شاخەوان ئیبراهیم: بۆ کۆتایی ئاڵۆزییەکان دەبێت راگەیاندن رۆڵی هێوركردنەوە بگێڕن موناقەشەی هێمنانە بخزێننە ناو جەماوەر

0

بۆ کۆتایی ئاڵۆزییەکانی بادینان دەبێت دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵی هێوركردنەوە بگێڕن موناقەشەی هێمنانە بخزێننە ناو جەماوەر
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
تایبەت بە نوچەنێت
ئەو دۆخە ترسناكەی ئێستاكە هاتۆتەكایەوە، لەكاتێكدایە كەوا ئێمە خەریكی سازدانی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بووین لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەكەی كوردستان، بۆ ئەوەی كوردیش وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە لەچوارچێوەی گوتارێكی یەكگرتوودا داوای مافی خۆی بكات و بەدیوەكەی تریشەوە سوودمەندبین لەو گۆڕانكارییانەی ناوچەكەمانی گرتۆتەوە، بەداخەوە دۆخێكی ترسناكی لەم شێوەیە سەرەڕای زیانە مادی و مەعنەوییەكانی لەناوخۆدا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییەوە میسداقیەتی كوردی لاوازكرد، لەبارەی پێكەوەژیان و دیموكراسی و ئازادی تاكەوە.
چونكە پێمان خۆشبێت یان ناخۆش هێرشكرایە سەر دووكانی مەیفرۆشی و شوێنی گەشتیاری و سوتاندنی بارەگای حیزب، ئەمەش لەكاتێكدایە كە تەواوی زیان لێكەوتووانی ئەم رووداوانەی بادینان مەسیحی و ئێزیدین و وڵاتانی دەرەوەش بەجیدییەوە چاودێری ئەم رووداوە هەستیارە دەكەن، چونكە تاوەكو ئێستاكە كوردستان لە ناوچەیەكەدا بەوە ناسراوە پێكەوەژیانی ئایینی تێدا بەرقەرارەو سەرەڕای هەموو كەموكوڕیەكانیش مومارەسەی دیموكراسی و ئازادی قسەكردن و مافی ژیان و تایبەتمەندی كەسێتی تێدا رەچاو دەكرێت، كەچی دەركەوت  هێزێكی ترسناك ئامادەگی هەیەو بەبەرنامەوە كار بۆ تێكدانی ئەو رەوشە دەكات بەجوڵاندنی هەستی هاوڵاتیانی موسڵمان بەمەبەستی زیادكردنی نفوزی حیزبی بەتێكەڵكردنی ئایین و بەكارهێنانی كەسانێكی هەرزەكار كەوا هوشیاریەكی ئایینی ئەوتۆیان نییەو بەقسەی مەلایەك كە بەدڵنیاییەوە قسەكانی هێندەی ئاماژەی سیاسین، ئەوەندە لەبەرژەوەندی ئایینەوە نەكراوە هێرشكرایە سەر برا مەسیحی و ئێزیدییەكان و سەڕەڕای زیانی مادی هەستی ئایینی و كەسێتیشیان تێكشكێنرا لە كۆمەڵگەیەكدا كە چەندان ساڵە بانگەشەی دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئایینەكانی تێدا بەگوێی خەڵكیدادەدرێت.
ئەگەرچی لەئێستاكەدا پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە ئیسلامی سیاسی و بەتایبەتی یەكگرتوو دەستی هەبووە لە نانەوەی پشێوییەكانی بادینان بەهاندانی خەڵكی سادە دژ بە شوێنە گەشتیارییەكان و مەساج و دووكانەكانی مەیفرۆشی كە ئەم جۆرە شوێنانە لەلایەن یاساوە ڕێگەپێدراون، كەواتە یاسایین و هەر هێرش و پەلاماردانێكیش بۆ سەریان یاساشكێنییەو پێویستی بەلێپێچینەوەی جیدی هەیە، هەروەها یەكگرتووش پارتی تۆمەتباركردووە بە سوتاندنی بارەگەكانی، رەنگە یەكگرتوو لە هاتنەئارای پشێویەكی لەم جۆرە سوودمەند بووبێت، بەڵام پارتی لە رەوشێكی قەیراناویدا لەناو عومقی پێگەی جەماوەری خۆیدا لەزیان بەولاوە هیچی بۆ پارتی تێدانییە، ئەوەنەبێت كە بەشەقامی نێوخۆیی و دەرەوە بڵێ‌ كە ئیسلامی سیاسی مەترسین بەسەر هەرێمی كوردستانداو بەم هۆیەشەوە جۆرێك پشتگیری مەعنەوی وڵاتانی خۆرئاوا بەدەست بهێنێت.
پێویستترین هەنگاو بۆ رەواندنەوەی ئەو ئاڵۆزیە ڕاگرتنی شەڕی ساردی میدیاكانە بەتایبەتی میدیای یەكگرتووی ئیسلامی و پارتی دیموكراتی كوردستان و دواتریش دەزگە راگەیاندنەكانی دیكە بە ئەهلی و حیزبییەوە دەبێ‌ رۆڵی هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكان بگێڕن و جۆرێك موناقەشەی هێمنانە بخزێننە ناو جەماوەر، ئەوەی لەسەر پەرلەمان و حكومەت و بەتایبەتی سەرۆكایەتی هەرێم پێویستە ئەوەیە كەوا بەجیدییەوە ئیش بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران بكرێت و قەرەبووی مادی و مەعنەوی تەواوی ئەو لایەن و كەسانە بكرێتەوە كە لەم رووداوەدا بوونەتە قوربانی ململانێی سیاسی، بەتایبەتی هاوڵاتیانی مەسیحی و ئێزیدی كە زیانمەندی یەكەم ئەوان بوونە چ لەرووی مادییەوە كە دووكان و شوێنە گەشتیارییەكانیان كەوتونەتە بەر پەلاماردان و چ لەرووی ئایینییەوە كە بەجۆرێك لە جۆرەكان ئەو بارودۆخە بەسوكایەتی دەزانن بۆ سەر ئایینەكانیان.
بەپێچەوانەوە كاركردن لەسەر تۆخكردنەوەی ئەم مەسەلە هەستیارە رووبەرووی كۆمەڵێك ئاریشەی جۆراوجۆرمان دەكاتەوە كە هەر یەك لە ئێمە پروشكی ئەو ئاریشانەی بەردەكەوێت، لەسەرووی هەموویانەوە ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیانی كوردستان و لەبارچوونی ئەو بارودۆخە سەرەتایەی كە تارادەیەك بۆ كورد گرنگی خۆی هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی كە وڵاتێكی دیموكراسی و ئازادیخواز و ئاشتیخواز بێت لەسەر بنەمای پێكەوەژیان و دامەزراوەییەوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com