عەقلی کورد
هەرمان خالید
تایبەت بەنوچەنێت
کوردستان لە زۆر رووەوە گۆڕا، لە رووی ئاوەدانی و کەلوپەلەوە زۆر پیشکەوت، تەنانەت لە هەندێ رووەوە لە زۆر شوێن زیاتریش پێشکەوت. من هێندەی ترومبێلی نوێ و دوا مۆدێل دەبینم لە کوردستان، نیو هێندەم لە ئەڵمانیا و نەرویج و سوید نەبینی!.
مۆڵ کرانەوە، شەقامی تازە و فراوان دروست کران، قوتابخانە و زانکۆی نوێ کرانەوە، باڵەخانەی بەرز و لە سەر شێوازی وڵاتانی پێشکەوتوو بنیات نران، وەلێ عەقلی کورد نەگۆرا! بە داخەوە لە رووی کوردایەتی و کوردستانی بوونەوە زۆریش دوا کەوت!.
برادەران داوای گۆڕینی حکومەت و سیستەمی وڵاتیان کرد. من پێم باش بوو ئەو برادەرانە سەرەتا داوای گۆڕینی عەقل و بیرکردنەوەی تاک بکەن، چونکە ئەگەر چۆنیەتی بیرکردنەوەمان گۆڕا، بە شێوەیەکی خۆبەخۆ سیستەم و حکومڕانی وڵاتیش دەگۆڕێ بەرەو باشتر.
من بیرمە لە سەرەتاکانی راپەڕین، لە سەر رەنگی کراس خەڵک دەکەوتنە بەر توانج و جار جاریش لولەی کلاشینکۆف. ئەوکات دەمانگوت هەموو کۆتایی شۆڕش و سەرەتای بوون بە دەسەڵاتێک هەروا دەبێ. دەمانگوت ئەو نەوەیە فرچکی بە شەڕ و کلاشینکۆف گرتووە. وەلێ بە داخەوە ئەم کەلتورە بۆگەنە هەر نەبڕایەوە، دوای یەک دەیەش لە سەدەی بیست و یەک هەرنەبڕایەوە!.
باسی رابردوو دێ، باسی راپەڕین و رزگارکردنی کوردستان دێ، هەمووی پیاوەتی یەک حیزبە. تۆ لەو یادانە سەیری یەکە یەکە تەلەفزۆنی حیزبەکان بکە، بە هەزار و یەک بەڵگە بۆت دەسەلمێنن، ئەوە تەنیا حیزبەکەی ئەوان بوو کوردستانی رزگار کرد، شۆڕشی هەڵگیرساند و بەعسی لە کوردستان وەدەرنا، هیچ حیزبێک و هیچ کەسێک ئەوەی دی ناخوێنێتەوە، هەمووی دەڵین من من و ئێمە و ئێمە و بەس.
هەڵبژاردن دێتە پێش. لە هەموو هەڵبژاردنەکانی سەردەمی دەسەڵاتی کوردی، شەڕ و ئاژاوەیەک روویداوە، تۆ سەیری راگەیاندنی حیزبەکان بکە بەر لە هەڵبژاردنەکان، بۆنی خوێنیان لێ دێ، کۆنە کایان بە با دەکەن و هەرچی بۆگەنی ئەو مێژووە ناپەسەندە هەیە بڵاوی دەکەنەوە. ئەوان نایەن بۆ بوون بە زۆرینە خۆیان شیرین بکەن، هەوڵ دەدەن رکابەرەکانیان تاڵ بکەن.
ئیسلامی دژایەتی عەلمانی دەکا، عەلمانی هەروا. پارتی دژایەتی یەکێتی دەکا، یەکێتی دژایەتی گۆران دەکا، گۆڕان دژایەتی یەکگرتوو، بە پێی بارودۆخ حیزبەکان دژایەتی یەکتر دەکەن، لە هەموو دونیا ئاساییە دوو حیزب رکابەری بکەن لەسەر بوون بە زۆرینە، لێ لە کوردستان وەک دەبینین بە هەموو ریگەیەکی نایاسایی ئەو دژایەتیە دەردەخەن، بارەگا بەردباران دەکەن، بارەگا دەسوتێنن، خەڵک لە سەر بنەمای سیاسی لە کار دەردەکەن، خۆپیشاندان دەکەن و گەنجانی وڵاتەکەم بە کوشت دەدەن بۆ مەرامی سەرکردەکان.
بە داخەوە، ئەندامانی حیزب لە خودی حیزب حیزبی ترن، هێندەی خەریکی بەرگری کردنن لە سەرکردە و حیزبەکان، ناپەرژێنە سەر یان بیریان بۆ ئەوە ناچێ، خەریکە کوردستان لە بیر دەکەن.
کۆمەڵێ پیاو لە راگەیاندنەکان باسی مافی ژن دەکەن، هێندەی سوید و نەرویج ماف بە ژن دەدەن، کەچی هەمان ئەو مافانە نادەنە ژن و کچی خۆیان، کۆمەڵێ ژنیش هەموو مافێکی ژنان، لە دژایەتی کردنی باوک و براکەی دەبیننەوە، لە کابۆی تەسک و بە تەنیا چونە دەر دەبیننەوە، زۆرێک لەوانە هێندەی قورسایی ماکیاجی ناو جانتاکانیان، عەقلیان پێ نیە.
رۆژانە راگەیاندن، دەیان بەڵگە لە سەر گەندەڵی و دزی بەرپرسان بڵاودەکاتەوە، کەچی نەمانبینی یەک بەرپرس داوای لی بوردن بکا، نەمانبینی یەک بەرپرس دەست لە کاربکێشێتەوە، بەداخەوە هەندێکیان دوای ئەو بڵاوکردنەوانە بۆ شوێنی باڵاتریش بەرز دەکرێنەوە.
هەرمان خالید: عەقلی کورد
0
Share.