدا و جەماوەرەكەی وا راھاتووە كە ھێزەكانی تری سیاسی لەو ناوچەیەدا میوانن ونابێت ھیچ جورە ململانێ لەگەڵ خۆیان بكەن!! ئەوەی سەیرە لەگەڵ گۆڕانی ھەلومەرجە سیاسییەکان لە سەرانسەری كوردستان و ناوچەكە ھێشتا ئەم دەڤەرە گۆڕانی بەرچاوی لەو رووەوە بەخۆوە نەدیووە. ھەربۆیەش تا ئیستا چەندین حیزب ولایەن روبەرووی ھێرش و پەلامار و باره‌گا سوتاندن بوون. لە سایەی ئەم وەزعە سیاسیە دا بازرگانی نا مەشروع و دور لە داب و نەریتی كوردەواری لەلایەك ومونافەسەی نامەشروع لە نێوان لایەنە جۆراوجۆرەکان زەمینەیەكی بارھێناوە بۆ پەیدابوونی خەڵكانێكی ھەلپەرست و بەرژەوەندیدار که‌ ئامانجیان ته‌نیا کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌یه‌، بۆیه‌ نه‌ ئیلتیزامیان به‌ دسپلینی حزبیه‌ و نه‌ بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و نه‌ته‌وه‌ییه‌.
بۆیه‌ به‌رای من کوردستان پێویستی به‌ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌ گشتیه‌که‌یه‌ و ئه‌ویش پێش هه‌مو شتێک به‌ به‌دامه‌زراوه‌کردنی حکومه‌ته‌و سه‌ربه‌خۆیی داموده‌زگاکانی یاسایی و دانانی سنورێک بۆ ده‌ست تێوه‌ردانی حیزبه‌کان. دانان و پیاده‌کردنی به‌رنامه‌ی چاکسازی زۆر ئاسانه‌، ئه‌گه‌ر حکومه‌ت به‌هێزو بێلایه‌ن بێت له‌ جێبه‌جێکردنی فه‌رمانه‌کانی ده‌زگا یاساییه‌کان دا. من وا ده‌بینم به‌ گرتن و سزادانی چه‌ند که‌سێک گرفته‌کان چاره‌سه‌ر نابن،  ئه‌و که سانه‌ش هه‌ر قوربانین. کومه‌ڵگه‌ نه‌خوشه‌که‌ی ئێمه به‌رهه‌می قه‌یرانه‌ سیاسیه‌که‌یه‌ بویه‌ پیویستمان به‌ رفورمێکی گشتیه‌.
سوید 2011.12.09

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com