زاخۆ … كێشه به كێشه چاره‌سه‌ركردن!
كه‌ریم چۆلی
تایبەت بەنوچەنێت
رووداوه‌كانی ڕۆژی هه‌ینی رابردوو له شاری زاخۆ، خه‌ڵكانیكی زووری هێنایه قسه‌و له دید و بۆچونی جیاوازه‌وه شیرۆڤه‌ی بۆ كراوه، كه بێگوان هه‌ر یه‌كه‌مان له گۆشه نیگایه‌كه‌وه له رووداوه‌كان ده‌ڕوانیت و شیكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌كات، به‌ڵام ده‌كرێ ئه‌وش بڵێین سه‌رجه‌م ئه‌و ڕاو بۆچونانه‌ی باسی رووداوه‌كه‌ی زاخۆیان كردووه باسیان له كاریگه‌ری و مه‌ترسیه‌كانی ئه‌و رووداوه گه‌وره‌یه كردووه، چونكه رووداوێكی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه ناكرێ لایه‌نێك زه‌ره‌رمه‌ند و لایه‌نێكیش سه‌ركه‌وتووبێت، به‌ڵكو میلله‌ت و گشت لایه‌نه ساسیه‌كانیش زه‌ره‌رمه‌ندن چونكه ئه‌وه‌ی كه‌هێرشیكرایه سه‌ر و ئه‌تكرا كۆمه‌ڵگایی مه‌ده‌نی و ده‌سكه‌وته‌كان و ته‌واوی ئه‌و لاف و گزافانه‌شه كه ده‌مێكه سیاسیه‌كان خۆیان پێوه‌باده‌ده‌ن و حیزب و حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه..
كاتێك مرۆڤ سه‌یری ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه ده‌كات كه دیمه‌نی تۆڕه‌بوون و خۆپیشاندانه‌كانی خه‌ڵك پێشانده‌ده‌ن، له‌وانه‌یه یه‌كه‌م پرسیار كه لای زۆربه‌مان دروست ده‌بێت ئه‌وه‌بێت: ئه‌رێ چ هۆكارێك له پشت پاڵدان وحه‌ماسه‌تی ئه‌م خه‌ڵكه‌وه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و تۆڕه‌ییه‌وه ئه‌و شوێنه‌جیاوازانه بسوتنێن؟، باشه هۆكاره‌كان چین؟ ئه‌و خه‌ڵكه چاوه‌رێی رێوشوێنه یاسایییه‌كانیان نه‌كردووه و خۆیان چۆن ویستوویانه به‌و شێوه‌یه گوایه یاسایان جێبه‌جێ كردووه؟، ئه‌ی سه‌روه‌ری یاسا چییه و له كوێ یه؟ ئایا ده‌كرێ هه‌ر یه‌كه به پێی ویست و خواستی خۆمان ره‌فتار بكه‌ین؟ ئه‌ی كاری ده‌سه‌ڵاتی قه‌زائی چییه و هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش بۆچین؟.
خۆ هه‌ر له شوێنی مه‌ساجه‌كه و تا ده‌گات به هۆتێل و باڕ و مه‌یفرۆشه‌كان و باره‌گاكانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان كه هه‌موویان له رووداوه‌كانی زاخۆ دا سوتێنران. یاسا رێگایی پێداون هه‌ر یه‌كه و كاری خۆی بكات!، كه‌واته دیسان پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌ی بۆ ئه‌و هه‌موو پێشێلكارییه به‌رانبه‌ر به یاساییه‌ك كرا كه سنووری ماف و ئازادییه‌كانی ئێمه‌ی دیاریكردووه؟. ئه‌گه‌ر هه‌بێت و سه‌روه‌ر بێت!.
من له‌و بڕاوایه‌دام ناكرێ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ باگراوه‌ندی رووداوه‌كه له خودی رووداوه‌كه بگه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت له‌و هوكارانه بگه‌ین كه پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره ناڕه‌وا وپێشێلكاریه‌ن، چونكه ناكرێ هه‌ر ته‌نها به وتاری كۆلكه مه‌لایه‌ك یان به بریارێكی سه‌رپێیانه‌ی هه‌ندێك لێپرسراوی حیزبێك له ناو چه‌یه‌كی دیاریكراو ئه‌و خورۆشانه جه‌ماوه‌رییه دروست بكرێ و دوو شوێنی جیاواز بسوتێنرێن.
گریمان مه‌لایه‌كه توانی خه‌ڵكی نویژخوێنی ئه‌و مزگه‌وته‌ی وتاره‌كه‌ی لێداوه هان بدات و به‌ره‌و سوتاندنی شوێنی مه‌ساجه‌كه ئاراسته‌یان بكات، خۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له شوێنی رووداوه‌كه‌وه ده‌بینرێن زوور له‌وه زیاترن كه جێگایان له چه‌ند مزگه‌وتێكی شاری زاخۆش ببێته‌وه؟، له به‌رانبه‌ردا ژماره‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه‌منه‌بوون كه له به‌رده‌م باره‌گای یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌بینران و هۆتافیان ده‌كێشا و باره‌گاكه‌یان ده‌سوتاند؟. ئه‌مه‌ش له كاتێكدا بووه كه سه‌دان ساڵه خه‌ڵكی شاری زاخۆ كه له كریستیانی ئه‌رمه‌نی و كلدوئاشوری و موسڵمان و ئێزدی پێكهاتوون پێكه‌وه ده‌ژین و كه‌مترین كێشه‌یان پێكه‌وه هه‌بووه و ئه‌گه‌ر پێشتر كێشه‌یه‌كیش هه‌بووبێت، حاڵه‌تی تاكه كەسی بووه، نه‌ك به‌و شێوه‌یه گشت گیر بووبێت.
بۆیه باگراوه‌ندی روودانی ئه‌م كێشه‌یه ڕه‌گ و ریشه‌یه‌كی قوڵتری هه‌یه و سه‌ره‌ڕای كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی وه‌كو گه‌نده‌ڵی و بێدادی وپه‌یمانی جێبه‌جێ نه‌كراو و ململانێیه ناوخۆییه‌كان و… وتاری توند و تیژ و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كتری كه تا ئه‌مرۆش به‌شێكه له لۆژیكی زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان به‌بێ جیاوازی، له نێوان لایه‌نه ئیسلامی و عه‌لمانیه‌كاندا، گه‌وره‌ترین ڕۆڵی هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی فكری و فه‌رهه‌نگی و سیاسی ته‌نانه‌ت له ناو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردیشدا دروست ببێت و له سه‌ر ئاستی تاكیش یه‌كتری قبوڵ نه‌كرێت و رووداوگه‌لێكی وه‌كو ئه‌وه‌ی زاخۆی لێ بكه‌وێته‌وه، له‌م حاڵه‌ته‌شدا په‌نا بۆ خراپترین چاره‌سه‌ر ده‌برێ و كێشه به خوڵقاندنی كێشه‌یه‌كی تر چاره‌سه‌ر دەكرێ، ئه‌مه‌ش وه‌كو ئه‌وه وایه كه له كاتی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌دا تیمه‌كانی ئاگر كوژێنه‌وه هه‌وڵ بده‌ن به به‌نزین ئاگره‌كه بكوژێننه‌وه!.
له‌راستیدا ده‌مێكه حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی خۆیان له‌سه‌ر ناشیرین كردنی به‌رانبه‌ر په‌روه‌رده ده‌كه‌ن, ده‌مێكه له‌م وڵاته‌دا به‌خشینی مه‌دالیای نیشتمانپه‌روه‌ری و خیانه‌تكاری، كافری و ئیمانداری كارێكی ئه‌وه‌نده ئاسانه كه له خواردنی قاپێك نۆكاوی سه‌ر عاره‌بانه‌یه‌ك ئاسانتره! تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن بۆ یه‌كتری مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه و له هه‌ردوو حاڵه‌تی و شه‌ڕ و ئاشتیشدا ئه‌م تۆمه‌ت به‌خشینه هه‌ر هه‌بووه، ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می شه‌ڕ و توڕه‌ییدا تۆمه‌تباركردن تا ئاستێك ئاسایی بۆ بێت، ئه‌وه له كاتی ئاشتیشدا هه‌ر هه‌بووه، ئێستاش دروشمه‌كانی سه‌رده‌می یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 1992 له‌بیرم ماون و له گوێچكه‌مدا ده‌زرینگێنه‌وه، چونكه به شێوه‌یه‌ك بوون كه ئێستاش بۆنی ڕه‌تكردنه‌وه و یه‌كترقبوڵنه كردنیان لێدێت، چونكه هه‌میشه حیزبه‌كان له ململانێ و حاڵه‌تی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كتریدا بوون و هه‌میشه په‌روه‌رده‌كه له سه‌ر ئه‌وه بووه كه ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌ندامی حیزب ئه‌وه‌یه به چاك و خراپی حیزبه‌كه‌ی بڵێت ئامین و به چاوی دوژمن سه‌یری هه‌ر كه‌سێك بكات كه ئه‌ندامی حیزبه‌كه‌ی ئه‌و نییه یان وه‌كو ئه‌و بیر ناكاته‌وه.
ئێستاش له دوای (20) ساڵ حوكمی خۆماڵی و نیمچه ده‌وڵه‌تی ئه‌م حاڵه‌تی په‌روه‌رده‌كردنه به‌رده‌وامه و گشت هه‌وڵه‌كانی واعیزانی ده‌رباركوشتنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و قبوڵنه‌كردنی جیوازییه‌كانی یه‌كترییه، باشه ئه‌وه چ دیموكراسی و سه‌روه‌رییه‌كی یاسایه كه به بۆنه و بێ بۆنه سیاسیه‌كان گوێکانمانی پێ كه‌ڕ ده‌كه‌ن، كه‌چی له‌و لاشه‌وه كۆلكه مه‌لایه‌ك فتوای گڕتێبه‌ردانی موڵك‌و ماڵی خه‌ڵك ده‌ر ده‌كات و له‌م لایشه‌وه كۆلكه نه‌خوینده‌وارێك خه‌ڵكێك هانده‌دات بۆ سوتاندنی بنكه و باره‌گاكانی حیزبێكی خاوه‌ن مۆڵه‌تی یاسای و ئه‌ندام په‌رله‌مان..
ئه‌وه‌ی له زاخۆ روویدا زه‌نگێكی مه‌ترسیداره و پێویستی به چاره‌سه‌ری هه‌نووكه‌ی و به‌په‌له‌یه ئه‌ویش له رێگای دادگا و یاساوه، ئه‌گه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ گه‌راندنه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زائی و جێبه‌جێكردنی یاسا، با ئه‌مجاره ئه‌گه‌ر بۆ یه‌كجاریش بێت به‌راستی یاسا سه‌روه‌ربێت و ده‌رفه‌تی ئه‌وه به دادوه‌ره به‌رێزكان بدرێت تۆمه‌تباران به پێی تاوانه‌كانیان ڕاپێچی دادگا بكه‌ن، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م كێشه‌یه له ریگای دادگا و یاساوه چاره‌سه‌ر نه‌كرێ، ئه‌وه ده‌بێت چاوه‌رێ بین رووداوه‌كان چه‌ندباره ببنه‌وه، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر حیزب مه‌دالیای تاوانباری و بێگوناهی ببه‌خشێته‌وه.
به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی له دوای رووداوه‌كه‌وه ده‌بینرێ ئه‌وه پێشان ده‌دات كێشه‌كه زیاتر به‌ره‌و ئاڵۆزی ببرێت له جیاتی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر، به تایبه‌تی كه له هه‌ندێك ده‌زگای ڕاگه‌یاندن زیاتر باس له سوتاندنی مه‌ساجخانه‌كه و شۆشه‌بیره‌كان ده‌كرێ و لایه‌نی به‌رانبه‌ریش ته‌نها باره‌گا سوتاوه‌كان پێشانده‌دات، ئه‌مه‌ش دیاره به قه‌د ئه‌وه‌ی بۆ هاندان و ئاماده‌كردنی دۆست و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیانه بۆ هه‌ر توندوتیژییكی تازه، ئه‌وه‌نده به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه نییه..